هاونیشتمانیانی کوردستان!
ناوەندە جیهانیەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ!
جارێکی دیکە ڕژیمی سەرکوتگەری ئاخوندی لە درێژەی سیاسەت و کردەوە دزێوەکانی بەرانبەر بە گەلی ستەملێکراوی کورد،بڕیاری وێرانکردن و چۆڵ کردنی دێ و ناوچەکانی کوردستانی ئێران و بە دیاری کراوی، بڕیاری چۆڵکردنی دێ کانی، (گۆڕەشێر،ئەشکانی خوارو،هەرزنە،کاگێ،نۆکان و تیێتی)ی لە ناوچەی سەردەشت ڕاگەیاندوە. ئاخوندە سەرکوتگەرەکان بەو بڕیارە دژی ئینسانیەیان لە بەرانبەر خەڵکی کورد،جارێکی دیکە نیشانیاندا کە دژمنی سۆێند خواردوی خەڵکی کوردستانن،هەروەک چۆن لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان لە هەوڵی پاکتاوی کوردن، بەم کردەوەشیان درێژە بە مەبەست و ئامانجەکەیان کە وێران کردنی کوردستان و پێ ملکردنی خەڵکی کورد بە ویستە ناڕەواکانیان و سیاسەتی چەپەڵیان دەدەن. سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران ئەو بڕیارە دژی ئینسانیەو دژ بە گەلی کورد کە لە لایەن ناوەندەکانی دەسەڵات و ئەنجومەنی باڵای ئەمنیەتی ڕژیمی ئاخوندی دراوە،بە توندی مەحکوم دەکاو داوا لە ڕێکخراوە جیهانیەکانی پارێزەری مافی مرۆف و رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان و تێکڕای ناوەندە مرۆف دۆستەکان دەکا لە بەرانبەر ئەو کردەوە دژی ئینسانیە دژ بە گەلی کورد هەڵۆێست بگرن و مەحکومی بکەن.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
٧ی ڕەزبەری ١٣٩٩ کۆچی خۆری ٢٨ ی سپتامبری ٢٠ ٢٠