سەروەری گەل: شەهید عەبدولکەریم حوسەینی
سەروەری گەل: شەهید عەبدولکەریم حوسەینی
دڵەکەم دڵە پڕ لە کوڵەکەم! دڵە پڕ لە هەستەکەم، هەستە لە خەوی خەم و پەژارە، چاو بگڵۆفە بزانە چ دیارە. تەمی خەمڕادە بە هەناسەی ساردی کوردی ئاوارە. سیخواری پەژارە لە پێڵوی خوێنی تێچزا و برژانگی ژەنگاویت بە دەسرەی وەسڕە. سەر هەڵێنە بروانە کاروانی دڵانی پڕ لە کوڵ عادڵانی بە باوەڕ. باوەڕی پڕ بە دڵ، کاروانی ئەوینداری خەبات دەبزون ئارام و مات و خەمگین و تا بڵێی بە ورە و سەنگین، کەوتونەڕێ لە کوێوە بەرە و کوێ. لە کوردستانەوە لە گەرمێن و کوێستانەوە بەرەو چەمی زاخە. کە سەر زمانی ئاخ و داخە، سروەی بای بەرە بەیانی 21ی خەرمانان، هەواڵی پێداون هەواڵی دڵ تەزێنی بۆ هێناون، دەم بە خوێن کە چەمی زاخە بۆتە قۆناغی حەسانەوەی یەکجاری، قارەمانی بە ئیمانی کوردەواری، هەواڵی داوە کە ڕۆڵەی بە ئەمەگی کوردستان، تەرمی پڕ لە زامی کۆن و نوێ بە پیری دەست بە تیرۆکەوانی کەوانە دۆڵ سپاردووە و گیانی بەرزی بەرە و بەهەشتی شەهیدان و جێی ڕەحمەتی یەزدان لە شەقەی باڵی داوە، هەواڵی داوە کە چەمی زاخە ڕەنگاوە بە خوێنی قارەمانانی کورد و هەڤاڵانی دڵ بە ئیمان، سروەی بەرەبەیانی 21 وێنەی دەرد و دۆڵی ڕەنگاو بە خوێنی چەمی زاخە نواندووە کە بە خوێنی پاکی شۆڕە لاوان، قامیشەڵانی دێر دێر ڕەنگاوە، ئاڵای ئازادی کوردستانە هەڵکراوە، یان دێر دێری قارەمانی و شانازی شەهیدانە لەسەر باڵی قامیشەڵان نووسراوە. یان کۆتەڵی بەژن بە شێر داخە بۆ شەهیدانی چەمی زاخە، بڕوانە! پۆل، پۆل دڵی قارەمان پەروەری کوردستان بەرەو تەرمی گەرمی شەهیدانی 21 خەرمانان دەڕۆن، کەی دوای دیداریان لەگەڵ ڕۆڵەی بە ورە و گیان لە سەردەستی کوردستان، خۆشەویستی کورد خۆشەویستان پێک بهێنن، دەڕۆن کە وێنەی تەرمی لە خوێندا شەڵاڵی ڕۆڵەی بە ناوبانگی شۆڕشی کوردستان بگرن، بیکەنە بەڵگەی بیرەوەری لە شان هەڤاڵی قارەمانیەکانی کە لاپەڕەکانی توێ توێی دڵانیان پڕ کردۆتەوە، دەڕۆن بگەنە تەرمی شەهید (( سەید عەبدولکەریم حوسەینی )) کە ئازادی خوازانی کوردستان دەیانناسی و کۆڕ دە ڕەنگان بە باسی. ئەو ڕۆڵە بە نرخەی کوردستان کە تا بڵێی قارەمان بوو، تا بڵێی دلێر بوو، ورەی دڵی خەباتگێڕان بوو، خۆشەویستی پیاو و ژن، پیر و جەوان بوو، پڵینگ و شێر بوو، وریا و بێ ڕیا و بە بڕیار و دەست بە کار بوو، ورەی دڵی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان بوو، ژیانی ژانی نەویستانی کورد و کورد فرۆشان بوو، مەرگی جێژن و شادمانی ئەوان بوو، زۆریان خەون بە نەمانیەوە دەدی، درۆ بوو، تا لە 21 خەرمانان خەونیان هاتە دی. بەڵێ خەرمانان بوو بە شادی نەویستانی کورد و کوردستان و خوێنمژ و هەل پەرەستان، بەڵام لە ڕاستیدا بوو بە خەرمانانی شانازی کورد و شۆڕش و پێشمەرگە و سازمانی خەبات، مانگی خەرمانان کە سەرەتاکەی بە جێژنی دامەزراندنی سازمانی خەبات، دەست پێ دەکا، دواییەکانی بە شانازی لە خۆبردوون و گیان بەختکردنی ئازیزترین ڕۆڵەکانی سازمانی خەبات دوایی هات، جێژنی سازمانی خەبات لە 5ی خەرمانان گیرا، بەڵام ئەستێرەی 5 پەڕی شانازی لە سەرەتای سێهەمین دەیەی 21 خەرماناندا، لە چەمی زاخە سەری هەڵدا و لە قەندیلی سەربەرزەوە پێی لە عەرز بڕی و بوو بە ئەستێرەی ڕۆژی ڕزگاری کوردەواری و درەوشایەوە، سەر کاروانی شەهیدانی خەرمانانی سازمانی خەبات ( سەید عەبدولکەریم حوسەینی) یە کە ژیانی شانازی بوو بۆ سازمانی خەبات و خەباتگێڕی کوردستان و شەهادەتی سەربەرزی پێشمەرگەی خەبات و دەستمایەی شۆڕشی کوردستانە، شەهید سەید عەبدولکەریم حوسەینی لە 26/بانەمەڕی/1337 لە بنەماڵەیەکی ڕابەری ئایینی و شۆڕشگێڕی کوردپەروەر لە گەڕەکی خوارووی شاری بانە لە دایک بوو، لە شەش ساڵیەوە دەستی کرد بە خوێندنی قورئان و لە 8 ساڵیدا نێردرایە قوتابخانە، دوازدە کلاسی خوێند کە شۆڕشی دژ بە شا لە ئێران دەستی پێکرد.
باوکی یەکێک بوو لەبەرچاوانی ئەو ڕاپەڕینە لە کوردستاندا، شەهید سەید عەبدولکەریم لە منداڵیەوە هەستی بە ستەمی نەتەوایەتی دەکرد بە پێی ئامۆژگاری و ڕێ نوێنیەکانی باوکی هەستی شۆڕشی ئازادیخوازی و کوردایەتی گەشەی کرد و بە گەرمی وێڕای باوکی و ڕۆڵە بەشەرەفەکانی شارەکەی لە شۆڕشی دژی شایەتیدا هاوبەش بوو. شەهید سەید عەبدول کەریم ڕۆڵەیەکی چاونەترس و بە بڕیار و لێبڕاو بوو، ڕۆژی 16/ڕێبەندان/1357 کە دوژمن هێرشی بۆ ناو شاری بانە هێنا بە دەمانچەوە لە پارێزگاری شاردا هاوبەشی کرد. شەهید سەید عەبدولکەریم لە کامیاران و جادەی سەقز و سنە و شاری سەقز و دۆڵی میرەدێ و بۆکان و چۆمی مەجیدخان و سەردەشت و هەموو جێگەیەکی ناوچەی بانە لە شەڕدا بوو و لە زۆربەی قارەمانەتی و گیانبازی هاوبەشی کردوە. شەهید عەبدولکەریم لاوێکی پاکی دوور لە کردەوەی خراپ و پڕ لە مەردانەگی و پاکی بوو. بۆ هەموو نەتەوەێک یاریدەدەر، خۆی بۆ کورد دەویست و توانای بۆ کورد بەکار دەهێنا .
شەهید سەید عەبدولکەریم حوسەینی خەڵکی پارچەکانی کوردستانی وەک برای خۆی خۆشدەویست و ئەوەی دەیناسی
متمانەی برای دڵسۆزی بوو. شەهید سەید عەبدولکەریم بەڕاستی ئەستێرەیەکی درەوشاوەی ئاسمانی کوردەواری بوو چرای تاریکی شەوگاری دەربەدەری و لێقەماوی بوو، ڕۆڵەی تەنگانە بوو گرێ پوچکەی تەنگانەی بە دەست دەکردەوە، شەهید سەید عەبدولکەریم لاپەڕەکانی مێژووی کوردستانی ئێرانی بە حەماسەی خۆی پڕ کردون و وێنەی ڕەزا شیرینی خۆی کردە تابلۆی کوردایەتی لە دڵی کوردپەروەراندا. شەهید عەبدولکەریم قارەمانییەکانی و شانازییەکانی کردە هیوا و هومێدی دڵی کوردی کوردپەروەر و نیشتمان پەروەری کوردستان و داخ لە سەر دڵی دوژمنان و خۆفرۆش و هەل پەرەستان. شەهید سەید عەبدولکەریم لە دڵی شارەزایاندا زیاتر لەوەی کە گوتراوە، گەشترە لەوە کە نووسراوە، باسی گەرمی حەماسە دای دەگرێ، شەهید سەید عەبدولکەریم دیمەنی لە دڵان دایە ئەو لە دڵی میللەتی کورددایە و ( نامرن ئەوانە وا لە دڵ میللەتا ئەژین ) شەهید سەید عەبدولکەریم هەزاران داخی بە دڵی دوژمنانی کورد و نۆکەرە ئاڵقە لە گوێ کانیان داناو و ڕێی شەهادەتی هەر لە ڕۆژانی بەرێڕا بۆ خۆی هەڵبژارد و بە شانازییەوە بەرە و پیری چووە، کوا دەتوانن بە گۆڕاو گۆڕ کردنی تەرمی پیرۆزی قەوارەی بەرینی دڵیان سارێژ کەن.
شەهید سەید عەبدولکەریم کە خۆشەویستی کوڕانی بە شەرەفی کوردەوارییە، هەتا زۆرتر دوژمن داخی خۆی بە تەرمی پیرۆزی بڕێژێ زۆرتر تین و داخ لەو دژمنە و نۆکەرو ئاڵقە لە گوێکانی لە دڵی ئەو رۆڵە بە شەرەفانەدا گەرم دادێ و زۆرتر شێلگیرتر دەبن لەسەر درێژەدان بە ڕێبازی ئەو و هەڤاڵانی لە ڕێی خەبات و شەهادەتدا.
پیرۆز بێ یادی حەماسەکان و قارەمانییەکانی شەهید سەید عەبدولکەریم چۆڵە چرای دڵی ڕۆڵەکانی کوردەواری.
پیرۆزبێ پیرۆزتر بێ تەرمی گۆڕاوگۆڕ پێکراوی شەهید سەید عەبدولکەریم و هەڤاڵانی، ئاوەدان بێ ڕێی پڕ لە شانازی ڕێی خەبات و موبارزە، سەرکەوتوو بن میرات گران و تۆڵە ئەستێنی شەهیدانی کوردستان.