هه‌ینی 

2 سه‌رماوه‌ز2724
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

ڕوناکبیر و نوسەرانی بێ‌ هەڵوێست تاوانبارانی مێژوون

ڕوناکبیر و نوسەرانی بێ‌ هەڵوێست تاوانبارانی مێژوون
سیامەند

سیامەند


 ئەگەر بەراوردێکی کتێب و نووسراوە و سەرچاوە مێژووییەکانی ژمارەیێک لە نوسەرانی جیهان و خۆڕهەلاتی ناوەڕاست بکەین دەردەکەوێ‌ ئەو سەرچاوەو نوسراوانە بەشێکی زۆریان ناڕاستن و هیچ بنەمایێکی حەقیقان نیە. ئەو مێژوونووسە درۆزنانە بە ستایشی بێ‌ بنەمای دەسەڵاتداران و فرۆشتنی مێشک، بیرکردنەوە، نووسین و قەڵەمەکەیان، تەنیا لە پێناو بە دەست هێنانی سەروەت و سامان و بۆ پاراستنی جێگەو پێگەی خۆیان، هەوڵیانداوە دەسەڵاتە دیکتاتۆرو حکومەتە خوێنمژەکان بە دروستکارو خزمەتکار بناسێنن و دەستی خۆیناویان بە خوێنی خەڵک، بە دەستی ڕەحمەت و چاکەو پاک پێناسە بکەن و راستیەکانی مێژوو بشێوێنن. دەسەڵاتدارانی دیکتاتۆری وەک هیتلێر لە ئاڵمان، ستالین لە ڕوسیە، مائۆ لە چین، و زۆر دیکتاتۆری دیکە لە جیهان، لە لایەن ژمارەیەکی بە ناو رۆشنبیری لە بنەڕەتدا تاریک بیرو دزێوی دەرباری و دۆڕاوی نەفس نزم، هەوڵدراوە بە کەسایەتی دڵسۆزو خزمەتکاری میللەت پێناسە بکرێن و بەداخەوە توانیویانە ڕوی دزێویان لە لای بەشێک لە جەماوەرو لە سەردەمێکدا وەشارن، کە تا ئێستاش ئەو دیکتاتۆرە بێ‌ بەزییانە لە لای ژماریەک لە خەڵک بە کەسانی باش دەناسرێن و رێگەو باوەڕی چەوتیان لایەنگری هەیە.


 لە مێژووی کۆنی خۆرهەلاتی ناوەڕاستیشدا، سەرۆک و شاهەنشاو دەسەڵاتداری دیکتاتۆرو ستەمگەر زۆر هەبوون کە لە لایەن نووسەرو ڕۆشنبیری ئەو سەردەمانەدا،بە دروستکارو عەداڵەتخوازو چاکەکار ناوهێندراون. بۆ وێنە کاتێک خوسرەوی یەکەم  پادشای ساسانی کە نازناوی ( ئەنەوشیروانی عادڵ)  پێدرا، لە ساڵی 524 زایینی دەستوری قەتڵ و عام و کوشتاری (مەزدەک) سەرکردەو مرۆڤی باش و خزمەتکارو زیاتر لە هەزاران کەس لە (بەڵخ یەکانی) شوێن کەوتووی مەزدەکی دا، وە هەروەها دوو برای خۆی و دەیان کەس لە خزمان و بەرپرسانی نزیک لە خۆی، بۆ پاراستنی دەسەلات و تەختی شایەتی کوشت و گەورەترین جینایەتی کرد، هەروەها دەیان تاوانی دیکەی بەرانبەر بە خەڵکی ووڵاتەکەی ئەنجامدا، کە سەرەرای ئەو گشتەجینایەتە، بەڵام لە لایەن نوسەران و روناکبیرانی ئەو سەردەمەدا، جینایەت و تاوانەکانی پێچەوانە کرایەوەو نازناوی نەوشیروانی عادڵ یان بۆ داناو تا ئێستاش بەشێک لە خەڵک پێ‌ یان وایە نەوشیروان پادشایێکی عادڵ بووە. هەر لە مێژووی کۆنداو لە دەورانی حکومەتی ساسانیەکان دا باس لە ڕاستبێژی و هەوڵەکانی (یەزدگوردی) سێهەم پاشای ساسانیەکان دەکرێ‌ کە هەوڵیداوە دەوڵەمەندەکان و کەسانی خۆپەرەست و گەندەڵ لە دەسەڵات دور بخاتەوەو بەرابەری لە کۆمەڵگەدا دابین بکات و ستەم لە سەر جوتیاران و هەژاران هەڵگرێ‌ بەڵام لە لایەن ژمارەیێک لە نووسەران، بە پادشای بەدکارو خراپەکار ناو دەهێندرێ‌.


 دو جیاوازی نابەرابەر لە هەڵوێست و نووسینی ژمارەیێک لە نووسەران و ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمەدا، کەکرداری دزێوی نەوشیروانی دیکتاتۆر بە پەسەند وکرداری یەزدگوردی دڵسۆزی خەڵک بە ناپەسەند پێناسە دەکەن، دەری دەخا ئەو نوسەرانە تاوانکارو هاوبەشن لە جینایەت و ڕەواییدان بە زوڵم و بێدادی. لەسەردەمی نوێشدا، زۆر لە دەسەڵاتداران لە ووڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، دیکتاتۆرو ستەمگەرن کە بە ڕشتنی خوێنی خەڵک و لەسەر ئێسک وپروسکی هاوڵاتیان، کۆشکەکانیان دامەزراندوەو لە ڕێگەی خوێن ڕشتن و جینایەتەوە درێژەیان بە دەسەڵات داوە،. دیارە نمونەی ئەو دەسەڵاتدارە دیکتاتۆرانە زۆرن و کەم کەس هەیە زانیاری لە بارەیانەوە نەبێ‌. لە بیرەوەری ئەوانەی لەساڵانی دەی 1960 زایینی هاتونە دونیا، کەم تا زۆر لە سەر تاوان و جینایەتەکانی دوو ڕژیمی حەمەڕەزای پەهلەوی و ڕژیمی ئاخوندەکان لە ئێران ئاگادارن. بە تایبەت جینایەتە بێ سنوورەکانی  حکومەتی خومەینی بەرانبەر بە خەڵک و نەتەوەکانی ئێران بە ڕادەیێک بە رچاو بەرین بوون کە دەیان جار لە لایەن رێکخراوە جیهانیەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ و لە لایەن حکومەتە ئازادو دیموکراتەکان مەحکوم کراوە. ئیعدامی هەزاران تێکۆشەری سیاسی و سەرکوتی بەردەوامی خەڵک لە ماوەی 40 ساڵ حوکمڕانی  ئاخوندانی دەسەڵاتدار لە ئێران، بۆتە باسی هەموو ڕۆشنبیرو نووسەرانی خاوەن هەڵوێست لە سەرانسەری جیهان و نووسەران و ڕوناکبیرانی نەترس و دڵسۆز لە ناوخۆی ئێراندا، بەڵام سەرەرای ئاشکرابوونی جینایەتکاری و دڕەندەیی خومەینی و ڕژیمەکەی، ژمارەیەک بە ناو نووسەرو بە ناو ڕوناکبیر، بە بێ‌ سڵ کردنەوە کەوتونە تەعریف و پێداهەڵگوتن بە خومەینی جینایەتکارو دەسەڵات و حکومەتە دیکتاتۆرەکەی و کەرامەت و بەرپرسایەتی ئەخلاقی و ئەرکی پیرۆزی نووسین و ڕۆناکبیر، بە دراو پوڵ و بەرپرسایەتی فرۆشتوە.


 کردەوەی دزێوی ئەو بە ناو ڕۆناکبیرو قەڵەم بەدەستە ناپەسەندانە زیانی زۆری گەیاندوە بە خەڵک و لە بەرانبەردا دەسەلاتی ستەمگەر، زۆرترین کەڵکی لێ وەرگرتوە. بە جۆرێک کە لە زۆر کۆڕوکۆبونەوە نووسین و ئاخاوتنەکانی قەڵەم فرۆشان و تاریکبیرانی بە ناو ڕوناکبیر، وەک فاکت و بەڵگە لە سەر بێ‌ تاوانی دەسەڵات و حکومەتی تاوانبارو جینایەتکاری ئاخوندی لە ئێران دەهێندرێتەوە. بێگومان درۆی بە ناو نووسەران و ڕۆناکبیران لە سەردەمی کۆن و لە سەردەمی ئێستادا دەردو بەڵایێکی گەورەیە لە سەر کۆمەڵگە، ئەوانە بوونە هۆی ئەوە کە دیواری دەسەلات و بەرێوەربەریی بە خواری بنیاد بنرێ‌ و هاوکاری دەسەڵاتدارانی ستەمگەریان کردوە لە ڕاگرتنی ئەو دیوارە خوارەی دەسەڵات، کە بە خوێن و گیانی خەڵکی ڕەنج دیتوو قوربانیدانیان بوون بە بەردەبازی دەسەڵاتی نامەشروع و ناڕەوا. ئەو سەرەتایە بۆ ئەوە بوو کە  مەبەستە سەرەکیەکەم لە نووسینی ئەم بابەتەدا باس بکەم کە ئەویش دەوری ڕوناکبیران و نوسەرانە لە ڕێنوێنی جەماوەرو دامەزراندنی وولات و نیشتمانێکی سەقامگیر. نووسەران و ڕوناکبیران دەبێ هەوڵ بدەن بۆ ڕاست کردنەوەی دەسەڵات و ڕێبەرانی گەل و شۆڕش. زۆر جار باس لە سیستم و دەسەڵاتداری لە وولاتانی ئوروپایی دەکرێ‌ و بە نمونەی باش و جۆرو شێوەی ڕەوای دەسەڵاتداریی دەهێندرێنەوە، بێگومان ئەو شێوە دەسەڵاتداریە مەشروع و ڕەوایەی لە زۆربەی ووڵاتانی ئوروپا هەیە، هەر لە خۆڕا نەهاتۆتە ئاراوە، بێگومان ووڵاتانی ئوروپاییش لە پیش سەدەی 17 زایینی و لە سەردەمانی ڕابردو،خراپترین جۆری حکومەتیان هەبوە، هەر وەک لە سەرەتاشدا ئاماژەم  پێکرد. بەڵام لە ئوروپاو لە ووڵاتانی پێشکەوتودا، ڕۆشنبیران و ونووسەران کەوتنە خۆ و بوونە زمانی خەڵک لە حەقبێژی و دژ بە گەندەڵی و جینایەت وێستانەوەو کۆتاییان بە پێداهەڵگوتنی ناڕاست و بێ بنەما بە سەر دەسەڵات و حکومەتدا هێنا. بەڵێ‌ ئەوان بە ڕەچاو کردنی بنەما پیرۆزەکانی رۆشنبیریی، خاڵە لاوازەکانی دەسەڵاتیان دەست نیشان دەکردو لە قاویان دەداو هەروەها لە پێوەند بە کردەوەو خزمەتی دەسەڵات دڵخۆشی و پەسەندیان دەردەبڕی، کە ئاکامەکەی ئەوەیە کەلە ئێستادا سیستم و قانوونێک لە زۆربەی وولاتانی ئوروپایی پەسەند کراوە کە، دەسەڵاتدارو بەرپرس دەبێ لە گەڵ خەلک‌ ڕاستگۆبێ‌، وە ئەرک و بەرپرسایەتی تەنیا بۆ قازانجی خەڵک و بە مەبەستی خزمەت بە ووڵات بە کار بێنێ‌. کاتێک وەزیرێک و بەرپرسێکی وولاتی خاوەن سیستم و دەسەلاتی خزمەتگوزارو  ڕاست بێژ کردەوەیێکی هەڵەو پێچەوانەی قانون و بەرنامەی ووڵاتەکەی دەکات، هیچ پاساوێک بۆ کردەوە دژی قانونیەکەی ناهێنێتەوە. بۆ نمونە لە ماوەی ڕابردوو (ئینگر ئستۆی بێرگ)کە خانمەو  وەزیری کۆچ وپەنابەرانی پێشووی ووڵاتی دانمارکە بە هۆی پێشێلکردنی قانونی وولاتەکەی بە جیاکردنەوی ژن و مێردێکی ئەفغانی لە یەکتر، چۆتە بەردەم دادگاو ئیعترافی کردوەو ددانی پێداناوە بڕیارەکەی دژ بە قانونی ووڵات بووە، وێ‌ دەچێ‌ ئەو وەزیرە لە کەسە ڕاستەکان بێ، بەڵام سەرەڕای ڕوانگەو بیروبۆچوونیشی لەبەرانبەر پەنابەران، ددانی بە هەڵەکەی خۆیدا ناوە. نمونەی لەو شێوە لە سەر ئیعتراف و ددان پێدانانی بەرپرسانی ووڵاتانی پێشکەوتوو لە سەر کردەوەی هەڵەو گەندەڵیان زۆرن، ئەو نمونانە ئەوەمان پێ‌ دەڵێ‌ کە وولات لە سەر درۆ و گەندەڵی بەڕێوە ناچێ‌، پێمان دەڵێ‌ بەرپرس دەبێ‌ شەهامەتی ئەوەی هەبێ‌ هەرکات کردەوەیێکی هەڵە بەرانبەر بە ووڵات و جەماوەرەکەی کرد ئیعتراف بکاو هەروەها ڕۆشنبیران و نوسەران لە بەرانبەر گەندەڵی بوێستنەوەو دەسەڵات و سیستمی تاونبار لە قاو بدەن. کوردستانی ئێران و ڕۆشنبیرانی تەزیوی دزێوی بێ‌ بەراوردو تاریک بیرو تاوانبار! وەک ئاشکرایە گەلی کورد دەیان ساڵە لە پێناو بە دەستهێنانی مافە زەوت کراوەکانی خەبات دەکاو هەزاران ڕۆڵەی کورد لە پێناو گەیشتن بە مافی ڕەوا،گیانیان فیدای گەل و نیشتمان کردوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا کورد بە سەرەتایی ترین مافەکانی نەگەیشتوە.  قەتیس مانەوەی جولانەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان، بە هۆی نەبونی گیان فیدایی و قوربانیدان نیە، بە هۆی نەبوونی تێکۆشەرانی خۆنەیست و بە بڕشت و دڵسۆز و ....... هتد نیە. بەڵکو هۆیێکی سەرەکی سەرنەکەوتنی جوڵانەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان لە نەبونی نەقدی پێویست و ڕەخنە لە شۆڕش و ڕێبەرانی جوڵانەوەی گەلی کوردە.


 گەلی کورد سەرەڕای قوربانیدانی زۆر تا ئێستاش لە سەرەتای کاردایەو نەیتوانیوە هەنگاوی گەورە بۆ گەیشتن بە ئامانج هەڵگرێ‌.  یەکێک لە دەردە گەورەکان لە جوڵانەوەی مافخوزانەی کوردستانی ئێران ئەوەیە کە لە ڕیزی لایەنە سیاسیەکان و هەورەها لە ناو کۆمەڵگەدا کەسانی بە ناو ڕۆشنبیرو نوسەر، هەر لە خۆڕاو کوێر کوێرانە بوونە سەنا بێژی  دەسەڵاتی ناڕەواو  و ئەم یا ئەو لایەنی سیاسی و ئەم یا ئەو بەرپرسی لایەنە سیاسی. تەنانەت ئەگەر کەسانێک زمانی ڕەخنەیان بکرێتەوە ئەو بە ناو نوسەرو بە ناو ڕۆشنبیرانە، بە شێوەیێکی دوور لە بنەماو هەڵسوکەوتی ئەخلاقی هێرشی دەکەنە سەرو تۆمەتی جۆراوجۆی دەخەنە پاڵ. بێگومان تا تەعریف و پێداهەڵگوتنی بێ‌ بنەما بکرێتە کاری سەرەکی بە ناو ڕۆشنبیران و ڕێگری بکرێ‌ لە ووتنی ڕەخنەی شیاو لە هەر کەس و لە هەر ڕێبەرێکی شەهیدو کۆچ کردوو وە ڕەخنە لە هەر لایەنێکی سیاسی و فێری ئەوە نەبین کە گوێ‌ لە ڕەخنە بگرین و فێری ئەوە نەبین ڕێگە دروست و شیاوەکان بۆ داهاتوو دەست نیشان بکەین، کورد بە ئامانجەکانی ناگا. ئێمە دەبێ هەوڵ بدەین سەداقەت و ڕاستی بکەینە بنەماو هەروەها بە  ڕەخنەی سازندە لە ئێستاو ڕابردووی جوڵانەوەی کوردو ڕێبەرانی بە دیاردەیێکی پێویست بۆ جوڵانەوەی مافخوازنە بزانین. هیچ کەس و هیچ شۆڕشێکی مافخوازانە لە میللەت و لە نیشتمان گەورەتر نیە. جا ئەگەر نیشتمان و گەل و شۆڕشی مافخوازانە خۆشەویستن، کەوایە پێویستە گوێ‌ لە ڕەخنە بگرین و لە بەرانبەر ڕەخنەدا، ئەو شێوە ڕەفتارە لە خۆ نیشان نەدرێ‌ کە ستەمگەران و جەلادەکان دەیکەن.


هێزی تۆکمە لە بناغەیێکی بە هێزدایە، جوڵانەوەی مافخوزانەی کوردو ڕێبەرانی، ناشیرین نابن بە ڕەخنە لێگرتن بەڵکو بە تەعریف و پێداهەڵگوتنی بێ‌ بنەمای بە ناو ڕۆشنبیرانی تەزیوی لاپەسیو، ئامانجی پیرۆزیان بە لاڕێدا دەبرێ‌ و درەنگ دەگاتە ئامانج. پێشنهادم بۆ دۆستان و ئەندامان و هۆگرانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران ئەوەیە کە لە بەرانبەر هەر جۆرە ڕەخنەیێکدا بە گیانی بەرپرسانەو غەمخۆرانە هەڵوێست بگرن و خۆیان دوور بگرن لە زمانی زبر چونکە ڕەخنە قەبوڵ کردن بە هێزمان دەکات، زۆر بە هێزتر لە مانۆڕی گاڵتەجاڕانەو خۆ گیف کردنەوەی بێ‌ ڕیشە. خانو لە سەر زیخ و چەوی قەراغ ڕوبارو دەریا دروست بکرێ‌، دەکەوێتە بەرلافاو لە ئاکامدا ڕۆدەچێ‌ ودەڕوخێ‌، کەوایە بەکۆڵەکە بەردانی دیوارەکانی و هەر هەوڵێک، ناتواندرێ‌ خانوی بنیادنراو لە سەر لم و زیخی کەناری ڕوبارو دەریا لە ڕوخان ڕزگار بکرێ‌.


4 ساڵ و 5 مانگ و 22 ڕۆژ و 5 کاتژمێر و 21 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

ڕوناکبیر و نوسەرانی بێ‌ هەڵوێست تاوانبارانی مێژوون

ڕوناکبیر و نوسەرانی بێ‌ هەڵوێست تاوانبارانی مێژوون

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا       : 040331264   (0047)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران