ڕێزان شەهیدی پەنا
ڕێزان شەهیدی پەنا
دیارترین تایبەتمەندییەکانی قۆناغی هەرزەکاری بریتیە لە ئارەزووی بەهێز بۆ سەربەخۆییو وەرگرتنی ئازادی کەسی، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کەپەیوەندییە خێزانییەکان کەم بکەنەوە بەڵکو لەم قۆناغەدا بەردەوام هەست بە پشتیوانی دەکەن لەلایەن خێزانەکانیانەوە لەڕووی ئابووریو دەروونیو کۆمەڵایەتیەوە، هەربۆیە خێزان ڕۆڵێکی سەرەکیو سەرەتایی دەبینێت لە ژیانی منداڵو دروستکردنی کەسایەتیدا لە قۆناغی هەرزەکاریدا، لێکوڵینەوە زانستییەکان باس لەوە دەکەن کە لە٨٠ ٠ª ی کێشەکانی هەرزەکار بە هۆی ئەوەوەیە کە باوک ودایکان دەیانەوێت منداڵەکانیان بە حەزی خۆیان بە داب و نەریت وبیروبۆچونی کۆمەڵگاکەیان،رەفتار بکەن. لێرەدا پێویستە پەروەردەکاران دیالۆگ لەگەڵ کەسوکاری هەرزەکاردا بکەن چونکە زۆرجار دایک وباوک لەحەزی ئارەزو وپێداویستیەکانی هەرزەکارەکەی خۆی تێ ناگات وچارەسەریشی بۆ نادۆزێتەوە. لێکوڵینەوەکان پێ لەسەر ئەوە دادەگرن کە هونەری گوێگرتن لەم قۆناغەدا بەشێکە لە کێشەکانی هەرزەکار و هەروەها گرینگە ڕایەڵەیەکی هاورێیانە و زمانێکی ناسک بەکاربهێندرێت لەگەڵ هەرزەکاردا.
ئەم قۆناغە بە پێی کارتێکەری کۆمەڵایەتی و ئارامی وجوگرافی وکەلتوری و رەگەزی دەگۆرێت، بۆ نمونە کچان زوتر دەچنە ئەم قۆناغەوە وەک لەکوران، هەروها ئەوتاکانەی لەناوچە گەرمەکاندان زوتردەچنە قۆناغی هەرزەکاری. لەکۆمەڵگا مەدەنیەکان دا شێوازی جۆراوجۆری هەیە بەپێی ئەوژینگەیەی کە هەرزەکار تێیدا دەژیت لەوانە:
هەرزەکاری سروشتی وخۆگونجێنەرو بێ کێشەوگرفت،هەرزەکاری کشاوە لە کۆمەڵگاو خێزان وهەڵبژاردنی کێشەکانی خۆی و گۆشەگیری و تەنیایی وتێرامان،
هەرزەکاری لادەر کە ئەمەش لە چەند رەفتارێکی لادەرانەدا خۆیان نیشان دەدەن وەکو بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرکان، دزی کردن، پوکانەوە وکاڵ بونەوەی، کەسایەتی دروست و ڕاستڕەو کاتێک دروست دەبێت کە متمانەو دڵسۆزیو خۆشەویستی لەتاکەکاندا بوونی هەبێت ئەمەش لە ئەنجامی جۆری ئەو پەیوەندییەوە دروست دەبێت کە منداڵ لەگەڵ دایکو باوکو خوشکو برا لەیەک ماڵدا دەژینو لە هەندێک کاتدا هاوڕێکانیشی دەگرێتەوە، دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ کەسوکارو کەسانی پێگەیشتوودا ڕەگەزێکی بنەڕەتیە لەگەشەکردنی هەرزەکاردا، هەربۆیە بوونی هەڵەیەک یان لادانێک لەڕێگەی دروست لە پەروەردەکردنو پەیوەندی خێزانی دەبێتە هۆی نەگەیشتنی هەرزەکار بەو پێگەو کەسایەتیەی ئارەزووی دەکات تاببێتە تاکێکی بەسوود بۆ کۆمەڵگەو خێزانەکەشی.
ئەوەی دەبێتە هۆی دروستکردنی کەسایەتی لاواز لە هەرزەکاردا لە داهاتوودا پێنەدانی ڕۆڵی لاوەکیە بە منداڵ لە هەندێک حاڵەتداو پشتگوێ خستنیەتی لەڕووی گرینگی پێدانو پشتیوانیو پەروەردەکردنییەوە چونکە ئەمە دواتر کاریگەری هەیە لەسەر ئەو کەسایەتیەی دروست دەبێت لەدوای پێگەیشتوویی ئەگەر ژن بێت یان پیاو، و ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر ئەو خێزانەی پێکی دەهێنێت و شێوازی پەروەردەکردنی ئەو منداڵانەی لە ئەنجامی هاوسەرگیرییەوە دروست دەبن.
هاوکاری وهاوسۆزی دایک و باوک و یەک هەڵوێستی وگونجاندنیان لە چوارچێوەی خێزانێکی بەختەوەردا ڕەنگدانەوەو کاردانەوەی دەبێت لەسەر منداڵەکانیان بەتایبەتی ئەوانەی لە قۆناغی هەرزەکاریدان چونکە هۆکارێکە بۆ پەروەردەیەکی دروست و متمانەی تەواو دەدات بە هەرزەکار بۆ بڕوا بە خۆبوونو کەسانی دەوروبەری و ئەو ژینگە کۆمەڵایەتیەی تیایدا دەژی، بە پێچەوانەوە هەر کاتێک خێزانێکی نائارام و پەیوەندی تاکەکان باش نەبێت بە تایبەتی دایک و باوک، کاردانەوەی نەرێنی دەبێت لەسەر منداڵەکان و بەتایبەتی کەسایەتی هەرزەکار لە داهاتوودا بۆیە پێویستە دایک و باوک و ئەندامانی خێزان زۆر بەووریای و ژیرانەوە هەڵسوکەوت بکەن لەگەڵ هەرزەکارداو وەڵامدانەوەی ئەرێنیان هەبێت لەبارەی ئەو گۆڕانکاریانەی لەو قۆناغەی تەمەنیاندا ڕوودەدات.
ئەوەی گرنگەو پێویستە هەمووان بزانن کەقۆناغی هەرزەکاری لە دایک بوونێکی تازەیەو پێویستی بە گرنگیدان و هاوکاری و هەماهەنگی هەیە تاوەکو هەرزەکارەکانمان بتوانن ئەو قۆناغەی تەمەنیان بەدروستی و ئارامی و دوور لە لادان تێپەر بکەن.
(بە هیوای ئەوەی کە بتوانین باشترین قۆناغ بۆ منداڵەکانمان دروست بکەین )