رۆژی 29ی جۆزەردانی 1395 هەوڵی وەرشکستەبوونی کارخانەی قەندی وەرامین بەڵاو کرایەوە، ئەگەر لە سەر نەقسە چاو لێبکەین کەمێ دوورتر لە شوێنی ئەو کارخانەیە، شوێنێکی دیکە دەدۆزینەوە کە ناوی کەهریزەکە و بەندیخانەیەکی ناوداری رژێمە. بەڵام هەر ئەو کەهریزەکە لە سەردەمی ناسردین شادا شوێنی دامەزرانی یەکەم کارخانەی وەرهێنانی ناوخۆیی بوو بەناوی کارخانەی قەندی کەهریزەک.
کارخانەیەک کە بە بازارکردنی وەجبەی یەکەمی قەندەکەی و مەترسی خستنەسەر بازاری فرۆشتنی قەندی هاوردەکراوی روسی ( کە ئەو سەردەمە تەنیا قەندێک بوو لە بازارەکانی ئێراندا)، لەگەڵ رقی دەوڵەت و بازرگانە روسەکان بەرەوروو بوو وە لە ماوەیەکی کەمدا وەرشکست بوو و داخرا. روسەکان بە هاوردەکردنی قەندێکی زۆر و هەرزان، کارێکیان کرد کە قەندی کارخانەی کەهریزەک ئەوندە لە ئەنباردا بمێنیتەوە هەتا خاوەنەکەی ناچار بوو کارخانەکە دابخا. لە داخرانی کارخانەی کەهریزەک هەندێ لە ئاخوندان دەوریان هەبوو، بە دانی فتوای تەحریمی قەندی کەهریزەک خزمەتی گەورەیان بە روسەکان کرد. روسەکان هەر ئەو کارەیان لەگەڵ کارخانەکانی شەمچەی (شقارتە) تاران و تەورێزیشدا کرد.
ئەگەر چاوێک لە کتێبەکانی تایبەت لەو بارە بکەین، دەتوانین کارگەلێکی زۆری لە چەشنە ببینین کە بە زمانی ئابووری ئێستا پێی دەوترێ (دامپینگ). ئەوەی زۆر جێگەی داخ و کەسەرە ئەوەیە کە ئێستاش لە دوا دوو سەدە، دیسان ئاخوندەکان و دەوڵەتە دەرەکیکان بۆ وێران کردنی وەبەرهێنانی ناوخۆ وەها تێدەکۆشن کە هیچ رێگەی دەربازبوونێکیان بۆ وەبەرهێنانی نەتەوەیی نەهێشتۆتەوە. لەو نێوەندەدا، ئەوەی زۆرتر لە هەموو شتێک وەبەر چاو دەکەوێ دەوری خائینانەی ئاخوندەکانە کە هەر خۆیان لەم یاریەدا دەوری خەیانەتکارانەیان لە ناوخۆ وەئەستۆ گرتووە و هەم دەوری دەوڵەتە ئیستعمارگەرەکان.
سەبارەت بەم کارەساتە لە ماوەی رۆژەکانی 21 بۆ 24ی جۆزەردانی 1395 لە راگەیاندنەکاندا لیستی ناوی ژمارەیەک لەو کارخانانە بڵاوکرایەوە کە لە ئێراندا داخراون کە خوێندنەوەی ئەو راپۆرتانە قرچە لە جەرگی هەر هاووەڵاتیێکەوە دێنێ. راپۆرتێک کە نیشان دەدا لەناوبردنی وەبەرهێنانی ناوخۆ و داخرانی کارخانەکان، بەرنامەیەکی رێک و دارێژراوە کە بە سەریعی بۆ پێشەوە دەچێ. کارەساتێک کە ئەگەر لە سەردەمی ناسردین شادا گوناحەکەی لە سەر ئیستعمار و دواکەوتوویی نێوخۆ نووسی، بەڵام ئەوەی ئێستا روودەدا خەیانەتێکە کە تەنیاو تەنیا دەبێ لە سەر نیزامی ویلایەتی فەقیە و دەسەڵاتی ئاخوندان بنووسرێ.
لە کۆتایی دا بۆ ئەوەی دەسەڵاتێک کە هۆی لەناوبردنی وەبەرهێنانی ناوخۆیە باشتر بناسن دوو قسە لە دوو کەسی سەربەو دەسەڵاتە دەخەینەروو.
یەکەم قسەی پاسدار عەزیز جەعفەری سەرکردەی جینایەتکاری سوپایە کە باس لە دەوری ئەو سوپایە لە ئابووری وەڵاتدا دەکا.
دووهەم قسەی یەکێک لە سەرکردەکانی باندی ناسراو بە ریسالەتە کە نزیکە لە خامنەیی رێبەری رژێم.
پاسدار عزیزی جەعفەری فەرماندەی سوپا رۆژی 25ی سەرماوەزی 1393 لە ووتووێژیکدا لەگەڵ بڵاوکراوەیەکی حکومەتی بەناوی هەواڵدەری دانا، ئیشارە بە چەند خالێک لە چالاکیە ئابووریەکانی سوپا دەکا کە بیرهێنانەوەی ئەو قسانە لە ئێستادا مانای تایبەتی خۆی هەیە. چەند رستە لە قسەکانی بژاردە دەکەین کە بەم شێوەیە:
لەبەر ئەوەی 10 گروپی موهەندیسی و هەزاران دەزگاو ماشین لە ماوەی شەڕدا بە سوپا درابوو، نەدەکرا بۆ دروست کردنەوەی ژێربینای وەڵات لەو توانا گەورەیە کەڵک وەر نەگیرێ و لە ئەنبارەکاندا خۆڵی لێ بنیشێ. بۆیە لە مەیدانی جۆراوجۆری ئابووریدا دەستمان پێ کرد. هەندێ لە هاوردەکاران موخالیفی سوپا بوون. بەڵام ئێمە بەشی خسوسیمان بە کارهێناو یەک جێ چوار هەزار شیرکەتی خسوسیمان گرتەدەست.
ئێستا بەدوای جێ بەجێ کردنی بەرنامەگەلێک لە وەڵاتانی دیکەوەین.
قسەی دووهەم لەسەر ئەسەدوڵا عەسگەرئەولادیە کە یەکێکە لە سەرانی باندی بازاردزی ناسراو بە ریسالەت. کە هەواڵدەری حکومەتی ئافتاب 15ی رەشەممەی 1393 بەم جۆرەی لەسەر نووسی: ئەم پیاوە هیویندا سوارە بە حەوتەمین دەوڵەمەندی ئێران ناوی دەرکردوە. ئەسەدوڵا عەسگەرئەولادی ماوەیەک لەوە پێش لە دیمانەیەکدا رایگەیاندبوو کە 5 بۆ 6 کەس لەو دەوڵەمەندتریش هەیە! ناوبراو ساڵی 89 لە کۆبوونەوەی هەیئەتی نوێنەرانی ژووری بازرگانی تاران وتبووی: ئەگەر هەیئەت رەئیسە رێگەم پێ بدا ئەم وردە بازرگانە! یەکجێ چەکی کرینی نمایشگای نێودەوڵەتی تاران دەکێشم ...! ناوبراو پێشتر سواری بێنز دەبوو!.