کاروان کرماشانی
کاروان کرماشانی
دۆستێک گێڕایەوە لە گەڵ خەلیفەێک چووین بۆ سەیران و گەشت کردن و لە گەشتەکەدا خواردنەوە، واتە مەشروباتی ئەلکولیمان پێ بوو، ووتی خەلیفە سەری گەرم و مەست ببوو، هەر ئەوەندەم زانی شوێنکەوتوانی هاتنە لای و کەوتنە دەست و قاچ ماچ کردنی. دۆستەکەم ووتی، لەگەڵ ئەوەی لەگەڵ خەلیفە نێوانم زۆر خۆش بوو، بەڵام پێم ناخۆش بوو شۆینکەوتوانی ئەوەندە بیر تاریک و تێ نەگەیشتوو بوون، هەر بۆیە پیم ووتن خەلیفەکەتان مەشروب دەخواتەوەو ئەوەی لە بەردەمیدا دەیبینن عەرەق و مەشروبە، لە وەڵامدا ووتیان خەلیفەی ئێمە مەشروب ناخواتەوە، چەند جار لێم دووبارە کردنەوە کە خەلیفەکەتان مەشروب دەخواتەوە، کاتێک قەناعەتیان هێنا کە خەلیفەکەیان مەشروب دەخواتەوە ئەمجار ووتیان ئەگەر خەلیفەکەمان مەشروبیش بخواتەوە ئەوە بۆ ئەو( شەرابا گهورا)یە شەرابەن تەهورایە.
ئەو بەسەرهاتە بۆ سەرەتای ئەم بابەتەم بە پێویست زانی، بە تایبەت بۆ هەڵسەنگاندن و بەراوردکردنی نێوان شوێن کەوتوانی خەلیفەی مەشروب خۆرو،و ڕوناکبیران و لایەنگری ژمارەێک لە حیزبە سیاسیەکان، بە تایبەت ئەو ئەندام و ڕۆشنبیرانەی کە خۆیان بە پێشڕەو دەزانن و پێ یان وایە لە زانین و تێگەیشتندا نمونەیان کەمە.
ئەو جۆرە کەسانە حیزبەکەیان و ڕێبەرکانیان بە هەموو هەڵەو خراپەێکەوە بە دروست و ڕەوا دەبینن، هەڵەی ڕێبەرەکانیان نابینین و ئەگەریش بیزانن و تەنانەت بەڵگە لە سەر تاوان و هەڵەی ڕێبەرو حیزبەکەیان هەبێ پاساوی سەیروسەمەرەی بۆ دێننەوەو تەنانەت ناوی گەورەی هاوشێوەی ناوی پێغەمبەران لە ڕێبەرکەیان دەنێن.
بە داخەوە ئەو جۆرە بە ناو ڕوناکبیرە نادڵسۆزانە، لە بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی جەماوەرو قەتیس مانەوەی جوڵانەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستانی ئێران لە بازنەێکداو پێش نەکەوتنی دەوری خراپیان گێڕاوە. ئەوانیش هەڵەی لایەنەکەیان و بەرپرسەکانیان دەشارنەوەو هەر هەڵەێکی لایەن و بەرپرسەکەیان بە خواردنەوەی بە شەرابەن تەهورا دەبینن و چاویان لە حاست ڕاستیەکان دەقونجێنن، ئەو کەسانە تەنیاو تەنیا خوێندەوارن و هیچی دیکە، ئەو خوێندەواری و ڕۆشنبیرانەی کە کردەوەو هەڵوێستە نامەسئولانەکانیان دەیان جار زیانبارترە لە بیرو ڕوانگەی شوێنکەوتوانی خەلیفەکە، ئەویش بەو جیاوزیەی کە شوێنکەوتوانی خەلیفە، پێ یان وایە بە دواکەوتنی خەلیفەو تەعریف و پێداهەڵگوتنی، بەهەشت بۆ خۆیان بەدەست دێنن لە کاتێکدا ڕۆشنبیران و خوێندەوارەکانی لایەنگری ئەحزاب کەمترباوەڕیان بە بەهەشت و قیامەت هەیەو ئەو کارەیان تەنیا بۆ ئافەریم و پێداهەڵگوتنی بێ دەستکەوتە لە ئێستا و لە درێژماوەدا.
کەسانی بە ناو ڕۆشنبیرو بە ناو خوێندەوار،چاو لە هەرچی نالەباری، درۆ، گەندەڵی و تاوانە دەقونجێنن و بە شێوەێکی سەرسوڕهێنەر بە ڕاستی و چاکی و شیاویی بە خەڵکی دەناسێنن. دەڵێن تلوێزیونەکەمان، ڕادوێ ، راگەیاندن و ڕۆژنامەکەمان، ڕاست بێژەو هیچی درۆ ناڵێ، تەنانەت بۆ سەلماندنی ئەو ناڕاستیانە، بەڵگەی بێ بنەما بە لێدوانی دروستکراو لە دوژمنانیش دێننەوە.
ئاشکرایە گەلێک زۆرن دەردو ئازارەکانی گەل، کە بە داخەوە تا ئێستا دەرمانیان نیە، یا باشترە بڵەین لە بەر ڕۆشنبیرو کادری (ئەشهەدو بیلا بێژ) دەرمانەکانیش ناگەنە جێگە، تا بتوانێ دەردی کوردی دەردەدارو جوڵانەوەی مافخوزانەی چارەسەر بکا.
داوایە بیرێک بکەنەوە لە ڕابردوو لە ئێستا، بیرێک بکەنەوە لە گەلی چارەرەشی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات،بێگومان بە ووتنی ڕاستیەکان و دەست نیشان کردنی هەڵەکان،نە تەنیا خزمەت بە میللەت دەکەن بەڵکو خزمەت بە حیزب و لایەنەکان و ڕێبەرەکانیش دەکەن.
داوایە با تەنیا،بە چاو تماشای ڕوداوەکان نەکەین و بە ئیحساساتی ناڕاست مەبنە هۆی دوور کەوتنەوە لە کاروانی ڕزگاری، بەڵکو بە بیرو هزری سەردەمیانەو ڕاست فریا کەون با گەلی کورد لە کاروانی ڕاست و دروستی مافخوازی و ئازادیخوازی بە جێ نەمێنێ.