کەریم بابەکری
کەریم بابەکری
کوردستانی ئێران خاوەن پرسێکی سیاسی، نەتەوەیی و جوغرافیایە و خاکەکەی بەزۆر داگیرکراوە. دەسەڵاتە داگیرکەرەکان هەمیشە بە چاوی گومان سەیری کوردیان کردووە، هەر ئەوەش وای لێکردوون بە بەرنامە کوردستان تووشی قەیران و دیاردەی جۆراوجۆر بکەن. کوردستان لە کۆنەوە لەلایەن ئەو رژیمانەوە وەک ناوچەیەکی پەراوێزخراو هەڵسوکەوتی لەگەڵ کراوەو بە ئەنقەست هەژارنشین کراوە. ناوچەیەکی هەژارنشین، بەڵام دەوڵەمەند بە چەندین جۆر کانی کانزای ژێرزەوی، نەوت، ئاو، دەوڵەمەند بە بەرووبوومی کشتوکاڵی و حەیوانداری و خاوەن خەڵکێکی زەحمەتکێش و بە ئیرادەیە.
بەڵام بە هاتنی رژیمی ویلایەتی فەقیە، بەرنامەی پەراوێزخستنی کوردستان و پرۆسەی بەهەژار کردنی ناوچەکانی کوردستان لەلان ئەم ڕژیمەوە زۆر زیاتر بەرێوەچوو. ئەو بەرنامە و سیاسەتە دژمنکارانەی دەسەڵاتدارانی ئێران بە رادەیەک کاریگەری لە سەر کوردستان داناوە کە رۆژانە شاهێدی ئەو راستیەین قەیران و دیاردەی جیاجیا داوێنی خەڵکی هەژار و زۆر لێکراوی کوردستان دەگرێ.
یەکێک لەو دیاردانەی هەموو مرۆڤێکی خاوەن ویژدان دەهەژێنێ، دیاردەی کۆڵبەریە کە لە چەند ساڵی رابردوودا بە هۆی هەژاری تاقەت پروکێنەوە پەرەی سەندووەو خەڵکی شارەکانی کوردستان بەتایبەت شارە سنووریەکان بۆ بژێوی ژیان ناچار بە ئەنجامدانی ئەو کارە قورس و حەستەمەن.
کۆڵبەری کارێکی حەستەم و قورسە کە کەسی کۆڵبەر بارێکی قورس لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە بە رێگەگەلێکی هەوراز و چڕدا دەگوازێتەوە. بە هەموو پێوانەیەک ئەم کارە کاری مرۆڤ نیە و ئەوانەی ئەو کارە بە ناچاری دەکەن لە دوای چەند مانگێک یان چەند ساڵی کەم ئەگەر لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی رژیمی ئاخوندیەوە نەکوژرێن، یان ئەوەی لە بەرزاییەکانەوە نەکەونە خوارەوە یانیش ژێربەفرنەکەون و سەرمانەیانبا، ئەوە حەتمەن بە هۆی قورسایی بارەکەیانەوە نوقستان دەبن و توانای هیچ کارێکیان نامێنێ.
زۆر کەس لە پرسی کۆڵبەراندا تەنیا تراژیدیای کوشتن یان کەوتنە خوارەوەیان دەوروژێنێ بۆ رای گشتی، بەڵام کەم وابووە ئەسڵی بابەتەکە پەنجەی بۆ ببرێ کە ئەویش ئەوەیە کۆڵبەری کاری مرۆڤ نیە و مرۆڤەکان نابێ مەجبور بکرێن بە کارێکی وا حەستەم و تاقەت پڕوکێن و ئەوەیشی لە کوردستانی ئێران روودەدا جۆرێکی دیکەیە لە مرۆڤ کوژی، پاکتاوی نەتەوەیەک.
لە راستیدا پێویستە پێش ئەوەی باس لەسەر کوشتنی یان کەوتنە خوارەوە و سەقەت بوونی کۆڵبەران بکەین، پێویستە قسە لەسەر ئەوە بکەین کە بۆچی دەبێ کۆڵبەری بکرێ، پێویستە کاری کۆڵبەری مەحکوم بکرێ و لۆمەی رژیم بکرێ لەسەر سیاسەتە دژمنکارانەکانی لە راست خەڵکی کوردستان.
بەرپرسانی دز و فاسدی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیە، کوردستانیان بەرێژەیەک تووشی برسیەتی و هەژاری کردووە، کە لە 200 ساڵی رابردوو و لە قات و قڕیەکان و وشکە ساڵیەکانیشدا وێنەی نەبیندراوە. ئەو دەسەڵاتە دژە کوردە لە کاتێکدا کوردستانی تووشی قەیرانی هەژاری و دیاردەی کۆڵبەری کردووە کە سەرمایە و مافی خەڵکی کوردستان تەرخان دەکات بۆ پەرەپێدانی بیر و فکری دواکەوتووانەیان لە وەڵاتانی هەژاری ناوچەکە و ئافریقا، پەرەپێدانی هێزی سەرکوت و بەرنامەی چەکوچۆڵ و بۆ پشتیوانی لە تاقم و گروپە تیرۆریستیەکانی لە فەلستین، لوبنان، سوریە، عێراق، یەمەن و وەڵاتانی دیکە. ئاستی ژیانی خەڵکی باشووری لوبنان بە پووڵی رژیمی ئاخوندی سەدان جار لە خەڵکی کوردستان باشتر و لە بارترە.
ئەو دەسەڵاتە دژە کوردە تەنیا بە هەژار و برسی هێشتنەوەی کوردستانەوە نەوەستاوە بەڵکوو رۆژانە کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد دەداتە بەردەسترێژ، کە بەو کارەی ئەو راستیە دەسەلمێنێ ئەو دەسەڵاتە مافی ژیانیش بە تاکەکانی کورد بە رەوا نابینێ و بۆ کوشتنیان لە هەموو دەرفەت و بیانوویەک کەڵک وەردەگرێ.
کۆڵبەری و دەرد و دیاردەکانی دیکەی داوێنی خەڵکی کوردستانی گرتووە تەنیا کاتێک کۆتاییان پێدێ کە دەسەڵاتی ئاخوندانی فاسد و دژە کورد کۆتایی پێ هاتبێ و دەسەڵاتێکی گەل پەسەند و دادپەروەر لە ئێران و کوردستاندا بێتە ئاراوە.