هه‌ینی 

2 سه‌رماوه‌ز2724
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

کاریگەریەکانی رێکەوتنی ئیسرایل و ئیماراتی عەرەبی لەسەر دۆخی ناوچەکە

کاریگەریەکانی رێکەوتنی ئیسرایل و ئیماراتی عەرەبی لەسەر دۆخی ناوچەکە

عەلی بەهرامی

رۆژی پێنج شەممە ٢٣ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی کۆچی خۆری، دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا پەردەی لەسەر رێکەوتنی مێژوویی نێوان ئیسرایل و ئیماراتی عەرەبی لادا. رێکەوتنێک کە لە دوای کۆبوونەوەی سەرانی عەرەب لە خارتوم لە ١٩٦٧ رایگەیاند نا بۆ بە فرەمی ناسینی ئیسرایل، نا بۆ وتووێژ و نا بۆ ئاسایی کردنەوەی پێوەندیەکان لەگەڵ ئیسرایل، سێهەم رێکەوتنی وەڵاتانی عەرەبیە لەگەڵ ئیسرایل و ڕێ خۆشکەرە بۆ رێکەوتنی دیکەی وەڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی ناوچەکە لەگەڵ ئیسرایل. لە دوای ئەم رووداوە مێژوویە وەڵاتی بەحرەینیش ئامادەیی خۆی بۆ ئاسایی کردنەوەی پێوەندیەکانی خۆی لەگەڵ ئیسرایل دەربڕی و باس لە ئامادەیی چەند وەڵاتێکی دیکەی عەرەبی و ئیسلامی بۆ ئاسایی کردنەوەی پێوەندیەکانی خۆیان لەگەڵ ئەو وەڵاتە هاتووەتە ئاراوە. هەر چەند پێش ئەم رێکەوتنەی ئیماراتی عەرەبی، وەڵاتانی میسر ١٩٧٧، فەلستین بە سەرۆکایەتی یاسر عەرەفات ١٩٩٣ لە ئوسلۆ و ئوردون ١٩٩٤ رێکەوتنیان کردبوو و پێوەندیەکانی خۆیان لەگەڵ ئیسرایل ئاسایی کردبوویەوە بەڵام هەنگاوەکانی ئەوان بە قەد ئەم هەنگاوەی ئیمارات نە کاریگەری هەبووە وە نە کاردانەوەی ئەرێنی وەڵاتانی دیکەی ئیسلامی و عەرەبی بە دواوە بووە.

 ئەم رێکەوتنە گرینگەی ئیماراتی عەرەبی و ئیسراییل لە دوای ئەوە هات کە بنیامین نەتانیاهوو لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بۆ پارڵەمانی وەڵاتەکەی بەڵێنی ئەوەی دابوو بەشێک لە خاکی فەلستین بخاتە سەر ئیسرایل. لە دوای ئەوە سەفیری ئیمارات لە ئەمریکا لە وەتارێکیدا کە بە زمانی عیبری و لە رۆژنامەیەکی ئیسرایلی بڵاوی کردەوە ئەو پەیامەی بە ئیسرایلیەکاندا کە ئەگەر دەست هەڵگرن لەو بەڵێنەی کە خاکی فەلستینیەکان بخەنە سەر ئیسرایل ئەوە دەتوانن لەگەڵ ئیمارات ببنە دۆست. ئەم بیرۆکەیەش لەوەوە دروست بوو کە ئیمارات باش لەو راستیە تێگەیشتووە کە بە دژمنایەتی ئیسرایل ناتوانن هیچ خێر و بێرێک بە فەلستینیەکان بگەیەنن بەڵکوو دەتوانن لە رێگەی دیپلۆماسی و سات وسەوداوە باشتر داکۆکی لە خاکی فەلستینیەکان بکەن. لەلایەکی دیکەوە ئەو سەردەمە کۆتایی هاتووە کە هەموو وەڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی ئیسرایل بە دژمنی هاوبەش ببینن. بەڵکوو هەر لە دوای رێکەوتنی ئەنوەر سادات و چوونی بۆ پارڵەمانی ئیسرایل بە کردەوە رێکەوتنی خارتومی لاواز کرد، بەڵام لە دوای روخانی رژیمی پاشایەتی لە ئێران و دزینی بەرهەمی ئەو شۆرشەی گەلانی ئەو وەڵاتە لەلایەن خومەینیەوە ساڵی ١٣٥٧ (١٩٧٩) و بە دامەزرانی رژێمێکی دواکەوتوو و لەسەر بیرۆکەی ئاخوند خومەینی، کەوتنە کاری گێرەشێوێنی و دەستێوەردان لە کاروباری وەڵاتان بەوەش دۆخێکی خولقاند کە وەڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی و بەتایبەت ناوچەی کەنداو  رژیمی ئاخوندان بە مەترسی سەرەکی و دژمنی هاوبەش ببینن و بیرێک لە چارەسەری ئەو بابەتە بکەنەوە. لەلایەکی دیکە ئەمریکا بۆ فرۆشتنی چەکی پێشکەوتوو بە ئیمارات کۆتایی هێنان بە دوژمنایەتی ئیسرایل و سازکردنی پێوەندی وەک شەرتێک بۆ ئەو وەڵاتە دیاری کردبوو. شەرتێک کە ئیمارات مەجبوور بوو بۆ وەدەست هێنانی ئەو چەکە پێشکەوانەی کاریگەری زۆری لەسەر توانای بەرگری ئیمارات لە بەرامبەر مەترسیەکان و بەتایبەت مەترسیەکانی رژیمی ئاخوندی هەیە. بەڵام بۆچی دۆستەکانی دوێنێ، ئەمرۆ دژمنی یەکترن؟ لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی رێکەوتنەکەی ئیمارات و ئیسرایل، دەسەڵاتدارانی رژیمی ئاخوندی هەر لە خامنەیی، رۆحانی، سوپای پاسداران، وەزارەتی دەرەوەی رژیم و سەرۆکی ناوەندی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئاخوندان ئیماراتیان بە بێ غیرەت، خایین، داگیرکراو، شەرمەزار، پەڵەی رەش و ....هتد، پێناسە کرد. ئەم کاردانەوانەی رژیمی ئاخوندی بەرامبەر بە رێکەوتنی ئیمارات و ئیسرایل سەلمێنەری ترسی گەورەی دەسەڵاتی ئاخوندانە لە نزیک بوونەوەی ئیسرایل لە سنوورەکانی، گۆرینی تەوازونی هێز لە ناوچەکە و لاواز کردنی زیاتر و تێکشکاندنی ئەو بلوکە دژە ئیسرایلەی لە نێو وەڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی لە ٦٠  ساڵی رابردوودا لە ئارادا بوو کە رژیمی ئاخوندانیش خۆی بە پێشەنگ و رێبەری ئەو بلوکە دژە ئیسرایلیە پێناسە دەکرد. ئەوەی زۆرترین گرینگی بە ئەم رێکەوتنە و باقی رێکەوتنەکانی دواتر لەگەڵ ئیسراییل دەدا، دروست بوونی ئەو بەرە ئیسرایلی و عەرەبی و ئیسلامیانەیە دژ بە دەسەڵاتی ئاخوندان، چوونکە ئەو دەسەڵاتە لە ئێستادا گەورەترین مەترسیە بۆ سەر ئاسایشی وەلاتان و لە ماوەی ٣٥ ساڵی رابردوودا هەموو وەڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس، عەرەبی و ئیسلامی بە هۆی سیاسەتی دەستێوەردان و گێرەشێوێنی رژیمەوە زیانی زۆریان وەبەر کەوتووە. لە چل ساڵی رابردودا رژیمی ئاخوندی ئامانجی ئەوە بووە کە ئیدئۆلۆژی خۆی بۆ وەڵاتان هەناردە بکات و لەو ماوەدا گروپ و تاقمی لە شیعەکانی وەڵاتان دروست کردووە بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا لە راستای بەرنامەکانی بە کاریان بێنێ. بۆ وێنە لە فەلستین گروپی تیرۆریستی جیهادی ئیسلامی و حەماس و تاقمەکانی دیکەی دابین و پۆشتە کردوە. لە لوبنان حیزبوڵا، لە بەحرەین شیعەکان هاندەدا و بۆ کاری تێکدەرانە دژ بە ئەمیری ئەو وەڵاتە. لە عەرەبستان پشتیوانی لە گروپی ئەنساروڵا و لە یەمەنیش پشتیوانی لە حوسیەکان. لە عێراقیش پشتیوانی لە سوپای بەدر و دواییش تاقم و گروپەکانی حەشدی شەعبی دەکات. ئیسرایلیش نیگەرانە لەو پەل هاویشتنانەی رژیمی ئێران، بەتایبەت ئەو دەسەڵاتە نایشارێتەوە کە خوازیاری پاککردنەوەی  ئیسراییلە لە سەر گۆی زەویی. لەو پێناوەدا هاوکاریەکی زۆری حیزبوڵا و حەماس و تاقم و گروپەکانی دیکەی فەلستینی کردووە و بۆ ئەو مەبەستە هەوڵی زۆری داوە بەرەیەکی دژە ئیسرایلی بەهێز لە نێو وەڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی دروست بکات. هەروەها ئیسراییل نیگەرانە لەوەی رژیم بە سازکردنی گروپی فاتمیون لە کەسانی پاکستانی و ئەفغانی لە سوریە و جێگیرکردنی بەشێک لە هێزەکانی حیزبوڵا لەو وەڵاتە، هەوڵی ئەوە دەدا کێشە و سەرئێشە بۆ ئیسرایل دروست بکات کە ئیسرایل کاردانەوەی زۆر توندی دژ بە رژیم و تاقمە تیرۆریستیەکانی لە سوریە نیشانداوە. ئەوەی جێی سەرەنجە هەڵوێستی عەرەبستانە بە رێکەوتنی نێوان ئیسراییل و ئیمارات. عەرەبستان ئەگەر چی پێشوازی لە رێکەوتنەکە نەکرد و تا رادەیەکیش دژایەتی نیشاندا، بەڵام ئاسمانی خۆی بۆ فرۆکە ئیسرایلیەکان کردەوە بە مەبەستی سەفەر بۆ ئەبووزەبی. کە وایە عەرەبستان بەم هەنگاوەی ئەو پەیامەی دا کە ئەو حەساسیەت و کاردانەوە توندانەی لە رابردوودا بۆ رێکەوتنی میسر و ئوردون لەگەڵ ئیسرایل هەبوو لە ئێستادا وا نەماوەو بە کردەوە ئەو بلوکبەندیە دژە ئیسرایلیە روخاوەو دژمنی سەرەکی هەموویان لە ئێستادا تەنیا رژیمی ئاخوندانەو سازکردنی بلووکی دژە ئاخوندان بە قازانجی هەموو وەڵاتانی عەرەبی، ئیسلامی و  ئیسرایلە لە ناوچەکەدا. ئەوەی روونە پێگەی سیاسی دەسەڵاتی ئاخوندان زیاتر لە رابردوو لە داروخانەو تا دێ پاشەکشەی زیاتری پێ دەکرێ، وەک دیارە ئەو تاقم و گروپانەی ٤٠  ساڵە لەلایەن ئەو دەسەڵاتەوە پشتیوانی کراوە لە ئێستادا روویان لە کزیە و تا دێ زیاتر کرچ و کاڵ دەبنەوە. بەو پێیە ئەو گروپ و تاقمانەی رژیمی ئێران هێز و قودرەت و دەسەڵات و هێژموونی لە وەڵاتان پێوە دەگرت لە ئێستادا بۆتە بڵقی سەر ئاو و ئەو کاریگەریەی له‌‌‌ رابردوودا هەیانبوو لە ئێستادا نەیانماوە. پێشبینی دەکرێ رێکەوتنەکان درێژەیان هەبێ و دەسەڵاتی ئاخوندان لە ناوچەکەدا زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە گۆشەگیر و پەراوێز بخرێ. بەڵام کارەکە بەوەندە کۆتایی نایەت بەڵکوو تاکە چارەسەر بۆ گەرانەوەی ئارامی و ئۆقرەیی بۆ ناوچەکە، لە ناوچوون و ڕووخانی یەکجاری دەسەڵاتی ئاخوندانی ئێران و جێگیربوونی دەسەڵاتێکی خەڵکی و دیموکراتیک لەو وەڵاتەیە کە قازانج و مەسڵەحەتی خەڵکی ئێران بە تێکڕای نەتەوەو ئایین و مەزهەبەکانەوە بکاتە ئەولەویەتی خۆی و چیتر داهاتی خەڵکی ئێران بۆ تاقم و گروپی تیرۆریستی، دەستێوەردان لە کاروبار دەوڵەتان و پێشێلکردنی سەروەری خاک و نەتەوەیی وەڵاتان خەرج نەکرێ.


4 ساڵ و 2 مانگ و 8 ڕۆژ و 12 کاتژمێر و 29 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

کاریگەریەکانی رێکەوتنی ئیسرایل و ئیماراتی عەرەبی لەسەر دۆخی ناوچەکە

کاریگەریەکانی رێکەوتنی ئیسرایل و ئیماراتی عەرەبی لەسەر دۆخی ناوچەکە

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا       : 040331264   (0047)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران