سەروەری گەل: شەهید فەتاح محەممەدی
سەروەری گەل: شەهید فەتاح محەممەدی
کوردستان قەڵای لە گیران نەهاتووی گەلی کوردە، هەرکات دوژمنان، بۆ دەست بەرسەرداگرتنی، بچووکترین جووڵانەوەیان لە خۆ نیشان دابێ، لەگەڵ بازووی بەهێزی پاڵەوانانی ئەو نیشتمانە کە هەمیشە حازری فیداکاری و لەخۆبردوویی بوون و بەخوێنی گەشیان، بست بەستی کوردستانیان پاراستووە و شاخ و داخ و دار و دەوەنیان بە خوێنیان ڕەنگاندووە، ڕووبەڕوو بوون و بە تێکشکاوی و سەرشۆڕییەوە بەرەو دواگەڕاونەوە.
بەڵێ کوردستان تابلۆی ڕەنگاو ڕەنگی سروشتە، هەمیشە لە لایەن وێنەکێشانی جوانمێری مێژووی شەهیدە سەربەرزەکانمان ڕەنگاوە. مێژووی خەباتی گەلەکەمان ناو و وێنەی هەزارانی لەو هەڵۆ تیژ باڵانەی لە باوەش گرتووە. وا ئێمەش لە یادی ئەمجارەماندا. سەرێک دەکێشینە ناو کۆڕی سوارە تیژ تاوەکانی گۆڕەپانی خەباتی بێوچانی ئەم قۆناغەمان و یادی شێرە پیاوێکی خەبات و تێکۆشان دەکەین،کە شەهید فەتاحی محەممەدییە.
لەم کوردستانەدا، منداڵێک چاوی بە دونیای پڕ لە ئازار و ژان هەڵێناو ناوی فەتاحیان لێنا. فەتاح لە سەرەتای ژیانیدا کەوتە ناوی گێژاوی نەداری و ژانی ژیان و لەگەڵ ژیانی پڕ مەینەتی کشتوکاڵ دەستەو یەخە بوو. فەتاح ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ گەورەتر دەبوو، تا پێی نایە ناو تەمەنی 15 ساڵییەوە هەرکات کە لە ناو کۆڕ و کۆمەڵدا دادەنیشت باسی بەشخوراوی گەلی کوردی دەبیست و گوێی لێ دەبوو، زۆرجاران لەبەر خۆیەوە دەیگوت تۆ بڵێی ڕۆژێک نەبێت کە بتوانین بە دەستی پڕ لە هێز و تووڕەیی خۆمان گەرووی دوژمنان بگوشین و تۆڵەی هەموو زوڵم و زۆرداری و ماف پێشێل کردنیان لێ وەربگرینەوە. ئاواتی ئەوە بوو کە ڕۆژێک گەلی کوردی بەشخوراو ڕاپەڕێ و ئەویش وەک ڕۆڵەیەکی ئەم کوردستانە خۆشەویستە بە گژ دوژمناندا بچێتەوە و خۆی فیدا کات. کاتێک شۆڕشی گەلانی ئێران دژی ڕژێمی ملهۆر و داسەپاوی شایەتیدا سەرکەوت و دوا بە دوای ئەوەکە ئەو شۆڕشە لە لایەن دەستەیەکی تری دیکتاتۆرەوە لەسەر ڕێگای ڕاستی لایداو هەر لە لایەن ئەو دەستە لە خۆباییەوە بۆ سەر کوردستانی خوێناوی هێرش کرا، شەهید فەتاح وەک پاڵەوانێکی لێهاتوو چەکی لە شان کرد و وێرای پێشمەرگەکانی دیکە لەڕێزی دەفتەر کە دوایە سازمانی خەبات ی کوردستانیان دامەزراند، لە بەرانبەر هێرشی ناڕەوای دوژمندا وەک قەڵایەکی قایم و لەبن نەهاتوو ڕاوەستاو پیلانەکانی دوژمنی پوچەڵ دەکردەوە، هەتا لە ڕۆژی 20/ خەرمانان/1358 لە کاتێکدا شان بە شانی برا پێشمەرگەکانی کوردستان مۆڵگەی دوژمنیان لە بستامی سەر شێوی سەقز گەمارۆ دابوو بە گوللـەی دوژمنان پێکراو شەهید بوو و بە خوێنی گەشی لاپەڕەیەکی تری مێژووی خەباتی گەلەکەمانی نەخشاند.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاک و پیرۆزی شەهید فەتاح و سەرجەم شەهیدانی کوردستان