عەلی بەهرامی
عەلی بەهرامی
کوردستانی رۆژهەڵات لە ئیدۆلۆژی، دین و مەزهەب، چین و تووێژی جیاجیا پێکهاتووە. ئەم پێکهاتانەش هەر لە کۆنەوە بەبێ کێشە و بەریەککەوتنێکی ئەوتۆ و بەشێوەی ئاشتیانە توانیویانە پێکەوە بژین. هەموو ئەم پێکهاتە فکریانە هاوکات خاوەن پرسێکی هاوبەش بوون، کە ئەویش پرسی خاک داگیرکراوی و ژێردەستەیی نەتەوەیی بووە.
لەپێناو چارەسەری پرسە نەتەوەییەکەیان لە باکوور بۆ باشووری کوردستانی ئێران خەبات و راپەرین دژ بە رژیمە داگیرکەرەکان هاتۆتەئاراوەو لەو خەباتەدا لە بەشێک یان چەند بەشی پێکهاتەی ئەو ناوچانە چەخماخەی راپەرین لێدراوە، خەڵک بۆ رزگاری نەتەوەکەیان خەباتیان کردوەو هەندێ قۆناغیش خەباتێکی سەرتاسەری لە کوردستاندا هاتۆتە ئاراوە کە پانتاییەکی زۆری کوردستانی ئێرانی لەخۆ گرتووە.
ئەوەی جێی تێڕامان و پرسیارە ئەوەیە کە بۆچی خەباتی نەتەوەیی لە کوردستاندا نەیتوانیوە یەکگرتوو بێ و تا ئێستا بە ئەنجامێک نەگەیشتووە؟ ئەوەی روونە ئامانجی رزگاری و وەدیهاتنی مافە نەتەوەییەکانی کورد لە کۆی شۆرش و راپەرینەکانی رابردووی نەتەوەی کورددا ئامانجی سەرەکی بووە، بەڵام گرفتێک و بەربەستێک ئەوە بوە کە هەر پێکهاتەیەک، لە راونگە فکری و دینی و مەزهەبیەکەی خۆیەوە سەیری بابەت و پرسە نەتەوەییەکەی کردوەو بۆی تێکۆشاوە. بۆ وێنە خاوەن باوەرێکی ئیسلامی لە روانگەی خۆیەوە سەیری پرسە نەتەوەییەکەی کردووە. یان کمونیستێکی کورد لە سۆنگەی فکرەکەی خۆیەوە هەنگاوی ناوە. ئەو جۆرە خوێندنەوانە هۆیەک بوون بۆ دابەش بوونی تواناو هێزی خەباتکارەکانی کوردستان و لەگەڵ ئەوەی هەموو ئەو پێکهاتە و رەوتانە باسیان لە پرسە نەتەوەییەکە کردووە، بەڵام بابەتە فکری و دینی و مەزهەبیەکان ئەگەر بۆ قۆناغێکیش بووبێ تووشی بەریەککەوتن و شەر و کێشە بوون و رێگەی لە دروستبوونی خەت و هێڵێکی پانی نەتەوەیی گرتووە و ئەوەش زۆرجار هەلەکانی لە کیس داوە.
بۆ سەلماندنی ئەو راستیە، خەباتی 40 ساڵی بزوتنەوەی کوردستان باشترین بەڵگە و فاکتە. خەباتێک لە نێو جەرگەی کۆمەڵگەوە هەڵدەقوڵێ بەڵام زاڵکردن و تێکەڵکردنی بابەتە فکری و ئیدۆلۆژیەکان لەبەر یەکی هەڵدەتەکێنێ و خەڵکی تامەزرۆی رزگاری و سەربەستی ی کوردستانیش تووش جۆرێک لە بێ متمانەیی و دوورەپەرێزی دەکا.
ئەوە هاوکات بوو لەگەڵ ئەوەی رژیمی دەسەڵاتداری تاران کە بە ناوی دین و مەزهەبی دواکەوتوو، جڵەوی دەسەڵاتی گرتبووە دەست و هەوڵی دەدا بە کەڵک وەرگرتن لە بابەتە دینی و مەزهەبیەکان بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی کوردستان بۆ لای خۆی راکێشێ یان لانیکەم لە راست بزوتنەوەی رزگاریخوازی و ئازادیخوازی کوردستان شوبهە و گومانیان لا دروست بکات.
لەلایەکی دیکەوە لەدوای روخانی رژیمی سەدام حوسێن لە عێراق و سەلماندنی مافە نەتەوەییەکانی کورد لە دەستووریی هەمیشە عێراق و ئیعتراف بە قەوارەی هەرێمی کوردستان هەستی نەتەوەیی لە کوردستانی ئێران لە هەر قۆناغێکی دیکە زیاتر پەرەی سەند و بابەتە فکری و ئیدۆلۆژیەکان خرانە پەراوێزەوە یان لانی کەم ئەو رەنگ و بۆنەی رابردووی نەمابوو. لەو سۆنگەوەو بە هەست کردن بە واقعیاتی کۆمەڵگە و ویستی بنەڕەتی نەتەوەی کورد و خوێندنەوە بۆ زەروورەتەکانی بزوتنەوەی کوردستان و رێگەکانی زووتر بە ئەنجام و ئاکام گەیشتنی خەباتی نەتەوەیی کورد، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لە کۆنگرەی سێهەمی خۆیدا، پێداچوونەوەی بەسەرکۆی خەت و بەرنامەکانی خۆیدا کرد و پێناسەی نەتەوەیی و نیشتمانی و وەک فکر و ئیدۆلۆژی لەسەر ئەساسی باوەرمەند بوون بە بنەماکانی ئازادی و دیموکراسی بریاری درێژەپێدانی خەبات و شۆرشی لە کوردستاندا پەسەند کرد.
بەڵام بۆچی وەک هێزێکی نەتەوەیی و نیشتمانی؟ سازمانی خەبات پێی وایە دەکرێ لەسەر خەت و رێبازی نەتەوەیی و نیشتمانی تێکڕای پێکهاتە فکری و دینی و مەزهەبی و غەیرەمەزهەبیەکان لە پێناو پرسە نەتەوەییەکە رێک بخرێن و گرینگی دان بە دین، مەزهەب، پێکهاتە و ناوچەیەکی تایبەت و کۆی پێکهاتە و ناوچەکان لە راستای پرسە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان لە یەک ریز و سەنگەردا سازماندەیی بکرێن. هاوکات هەموو دانیشتوانی ئەو نیشتمانەی ئێمە بۆ رزگاربوونی تێدەکۆشین، وەک یەک خاوەن ماف بن و لە قانوون و یاسا و رێساکاندا هیچ جیاکاریەک نەکرێ لە راست دانیشتوانی کوردستان.
بەپێچەوانەی هێز و لایەنەکانی دیکەی کوردستان کە هەوڵ بۆ گۆرینی کەلتووری کۆمەڵگەی کوردستان دەدەن، سازمانی خەبات پێی وایە ئەرکی ئێمە دروست کردنی فەرهەنگ و کەلتووری یەکتر قەبووڵ کردنە لە نێوان پێکهاتە و چین و تووێژە جیاجیاکاندا. هەموو پێکهاتەکانی کوردستان بە مەزهەبی و غەیرە مەزهەبی بەجێی دژایەتی یەکتر کردن و گرژی، بە بێ ئەوەی بێرێزی بەرامبەر بیر و بۆچوون و فکر و ئیدۆلۆژی یەکتر بکەن، پێکەوە بۆ سەقامگیری و دابین کردنی ژیانی ئاشتیانە تێبکۆشن.
ئەم هەنگاوە دەتوانێ لە چەند بارەوە خزمەت بە بزوتنەوەی شۆرشگێڕانەی کوردستان بکات. یەکەم ئەوەی کە ئەو ئەزمون و تەجروبە تاڵانەی رابردوو دووبارە نەکرێنەوە، بەجێی بەر یەککەوتن و کێشە ناوخۆییەکان، وزەو پوتانسیەلی هەموو چین و تووێژ و پێکهاتەکان یەک بخرێن لە راستای بەهێزکردن و بردنەپێشی پرسە نەتەوەی و نیشتمانیەکان. هەروەها بە پێچەوانەی رابردوو لە قازانج و مەسڵەحەتە نەتەوەیی و نیشتمانیەکانەوە سەیری بابەتە فکری و ئیدۆلۆژیەکان بکرێ.
ئەو ئیدۆلۆژیە نەتەوەیی و نیشتمانیەی سازمانی خەبات بۆ خۆی دیاری کردووە، هەموو سنووری شار و ناوچەیەکی بڕیوەو بە پانتایی و بەرینی خاکی کوردستانە، هەربۆیە ئەرکی ئێمە لە ئێستادا قورسترە لە هەر قۆناغێکی دیکەی خەبات کردنەکەمان، چوونکە بیری نەتەوەیی و نیشتمانی وەکوو ئانتی و دژێکە بۆ هەموو ئەو بیر و هزرە نامۆیانەی کۆمەڵگەی کوردستانی تووشی بزرکاندن و دابەشکاری و دوورخستنەوە لە ئەسڵی ئەرک و وەزیفەکانی خۆیان کرد.
لەسەر هەموو تاکێکی نەتەوەیی و نیشتمان خۆشەویست و ئازادیخوازە، لە سەرخستن و بە ئەنجام گەیاندنی فکری نەتەوەیی و نیشتمانیدا بەو جۆرەی ئیمکان و توانای هەیە و بۆی دەکرێ هاوکار و پشتیوانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بێ بۆ ئەوەی پرسە هابەشەکە کە پرسی نەتەوەییە لە ئێران زووتر بە ئەنجام بگات و لە پاراستن و بردنەپێشی دا هەموان هەست بە بەرپرسایەتی بکەن.