کام لوتکە؟ کام پێش کەوتنى بێ رکابەر؟
رێبەرى دز و جینایەتکارانى نیزام کە باس لە پێش کەوتنى بێ رکابەرى جیهانى دەکات، چاوى خوى لە ئاست راستیە تاڵەکانى کۆمەڵگاى ئێران داخستووە. وەلى فەقیهى درۆزن و فریوکار بە پشت بەستن بە خەیاڵ پڵاوەکانى خۆى و بە مەبەستى گواستنەوەى ئەو نەزانیە بۆ کۆمەڵ، باس لە پێش کەوتن گەلێک لە نیزامى ئاخوندى ژێر دەسەڵاتى خویدا دەکات کە لایەنە کردەوەییەکانى کەس نایبینێ. هەموو ئەو پێش کەوتنانەى باسی لێوە دەکات تەنیا لە لە چوارچێوەى تەبلیغاتێکى میدیایی خوى دەدۆزیتەوە و هیچى تر. نابراو لە قسەکردن لە کۆر و کۆمەڵە نێوخوییەکاندا لایەنەکانى هەموو ئەو پێش کەوتنە زانستى و عەمەلیانە لە گشتى وێژێکى ناروون و لێل دا خوڵاسە دەکاتەوە. مەبەست کامە پێش کەوتنى زانستیە؟ شانازی و دەسکەوتى خامنەیی لە بوارى تەکنەلوژى و زانست و پیشەسازی لە کوێدایە؟ فرۆکە موسافیرهەڵگرەکانى روسیە یان فرۆکە و تانک و چەکەکانى ئەمریکایی؟ یان خود لە کەل و پەلە بی کەڵکەکانى چینى؟ لەکاتى دەسەڵاتدارى خامنەیی چ زانست و پێش ەوتنێک بە جیهان و خەڵکى بەدبەختى ئێران پێش کەش کراوە جگە لە سەنعەتى ترۆر و مردن و درۆ و فریوکارى؟ بە چ روویەک دەتوانێ لەبەرانبەر زوومى کامیراکانەوە باس لە شکانى پێوانەى زانستى و پێش کەوتن لە ئاستى جیهاندا بکات؟ ساڵى رابردوو تەلەویزیۆنەکانى کۆرەى باکوور باسیان لە بردنەوەى تیمى تۆپی پێى وەڵاتەکەیان لەبەرانبەر تیمى تۆپى پێى برێزیل کرد و خەڵکیان رژاندە سەر شەقامەکان تا خوشحاڵى خۆیان بەو درۆ شاخدارە دەرببڕن. بە گەوج و گەمژە زانینى خەڵکیش ئاستێکى هەیە. نیزامى وەلى فەقیهى ئێرانیش دیهەوێ رێگەى وەلى فەقیهى کورەى باکوور بگرێت بەر. سیمى ئینتەرنێتى ئێران کە هەموو رایلکەکانى نێوخۆیی، ئیدارى، زانستگاکان و ئەنفۆرماتیکى ئێران بە یەکەوە گرێدەدا لە ژێر ئاوەکانى کەنداوى فارس گوازراوەتەوە بۆ ئێران و ئەگەر ئەمریکا بۆ یەک رۆژ ئینتەرنێت ببرێ ئەوە کارى نیزام و خەڵک فەلەج دەبێ. پیشەسازی مونتاژى ماشین و بەرهەمهێنانى بەنزین لە پاڵاوگەکانى رژیم ببینن کە تا چ ئاستێک رێژەى مردن بە هۆى پیس بوونى کەش و هەوا و مردن بە هوى زۆر بوونى پێکدادانەکانى ماشینى بەرەوسەر بردووە.
مەگەر لە یەک شت دا ژمارەى پێوانەییان شکاندبێ و ئەویش پیشەسازیی ناردنى شۆڕشە( بیخوێنەوە ترۆریسم) کە لەوە دا کەس ناگاتەوە رژیمى ئاخوندان. ئێستا وەرن چاو لێبکەن بزانن کە بەرهەمى پیشەسازیی ئاخوندى چى بووە؟ جگە لە تەحریم و گۆشەگیرى سیاسی و زیانى مرۆیی و ماددى بۆ ئێران. شانازیی بە چیەوە دەکات وەلى فەقیهى نیزام؟ بە کامە پێش کەوتن؟ بەهرە و میشکەکان لە وەڵات رایان کرد. سەرمایەداران دادگایی و ناچار بە چوونەدەرەوە کران. ئازادیخوازان زیندانى و کوژران. داهێنەرانى پێشەسازیی و زانستى ئێرانى کە لە دەرەوە دەخوێنن ئیتر ناگەرێنەوە بۆ وەلاتى ئێران و هەر لەوێ نیشتەجێ دەبن. لە شارەزایان و پیشەوەرانى دەرەکى بۆ راگرتنى چەرخى پیشەسازیی وەڵات کەڵکتان وەرگرتووە و لەماوەى تەحریمەکان ئەوانیش رۆیشتن. ئەو پووڵە یەکجار زۆرەى کە داتان بەوان بەشێکى بەرچاویشتان خەرجى سەرکووتى ئیستعداد و کەسانى بەهرەمەندى ناوخۆیی کرد. دەتانهەوێ کاولبوویى ئێران تەحویلى کێ بدەن؟ لە دوارۆژى ئێران چ شوێنێکتان بۆ روحانیەکانى شیعە و لایەنگرانى دەستێوەردانى دین لە سیاسەت هێشتۆتەوە تا بە بیانووى ئەوان لە وەڵات بمێننەوە؟ دەتانهەوێ سەرژمێرى مردن و سەرەتان و لەدایک بوونى منداڵانى کەم ئەندام و لەبارچوونى منداڵ بە هۆى پیس بوونى هەوا و ناردنى پارازیت بۆ سەر کەناڵەکانى ماهوارەیی چۆناوچۆن گرێ بدەن بە ئیدعاى پێش کەوتنەکانتان؟
حەتمەن هەر چى بەدبەختى ئێرانە دەگەریتەوە بۆ حیکمەتى خوا و یان خود خەتاى تاوانبار بوونى بەندەکانیەتى و هەر چى پێش کەوتنیشە لە سایەى ئێوەوەیە؟ ئەو فریۆکارییانە ئیتر ماوەیان بەسەر چووە. رۆژى لێپێچینەوەش دەگات.
هەڕەشەى خەڵک:
بەلێنى خوشگوزەرانى و هێنانى پووڵى نەوت بۆ سەر سفرەى خەڵک و بە خۆرایی کردنى ئاو و برق و ئوتوبووس کە وەدى نەهات. یەک وشە دانى پێدابنێن و بلێن چەواشە و درۆمان کرد. ئیتر خەنەکەتان رەنگى نەماوە. خەڵکتان بە بەلێنى مەنجەڵى بەتاڵ هەتا ئێستا فریو داوە. کاتى لێپێچنەوەتان پێش بینى نەکردووە. ئەمرۆ ئیتر خەڵک وەزاڵەهاتوون و جامی سەبر و تاقەتیان سارێژ بووە. هەڕشەکانتان پەرە پێداوە و لە لاى خەڵک پروپاگەندەى ئەوە بڵاو دەکەنەوە کە ئەگەر شۆڕش وەریبخەن و برژێنە سەر شەقامەکان، ئاو و برق و گاز و تەلەفوونتان دەپچرێنین. بەڵی ئەو کارنەتان پێدەکرێ بەڵام تەنیا بۆ ماوەى چەند رۆژ چوونکە خەڵک بەدواى بەدیلى تردا دەگەڕێ. رژیمى سوریا تەواوى ئەو کارانەى لەبەرانبەر خەڵکى وەڵاتەکەى گرتە پێش بەڵام بە بڕینى ئاو و برق شۆڕشى خەڵک جیددى تر و بە برشت تر بوو. هەموو موحافیزەکار و سەرپەرشتى خانەوادەکان بە بڕینى ئاو و برق و گاز و یارانە دەترسێنن و ناچار بە بیدەنگیان دەکەن، بەڵام باش بزانن کاتێک خەڵک راپەرین ئیتر پچرانى ئاو و کارەبا ناتوانێ ببێتە هۆکارى دامرکاندنەوەى رقى پنگخواردووى کۆمەڵانى خەڵک بەڵکو ئاگرى شۆڕشەکە بە تین تر دەبێ. ئەو شتەى کە دەبێ رووبدات ئەوەیە، دەنگدابڕینى خەلک لەگەڵ رژیم و دەسپێکى شەر و کێشمەکێشى نیوان خەڵک و دەوڵەت. ئەوکاتە ئیتر کەمینەیێکى چەندسەد هەزار کەسی لەگەڵ میلیۆنان مرۆڤى ئامادە بۆ خەبات و قوربانى دان رووبەروو دەبن. ئەو خەڵکەى کە بۆیان دەردەکەوێ ئیتر خەنەى رژیم رەنگى نەماوە ئیتر ناچنەوە ماڵەوە بۆ ئەوەى چاوەریێى سەرلەنوێى درۆکانى رژیم بکەن و وەک ئەو مەسەلەى دەیهێننەوە ئیتر ئاوى رۆیشتوو ناگەرێـتەوە بۆ ناو جوگە.
3، مردنێک بۆ کۆى دژبەرەکان
ئاخوند مورتەزا موتەهەرى لە کتێبی خزمەتەکانى بەرانبەرى ئیسلام و ئیرانیەکان شیعرێکى هێناوەتەوە بەو ناوەرۆکە کە : کینەى ئێمە لەگەڵ خێلى عومەر لەبەر عەلى نییە کینەکە دەگەرێتەوە بۆ زۆر کۆن. ئاخوندەکانى دەسەڵاتدار بەسەر ئێران تا ئێستا بۆ یەکگرتوو کردنى لاوان دژى پەیرەوانى سووننى و عەرەبەکان(دراوسێکانى خوى) لەسەر ئەو شیعە بوون و بانتر لەسەر ماف بوونە پێداگرییان دەکرد. بە دژایەتى سووننى و عەرەبەکان خەڵکى ئێران بە بێ خواستى خویان بوونەتە دژمنى حەشیمەت و هێزى پەیرەوانى سووننى لە جیهان دا و لەناوخۆى ئێران و حەشیمەتى عەرەبى ناوخوى وەڵات و رۆژهەڵاتى ناوەراست دا. کاتێک بینیان کە ئیتر تەعسوبی شیعەگەرایی لەبەرانبەر سووننى گەرایی ئەو کاریگەرییەى پێشووى نەماوە لە نێو لاواندا، هاتوونەتە سەر بابەتێکى تر بە ناوى ئێرانى بوون و دژایەتى عەرەب.دەبینن ساڵیانى ساڵە هاوەڵاتیانى عەرەب زمان و ترک و پەریەوى سووننى لە ئێران دەکەونە بەر پەلامارى سووکایەتى و بیرێزى پێکردنى سیستەمى ئاخوندى. ئەوەیە فێڵى ئاخوندان بۆ بەردەوامى بە دەسەڵات و مانەوەیان. ساڵیانى ساڵە لە رێگەى دەق و کلێشەى لە جۆرى (ئاخوند موتەهەرى) بۆ لاوان و مێرمنداڵان ، کڵاو دەنێنە سەر خەڵک. ئەو لاوانەى کە لە ئێرانى دواى رەزاشاى دیکتاتۆر لەناو سیستەمێکى تەواو ئیستبدادى لەدایک بوونە، دەبوایە کارتێکى پێناسیان بۆ شوناسخوازی خویان وەرگرتبا بەڵام بە داخەوە کە نۆرەى وەرگرتنى کارتى پێناس هات ئاخوندەکان سەروپوتراکیان بەدیار کەوتبوو و ئەو چینە تازە بە دەسەڵات گەیشتووە بوون بە هوى کارەساتێکى شوناسخوازی لە ئێران. ئەو لاوانەى کە بەدواى ناسینى ناوەرۆک و ناخى خۆیان وایان بیردەکردەوە کە پیناسی نەتەوەییان ئەو جۆرەیە کە ئاخوندەکانى وەک خومەینى و موتەهەرى و ... بۆیان باس دەکەن. ئەوانە بوون پێوانەکانى ئیرانى بوون لە روانگەى ئاخوندەکانەوە: ئیرانیەکان خەڵکانێکت لە چینى بالادەستى ئاریایی و ئیسلامى شیعەى دوازدەئیمامى باوەرمەند بە نیزامى ویلایەتى موتڵەقەى فەقیه و حاشا کەر لە قەومەکان، زمانەکان، رەنگەکان و مەزهەبەکانى دیکە و چەقیو لە قوراوى مێژوێکى نادیار.
بە خۆشیەوە بە هاتن بۆ سەردەمى نوێى کارتەکانى ناساندنى شوناسی نەتەوەیی ئیرانیەکان کە لە لایەن رەزاشا و خومەینى دەرکرا، هەردووکیان ماوەیان بەسەر چوو، بەلام زۆر حەیف کە لەناو ئاڵۆزى پێکدادانى ئەو دژبەرانەدا جیلێک بە جێ ما کە لە بەرەکاتى پەهلەویسم و خومەینیسم تەنیا سەرلێشێواوى و سەرگەردانى لێ بە جێ ما. دەزگاکانى حکوومەتى لە رۆژهەڵاتى ناوینى نەفرەت لێکراو بە پێى خەیال پڵاوەکانیان کردەوەکانى خۆیان دەست پێکرد، تا گەیشتوونەتە ئەو لیوارى هەڵدێرەى ئێستا. بەڵام لاوانى ئێستاى بەندکراو لە ئێرانى بە بارمتەگیراو لە لایەن ئاخوند و پاسدارەکان دەبیچ ئەزمون لە شۆڕششی باقى نەتەوەکانى جیهان لەرێگەى گەیشتن بە ئازادى و دیموکراسی و مافەکانى مرۆڤ وەربگرن و بۆ سرینەوەى شوناسی درۆینى دروست کراوى پەهلەویسم و خومەینیسم، شۆڕشى خۆیان لە ئێستاوە دەست پێبکەن و بیگەیننە خاڵى کۆتایی و سەرکەوتن. کۆتاییەک کە هەموو گەلانى ئێران بە رێز و رێکەوتنى گشتى وەڵات لە نەگبەتى وەک تەعسوب و ریا و خورافە و هەژارى و دیکتاتۆرى دەگەینە لوتکەکانى ئازادى، سداقەت و ئاگاهى و خوشگوزەرانى.