عهلی بههرامی
٣٠ ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی کۆچی خۆری، یادی ١٠ یەمین ساڵرۆژی کۆچی دوایی مامۆستا سەید جەلال حسەینی یەکێک لە رێبەران و پێشرەوانی کوردایەتی لە کوردستانی ئێران و دامەزرێنەری سازمانی خەباتی کوردستانی ئێرانە. مامۆستا سەید جەلال لە ساڵی ١٣٢٤ی کۆچی خۆری لە سەردەمی گشتگیربوونەوەی چالاکیە رێکخراوەییەکانی کۆمەڵەی ژێکاف، لە حەمامیانی بۆکان سوێندی ئەندامەتی دەخوات و بە فەرمی دەست دەکات بە چالاکی و خزمەت بە نەتەوەکەی. لە دوای وەلانانی کۆمەڵە و سەپاندنی حیزبی دیموکرات و دامەزرانی کۆماری کوردستان لە شاری مەهاباد، مامۆستا لەگەڵ ئەوەی نابێتە ئەندامی ئەو حیزبە، بەڵام وەک تاکێکی کوردی نیشتمانپەروەر و دڵخۆش بە دامەزرانی کۆمارێکی کوردی، بە دڵگەرمی و هەست بە بەرپرسایەتی دەست دەکا بەنووسین بۆ رۆژنامەی کوردستان. لەدوای کۆمار و لەسێدارەدانی پێشەوای کوردان، مامۆستا وەکوو کوردێکی نیشتمانپەروەر لە بەرەی گەلدا دەمێنێتەوەو بە شێعر و پەخشان و وتاری جۆراوجۆر هەستی خۆی بۆ نیشتمان و ئازادی و سەربەستی نیشتمانەکەی دەردەبڕێ. لەو ماوەدا و هەتا پێش راپەرینە جەماوەریەکان دژ بە رژیمی پاشایەتی، لە هەر شوێن و ناوچەیەکی کوردستان جوڵانەوەیەک هاتبێتە پێش مامۆستا بێ سێ و دوو پشتیوانی لێ کردووە و هەوڵی داوە ئەو جوڵانەوەیە سەربگرێ.
بە یەکەم چەخماخەکانی راپەرینی جەماوەری دژ بە دەسەڵاتی پەهلەوی لە ئێران، شاری بانەیش بە پێشەنگایەتی مامۆستا کڵپەی دەهات و بەرێزیان کەوتە رێکخستنی جەماوەری ئامادەو نارازی شار و لەو ماوەدا بەردەوام کۆڕ و کۆبوونەوە و میتینگی جەماوەری بەرێوەدەبرد و بەو شێوە کورەی شۆرشی نێڵ دەدا. رێبەرایەتی کردنی نارەزایەتی و راپەرینە جەماوەریەکانی شاری بانە لەلایەن مامۆستاوە، بووە هۆی پەرەگرتنی هەستی شۆرشگێڕی و نارەزایەتیەکان چوونە قۆناغێکی تایبەت و دامودەزگاکانی دەسەڵاتی شا بە هیچ شێویەک نەیانتوانی زاڵبن بە سەریدا و کونترۆڵی بکەن. ئەوە لە کاتێکدا بوو مامۆستا لەپااڵ راگرتنی نارەزایەتیەکانی بانە کەوتە پشتیوانی لە شارەکانی دیکەو ئەو حەماسەت و فیداکاریانەی بانەییەکانی دەگەیاندە ئەو شارانە و بە وتاری ئاگرین و حەماسی دژ بە رژیمی پاشایەتی، خەڵکی زیاتر هان دەدا بۆ هاتنە مەیدان و سەرخستنی ئەو راپەرینە و کۆتایی هاتنی زوڵم و زۆری ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆر و دژە کوردە لە ئێران. بە سەرکەوتنی راپەرینە جەماوەریەکان و روخانی دەسەڵاتی پاشایەتی، مامۆستا سەید جەلال پێی وابوو کە هەتا بە بەرنامە و پلانی رژیمی تازەی تاران نەزانرێ و بەتەواوی لێی حاڵی نەبن و مافەکانی کورد لە قانوون و یاسای نوێدا نەچەسپێ، ریزی خەڵکی ئامادە و راپەڕیو بەسەر ئەحزابی جیاجیادا دابەش نەکرێ و پارێزگاری لەو یەکریزی و یەکسەنگەریەی جەماوەری کوردستان بکرێ. لەسەر زیانباربوونی ئەو دابەشبوونە دەیفەرموو: پێش هاتنەوەی خومەینی لەبانەوە چووینە سنە بۆ ئەوەی هانی خەڵک بدەین بۆ کوردایەتی و راپەرینی زیاتر، بینیمان خەڵکی ئەو شارە بەسەر ئیسلامیەکان و چەپەکاندا دابەش ببوو وە هیچ کەس خەتی ئەوەی دیکەی نەدەخوێندەوە. ئەوە لەلایەک و لەلایەکی دیکە بەردەوام هەوڵی ئەوە بوو کە نوێنەرانی نەتەوەی کورد بۆ وتووێژ لەگەڵ رژیمی نوێ کە لە کۆبوونەوەی سەرەتای بەهاری ١٣٥٨ لە مەهاباد دیاری کرا و مامۆستا شێخ عزەدین بە سەرۆکایەتی ئەو هەیئەتە داندرابوو، هەر ئەو هەیئەتە دەمراست و بریاردەر بن و هەر کەس بۆ خۆی نەکەوێتە وتووێژ لە گەڵ رژیم و بەوە کەلێن لە نێو ریزی کورد بە قازانجی رژیم ساز نەکرێ. بۆ وێنە کاتێک هەیئەتی رژیم بەناوی "هەیئەتی حوسنینیەت" بۆ دیدار و بینینی مامۆستا چوونە شاری بانە بۆ ئەوەی لەسەر پرسی نەتەوەی کورد قسەی لەگەڵ بکەن، ئامادە نەبوو بیان بینێ و رایسپاردبوو کە لازم نیە ئەوان شارەو شار بگەرێن نوێنەرانی کورد لە شاری مەهابادن، با بچن لەگەڵ ئەوان قسە بکەن و ساخ بنەوە.
مامۆستای نەمر هەر زوو رژیمی ئاخوندانی ناسی و ساڵی ١٣٥٨ کەوتە ئامادەکردنی هێزی جەماوەر و پێشمەرگە بۆ دیفاع لە نیشتمان. هەر بۆیە سەردانی بەشێکی بەرچاو لە شارەکانی باشووری کوردستانی ئێران وەکوو سەقز، سنە، کامیاران، روانسەر، جوانرۆ، پاوە، نەوسود و مەریوانی کرد. لەو شارانەدا کە کۆبوونەوەو میتینگی جۆراوجۆری بەرێوەبرد بە خەڵکی وت رژیمی نوێ ئامادە نیە مافی کورد بدات و بیانوو دەگەڕێ بۆ پەلاماری کوردستان، هەر بۆیە پێویستە پشتیوانی لە هەیئەتی نوێنەرایەتی کورد بکەین و ئامادەبین و رێگە نەدەین بەری رەنجی خەبات و شۆرشەکەمان لەلایەن کۆمەڵێک ئاخوندی لووتبەرزەوە بەفیرۆ بچێ و خاکەکەمان جارێکی دیکە بکەوێتەوە ژێر پۆستاڵی داگیرکەرانەوە. لە رووداوەکانی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی دا، مامۆستا سەید جەلال بەو هێزی پێشمەرگەی لە ژێر ناوی دەفتەری مامۆستا شێخ عزەدین دا رێکیخستبوو، ئەوندەی بۆی کرا لەلایەک لە بەرمبەر هێزەکانی رژیم دا بەربەرەکانێی دەکرد و لەلایەکی دیکەوە هەوڵی چارەسەری کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی وەک کێشەی ئاغا و رەعیەتەکانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی دەدا کە لەلایەن ئەحزابی کورت بین و نامۆ بە کۆمەڵگەی کوردستان، ساز کرابوون. هاوکات هەر ئەو ساڵە لەگەڵ مامۆستا شێخ عزەدین و مامۆستا عەبدولرەحمانی زەبیحی و حامید بەگی جاف و چەندین کەسایەتی خۆش ناوی دیکەی کوردستان هەوڵی پێکهێنانەوە و سازکردنەوەی کۆمەڵەی ژێکافی دا، چونکە پێی وابوو تەنیا کۆمەڵەی ژێکافە دەتوانێ کۆکەرەوەی هێز و پوتانسیەلێکی نەتەوەیی ئەوتۆ بێ کە ریزی گەل یەکبخات و بەراستی هەوڵ بۆ پرسە نەتەوەییەکەی کورد بدات. لە دوای فەرمان و فتوای نارەوای خومەینی بۆ سەر کوردستان، مامۆستا سەرکردایەتی هێزی پێشمەرگەی دەفتەری کرد و لە چەندین شار و ناوچەی کوردستان لەبەرامبەر هێزی پاسدار و بەکرێگیراوی ئاخونداندا وێستانەوە و زەربەی گورچ و بڕی لێ وەشاندن. هاوکات لەگەڵ بڕیاری دیفاع و بەربەرەکانێ مامۆستا پێی وابوو دەبێ لەبەرامبەر هێرشدا خۆراگری بکرێ و بۆ جوابی چارەسەری ئاشتیانەش هیچ دەرکەیەک دانەخرێ. لەدوای ئەوەی هێزەکانی خومەینی لە تاوان و جینایەتدا هەموو سنوورێکیان تێ پەراند و بەشێکی زۆر لە ناوچەکانیان داگیرکردەوەو روباری خوێنیان وەڕیخست، خەڵخاڵی جەلاد و قازی شەرعی خومەینی نامەیەکی بۆ مامۆستا نووسی کە واز لە خەبات و بەربەرەکانێ بێنێ و هەرچەندی بیهەوێ ئیمتیازی دەدرێتێ، بەڵام مامۆستا لە وەڵامدا بۆی نووسی " تۆ کە تا ئەنیشکت لە خوێنی کوڕانی کوردەواریدایە، داوا لە من دەکەی چش لە خوێنی ئەوانە بکەم و بێمە لای تۆ ؟..." ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی لە دوای ئەوەی مامۆستا شێخ عزەدین حاشای لە بوونی هێزی پێشمەرگە کرد و ئامادە نەبوو بچێتە حیزب و تەشکیلاتێکی تایبەتەوە، مامۆستا سەید جەلال لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوڕێ و هاوباوەڕانی بیری لە تەشکیلاتێکی تایبەت کردەوە کە لەباری فکریەوە جیا بێ لە ئەحزابی چەپ و مارکسیستی کوردستان و کوردایەتی و خەباتی نەتەوەیی بکاتە ئەسڵ و بنەمای کار و چالاکیەکانی خۆی هەر بۆیە لە ٥ی خەرمانانی ساڵی ١٣٥٩ دا سازمانی خەباتیان پێکهێنا. مامۆستا سەید جەلال پێی وابوو خەباتی نەتەوەی کورد نە پێوەندی بە فکرەی کمونیستی و نە ئیسلامیەوە هەیە بەڵکوو پێویستە خەباتێکی نەتەوەیی بێ و هەموو دانیشتوانی کوردستان بە هەر دین و فکر و ئیدئۆلۆژیەکەوە بەشدار بن لەو خەباتەداو خزمەت بە نەتەوەو نیشتمانەکەیان بکەن.
مامۆستای کوردپەروەر و فیداکار لەدوای ئەو زوڵم و نادادپەروەریانەی رژیم لە راست خەڵکی کوردستان، تاوی دا خەبات و بەربەرەکانێی رژیم و دیفاع لە نیشتمان و هەتا دوا هەناسەی لە مەیدانی خەباتی نەتەوەکەیدا مایەوەو هیچ فشار و بەربەست و تەنگ و چەڵەمەیەکی ناوخۆیی و دەرەکی نەیتوانی هەنگاوەکانی بۆ رزگاری گەل و خاکەکەی پێ شل بکا، بەڵکوو لەگەڵ هەر ناخۆشی و ماڵ بەکۆڵی و سەختیەکدا زیاتر دڵخۆش و ئومێدەوار دەبوو بە ئامانجەکانی و رۆژ لە دوای رۆژ بە تەوەژمتر و گەرم و گورتر درێژەی بە خەبات و شۆرش دەدا. مامۆستا سەید جەلال کوردێکی دڵسۆز و فیداکار بوو وە خەباتی نەتەوایەتی بە لاوە ئەولەویەت و زەروور بوو، لە ماوەی ٦٤ ساڵ خەبات و شۆرشی خۆیدا ئەخلاق و راستگۆیی لەگەڵ نەتەوەی کوردی بە زەروورەت و پێویستی دەزانی و ئەو دووەی بە ئەساس و بنەمای کاری سیاسی خۆی دانابوو.