شەخسیەتە هەڵکەوتوو رێبەرە دیارەکان، هەر کامە و بە کار و چالاکیەکانیانەوە پێناسە دەکرێن. بە یەکیان دەگوترێ سیاسیەکی سەرکەوتوو، بە یەکیتر دیپلۆمات یان شۆرشگێر و پارتیزانێکی سەرکەوتوو. کە وایە هەر سەرکردە و کەسایەتێکی هەڵکەوتووی کۆمەڵگە بە یەک یان دوو کار و چالاکی و تێکۆشانی پێناسە دەکرێ.
بزوتنەوەی رزگاریخوازانە کوردستانیش خاوەن چەندین سەرکردەی و کەسایەتی هەڵکەوتە و کەم وێنەیە، کە هەر کامەو لە بارێک و چەند رەهەندێکی تایبەت چالاکانە کاری کردوە لە پێناو ناساندن، بردنەپێش و سەرخستنی دۆزەکەی هەوڵی داوە. ئەو سەرکردە و رێبەرەی دەمەوێ لێرەدا تیشک بخەمە سەر رەهەندەکانی ژیانی سیاسی و شۆڕشگێڕی، مامۆستا سەید جەلال حوسەینیە.رق و بێزاری لە داگیرکەر و حەز و خولیای رزگاری خاک و نەتەوەی کورد لە ژێر دەستی، لە پێناسە هەرە ناسراوەکانی ئەو رێبەر و پێشەنگەی خەبات و خۆراگریی خەڵکی کوردستانە. مامۆستای نەمر لە مەیدانی چالاکی سەربازی و سەرکردایەتی کردنی هێزی پێشمەرگە دا، دیفاعی لە گەل و نیشتمان کردوەو ولەبەرامبەر رژیمی داگیرکەری ئاخونداندا وێستاوەتەوە. هێزی پێشمەرگەی دەفتەری مامۆستا و دواییش سازمانی خەبات بە سەرکردایەتی و رێبەریی مامۆستا سەید جەلال، زۆر قارەمانانە و خۆنەویستانە بە دژی داگیرکەراندا چۆتەوەو خاکی کوردستانیان لێ کردونە دۆزەخ. بۆ وێنە شەڕی ١٠ ی خەزەڵوەر، شەڕی ئێرانشای سەقز، شەڕ و بەرخۆدانی ناوشاری سەقز، ناوچەی بۆکان، سەردەشت و بانە، کە هێزی پێشمەرگە داستانی کەم وێنەی قارەمانەتیان خولقاندووە. ئهم نموونانه دەتوانین لە کارنامە و کاروسەرکردایەتی مامۆستای نەمردا بخوێنینەوە.
مامۆستای نەمر بە چالاکی سیاسی و تەبلیغ و هاندانی جەماوەر کاریگەری بەرچاوی هەبوو لەسەر ئامادەکردنی زیاتری جەماوەر بۆ هاتنە مەیدان. لە دوای ئەوەی خومەینی، لە هەستی مەزهەبی خەڵکی ئێران بۆ قۆرغ کردنی دەسەڵات کەڵکی وەرگرت و کەوتە پیلە کردن بە خەڵکی مافخوازی کوردستان، مامۆستای نەمر دەستی کرد بە گەران بە شار و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و کەوتە روونکردنەوەی جەماوەر و هاندانیان بۆ یەکیەتی و هاتنە مەیدان و دیفاع لە نیشتمان.
لە دوای ئاوارەیی و تاراوگەنشینی بە دیپلۆماسیەت و پێوەندی لەگەڵ وەڵاتان و حیزب و پارت و کەسایەتیە سیاسیە ئوروپایی و ناوچەییەکان هەوڵی کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆ سازمانی خەبات و دۆزی رەوای نەتەوەکەمان لە کوردستانی ئێرانی دا. مامۆستای نەمر، نووسەرێکی خامە رەنگین بوو کە بەنووسین و شیکاری لەسەر زۆرداری داگیرکەران و مافە رەواکانی خەڵکی کوردستان و زەروورەتی خەبات و خۆراگری، هەوڵی ئەوەبوو کە هوشیاری سیاسی و نەتەوەیی لە نێو خەڵکدا بڵاو بکاتەوە و نەتەوەکەمان لە ماف و ئازادیەکانی خۆی و رێگەکانی گەیشتن بەو مافانە ئاشنا بکات. هەروەها بەنووسین و هۆنینەوهی شیعر، پەخشان و نوسینی ئەدەبی حەماسی هەوڵی نێڵدانی زیاتری کورەی خەبات و شۆرشی کوردستانی دەدا.
مامۆستای نەمر لە شێعرەکانی دا پێشمەرگەی وەک شۆرەسواری مەیدانی خەبات و تەنیا رزگاریدەری گەل هێما دەکرد. هەروەها بە پێدا هەڵدان لە سروشتی کوردستان و دەست نیشان کردنی زامەکانی خەڵکی رەنجەرۆی کوردەواری و داگیرکراویی وەڵاتی، لە چوارچێوەی شیعر و دەقی ئەدەبیدا دەهۆنیەوە و تاکی کوردی هاندەدا بۆ ئەوەی دژکردەوەی بەرامبەر داگیرکەران هەبێ و خۆ لە بەندی دیلی و ژێردەستەیی رزگار بکەن.
هەروەها مامۆستا سەید جەلال بە پێی ئەو شارەزاییەی لە دینی ئیسلامی هەبوو لە دەقە دینیەکان و بەتایبەت سەرچاوەکانی دینی ئیسلام وەکوو قورئان و حەدیس بۆ رەت کردنەوەی ژێردەستی و سەلماندنی ناڕەوایی دەسەڵاتی ئاخوندان بە نووسین بۆ مانگنامەی تێکۆشان و بەرنامەی تایبەتی لە رادیۆ دەنگی خەباتی کوردستان بەڵگەی لەسەر رەوایی زیاتری خەباتی نەتەوەی کورد و ناڕەوایی و نامەشروعەیەتی دەسەڵاتدارانی ئێران، دێنایەوە.
بەڵێ مامۆستاو پێشەوای خەباتی مافخوازانەی کورد لە هەر رێگە و ئەوەی لە توانایداو بۆی دەکرا، بۆ دژایەتی داگیرکەران و رزگاری کوردستان لە ژێردەستەیی و وەدیهاتنی مافە رەواکانی کورد لە کوردستانی ئێران تەرخان کرد کە بریتی بوون لە چالاکی سیاسی، پێشمەرگەیی، تەبلیغاتی، بڵاوکردنەوەی هوشیاری نەتەوەیی و سیاسی لە نێو کۆمەڵگەی کوردستان، لە باری ئەدەبی و ئایینی بەبێ ماندوبوون تێدەکۆشا.