پێنج ساڵ لەمەوبەر دڵە گەورەکەی مامۆستای رێبەر و رێنیشاندەری نەتەوەکەمان مامۆستا سەیید جەلال حسێنی لە لێدان کەوت و بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لێکردین. کۆچی دوایی ئەو رێبەرە بیرمەند و تێکۆشەرەی گەلەکەمان لە سەر جوڵانەوەی رزگاریخوازانەی نەتەوەکەمان شوێنەواری خەراپی بە جێهێشت و ...
خەڵکی شۆڕشگێری کوردستان!
ئەندامان و لایەنگرانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران!
پێنج ساڵ لەمەوبەر دڵە گەورەکەی مامۆستای رێبەر و رێنیشاندەری نەتەوەکەمان مامۆستا سەیید جەلال حسێنی لە لێدان کەوت و بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لێکردین. کۆچی دوایی ئەو رێبەرە بیرمەند و تێکۆشەرەی گەلەکەمان لە سەر جوڵانەوەی رزگاریخوازانەی نەتەوەکەمان شوێنەواری خەراپی بە جێهێشت و بێگومان زیانی نەبوونی کەسایەتی وەک جەنابی مامۆستا بۆ خەباتی حەقخوازانەی نەتەوەییمان زۆر زەحمەتە قەرەبوو بکرێتەوە.
مامۆستا سەیید جەلال حسێنی لەو رێبەرە دەگمەنانەی کوردستان بوو کە زۆر سادقانە و فیداکارانە تاوی دایە شۆڕش و خەبات لە دژی ستەم و چەوسانەوەی دەسەڵاتە چەوسێنەرەکانی زاڵ بەسەر کوردستان و لەو پێناوەدا خاوەنی پڕ سەروەری ترین کارنامە و زۆرترین نرخ و فیداکاریی و خۆنەویستیە.
مامۆستا سەیید جەلالی حسێنی لەهەرەتی لاویەتیەوە و بە خواردنی سوێندی دڵسۆزی بۆ کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد خەباتی سیاسی و نەتەوەیی خۆی دەست پێکرد و خەبات و تێکۆشانی لەبەرانبەر دوو نیزامی دیکتاتۆری پاشایەتی و ئاخوندی و بۆ گەیشتنی گەلەکەمان بە ملف و ویست رەواکانی بەرێوە برد. مامۆستا سەیید جەلالی حوسێنی لەسەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران دژی رژیمی شا گەورەترین دەوری گیرا لە هاندان و سازدانی تەزاهورات و خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان و سەرەتای ئەرکی رێبەرایەتی جەماوەری لەو ساڵانە دا پێ بەخشرا. لەپاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێرانیش بۆ دوو ساڵ لە دەفتەری مامۆستا شێخ عیزەدین درێژەی بە خەباتی نەپساوەی نەتەوەییانە دا و دواجاریش بە دامەزراندنی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران شکل و قەوارەیێکی تەشکیلاتی و رێکخراوەیی بە ئەرکە نەتەوەیی و نیشتمانیەکانی بەخشی و هەتا دواهەمین هەناسەی لە خزمەت بە دۆزی رەوای نەتەوەیی ووچانی نەدا.
مێژووی خەباتی زیاتر لە 6 دەیەی مامۆستا سەیید جەلالی حوسێنی پڕە لە لاپەرەی زێرین و پڕ سەروەری کە سەرانسەر تەژییە لە راستگۆیی و دانایی و لێوەشاوەیی و فیداکاریی ئەو زاتە گەورەیە. مامۆستا خاوەن کەسایەتیەکی مرۆڤانەی هاوتەریب لەگەڵ موراڵ و بایەخە ئەمرۆییەکانی جیهان بوو و نەک تەنیا کەسایەتی هاوچەشنی مامۆستا زەرور و گرینگی یەکجار گەورەی بۆ کۆمەڵگای کوردستان هەبوو بەڵکو جیهانی پڕ لە بشێویی و ئاڵۆزکاویی دەستی مرۆڤە حەق نەبیست و خوێنمژ و جاهیلەکان زیاتر گرینگی و گەورەریی کەسایەتی مامۆستا سەیید جەلالی حوسێنینمان بۆ دەردەخات. ئەمرۆ گروپ گەلی جۆراوجۆری بە رواڵەت هەڵگری پەیامی ئاسمان دەستیان داوەتە رووخاندنی پایەکانی ژیانی مرۆڤایەتی و لە هەمانکاتیشدا زۆرترین زیانیان لە پەیامی راستەقینەی ئاسمان داوە. مامۆستا سەیید جەلالی حوسێنی ئەو رێبەرە دیموکراسیخوازە بوو کە پێی وابوو ژیانی ئازاد مافی هەموو تاکێکی ئەو جیهانەیە و هیچ کەس و لایەنێک نابێ بەر بە ژیانی ئاشتیانە و پێکەوە لەمرۆڤەکان بەسەربەستی و ئازادی بگرێ و لە دوایین وتاریشی لە کۆنگرەی چوارەمی سازمانی خەبات ی کوردستان بە پێداگرییەکی زۆرە باس لەوە دەکات کە ((ئەم کوردستانە هی هەموومانە و هەمومانی لێ دەژین، دەبێ هەوڵ بۆ رزگاری کوردستان بدەین، لە دوایی دا ئینتخابات دەکرێ و نوێنەری هەموو بەشەکانیش لە پاڕڵماندا دەبێ، و هەموو کەس شەریکە لە حکومەت و لە پاڕڵمانیش دا، ئەوە رێیەتی و ئەوە داوای منە.)) مامۆستا رووناکبیر و رێبەرێکی دیموکراتخواز بوو کە باوەری بە پێکەوژیانی هەموو بیرو ئەندێشە و باوەر و عەقیدەکان هەبوو .
جەماوەریی خۆراگری کوردستان!
ئەندامان و پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات!
هەر چەند کۆچی دوایی رێبەر و دامەزرێنەری سازمانی خەبات زیانێکی گەورە بوو بۆ جوڵانەوەی کورد لە کوردستانی ئێران، بەڵام نابێ فەرامۆشی بکەین کە ژیان و خەباتی مامۆستای نەمر چۆڵەچرا و دەسمایەیێکی گرانباهایە بۆ هەموو خەڵکی کوردستان و پێویستە لە رێگەی ئەزموون وەرگرتن و کارپێکردن بە باوەر و ئەندێشەکانی مامۆستا فکری مامۆستا بە زیندوویی بهێلیننەوە و زۆرترین تاکی لەسەر گۆش بکرێ و لە رێگەی هێشتنەوەی ناو و یادی مامۆستا بە زیندوویی خزمەت بە دۆزی رەوای نەتەوەیی و بە گشتی مرۆڤایەتی بکەین. ئەمرۆ قوتابیانی قوتابخانەی مامۆستا سەیید جەلالی حسێنی لەسەر رێنوینی و بناغە فکرییەکانی مەکتەبی مامۆستا لە دژی دوو پێکهاتەی تا ئێسقان دژی مرۆڤایەتی واتە دەسەڵاتی جینایەتکاری ئاخوندی و خوێنمژانی ترۆریستی داعش لە جەنگ و رووبەرووبوونەوە دان و جەنگ لەگەڵ ئەو فکر و پێکهاتە دواکەوتووانە بە ئەرک و هاوتەریب لەگەڵ وانەکانی مەکتەبی مامۆستای هەمیشە زیندوو دەزانن.
لە پێنجەمین ساڵیادی کۆچی جەنابی مامۆستا سەیید جەلالی حوسێنی دامەزرێنەری سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران و رێبەری بیرمەندی نەتەوەکەمان سڵاو و درود دەنێرین بۆ روحی پاکی مامۆستا و بەڵین دووپات دەکەینەوە کە لە خزمەت بە نەتەوە و نیشتمان لە رێبازیی پاک و بێگەردی لا نەدەین و تا دواهەناسە لە دژی ستەمی چەوسێنەران و وەرگرتنی مافە رەواکانی نەتەوەکەمان هەدا نەدەین.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
کومیتەی ناوەندی
30ی پووشپەری 1394