له ڕۆژانی ٢٦ تا ٢٧ی مانگی سێپتامبری ٢٠ ٢٠ به‌رامبه‌ر به ٥ و ٦ی ڕه‌زبه‌ری ١٣٩٩ی کۆچی خۆری، پلۆنۆمی پێنجه‌می کومیتەی ناوەندیی ــ هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ٦ی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران به به‌شداری سکرتێری گشتی سازمانی خه‌بات و ئه‌ندامانی کومیته‌ی ناوه‌ندی به‌ڕێوه‌چوو.
کاک بابه‌شێخ حوسەینی سکرتێری گشتی سازمانی خه‌بات پاش به‌خێرهاتنی هه‌موو ئه‌ندامانی کومیته‌ی ناوه‌ندی، پلۆنۆمهکهی به ده‌قه‌یه‌ک بێده‌نگی و ڕێزگرتن بۆ گیانی پاکی شه‌هیدانی سوورخه‌ڵاتی سازمانی خه‌بات و گه‌له‌که‌مان ڕاگەیاند.
پاش دیاری کردنی ڕۆتین په‌سه‌ندکردنی پرۆتۆکۆڵی به‌ڕێوه‌بردنی کار‌و به‌رنامه‌کانی پلۆنۆم، سکرتێری گشتی کاک بابه‌شێخ حوسەینی ڕا‌سپێردرا که ڕاپۆرتی سیاسی و بەرنامەی کاری داهاتووی پێشکەش بە پلۆنۆم بکا. له‌و ڕاپۆرته سیاسیه‌دا، شیکاری وورد بۆ هه‌ڵوێست و سیاسه‌تی جیهانی وکێشەی ده‌وڵه‌تانی زلهێز به‌رامبه‌ر به‌یه‌ک و ئه‌و کاریگه‌ریانه‌ی که په‌یوه‌ندیان به دۆزی ڕه‌وای کورده‌وه هه‌یه و، هه‌روه‌ها سیاسه‌ت و بارودۆخی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌و کێشه ڕیشهدارانهی که به‌درێژایی مێژوو له‌و ناوچه‌که‌دا هه‌بوون و به چاره‌سه‌رنه‌کراوی ماونه‌ته‌وه کرد.
به‌شێکی سه‌ره‌کی ڕاپۆرتی سیاسی سکرتێری گشتی، باس کردن بوو له سه‌ر پرسی کورد و ئه‌و گۆڕانکاریانه‌ی که له‌ناوچه‌که ڕوویان داوه. کاک بابه‌شێخ حوسەینی له‌و ڕاپۆرته‌دا باسی له دۆخی ئێستای ئێران و کوردستانی ئێران کرد‌و ئاماژه‌ی به‌وه کرد که ڕژیمی ئاخوندی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ به‌ره‌و ڕووخان و لاوازی ده‌ڕوا و سازمانی خه‌بات پێشوازی له هه‌ر جۆره هه‌وڵێک ده‌کا که به مه‌به‌ستی سڕکردنی ڕژیم و گه‌مارۆدانی دەسەڵاتدارانی ڕژیم، لە لایەن ووڵاتان و ناوەندە دهسهڵاتدارەکانی جیهانه‌وه.
لە ڕاپۆرتی سیاسی سکرتێری گشتی دا هاتووە، ڕژیمی ئاخوندی درێژە بە دەستێوەردان و سیاسەتی تێکدەرانەی لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە دەدا و به‌م شێوه‌ش کێشه و قه‌یرانه‌کانی له‌گه‌ڵ ووڵاتانی دراوسێ و ناوچه‌که به‌رده‌وام ڕوو له زیادبوونه. ڕاده‌ی هه‌ژاری و ناسه‌قامگیری قه‌یرانی ئابووری و گه‌نده‌ڵی سیاسی و پیشێل‌کردنی مافه‌کانی مرۆڤ و چه‌وسانه‌وه و زوڵمکردن له خه‌ڵکی ئێران و کوردستان به‌درێژایی تەمەنی ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی ئاخوندی شاهیدی ئه‌وه‌ن که ئه‌و ڕژیمه چه‌نده سته‌م کاره و ده‌بێ بڕوخێ، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش خه‌ڵک ووشیارهو ده‌نگی ناڕازی و خه‌بات له دژی ده‌سه‌ڵات درێژه پێ ده‌ده‌ن.
ڕژیمی ئاخوندی سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی ناسه‌قامگیری له ناوچه‌که‌یه و بۆته پاڵپشتی سه‌رجه‌م ڕێکخراوه تیرۆریستیه‌کان له ڕۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر قوت و داهاتی خه‌ڵکی ئێران و کوردستان. له په‌یوه‌ست به هێزه دژبه‌ره سه‌رتاسه‌ریه‌کان دژ به ڕژیمی ئاخوندی به‌ڕێزیان ڕایگه‌یاند که سازمانی خه‌بات په‌یوه‌ندی و هاوپەیمانی له‌گه‌ڵ سازمانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران و شوڕایی میللی مقاومه‌تی ئێران ههیەو و له تێکۆشان بۆ ڕوخانی ڕژیمی ئاخوندی و دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تێکی دیموکرات له ئێران و وەدیهاتنی مافه ڕه‌واکانی گه‌لی کورد له ئێران دا، کە ئەو په‌یوه‌ندی و هاوپه‌یمانیە سه‌رکه‌وتنێکی گرنگ و بایه‌خدار و پڕ به‌رهه‌مه بۆ گه‌لی کورد له کوردستانی ئێران.
کاک بابه‌شێخ حوسەینی له‌و ڕاپۆرته‌دا تیشکی خسته سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌کانی سازمانی خه‌بات له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه‌کانی کوردستان به‌گشتی و کوردستانی ئێران به‌تایبه‌تی و ڕایگه‌یاند که: سازمانی خه‌بات له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌کان په‌یوه‌ندیه‌کی مێژوویی دۆستانه‌ی هه‌یه‌و هه‌میشه‌ش له‌هه‌وڵی پته‌وکردنی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌دا بووه، بێ گوێدانه جیاوازی سیاسی و شێواز و میتۆدی خه‌بات، به‌ڵام سازمانی خه‌بات له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی دووفاقی و ناڕوونی له بەرانبەر ڕژیم و دوودڵی له‌سه‌ر ڕوخانی ئه‌م نیزام و ده‌سه‌ڵاته نه‌گریس و دیکتاتۆره دا نیه‌و پێویستە هه‌موو لایەنەکان بە خه‌باتێکی هاوبه‌ش و بە یەکگرتوویی له پێناو هاتنە دیی ئامانجەکانی گەلی کورد‌و بۆ ڕوخانی ڕژیمی ئاخوندی تێ بکۆشین.
بڕگه‌یه‌کی تری ڕاپۆرتی سیاسی سکرتێری گشتی سازمانی خه‌بات تایبه‌ت کرابوو به به‌رنامه و تێکۆشان و خه‌باتی داهاتوی سازمانی خه‌بات و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش به‌ڕیزیان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا که سازمانی خه‌بات ده‌ورو نه‌خشێکی کاریگه‌ری له مه‌یدانی تێکۆشان و خه‌باتی بزوتنه‌وه‌ی کوردا بینیوه و پێویسته بۆ په‌ره‌پێدان و پێشکه‌وتنی سازمانی خه‌بات، کار‌و چالاکی زیاتر ئه‌نجام بده‌ین.
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران ده‌بێ له هه‌موو بواره‌کاندا به‌ره‌وپێش بچێ و پشتیوان و داکۆکیکاری مافه ڕه‌واکانی گه‌له‌که‌مان بێ و هەروەها پشتیوان و دۆستی ئازادیخوازان بێ.
له‌درێژه‌ی پلۆنۆم دا ئه‌ندامانی کومیته‌ی ناوه‌ندی سازمانی خه‌بات ڕاپۆرتی سیاسی سکرتێری گشتیان خسته به‌رباس و پاش ڕاگۆڕینه‌وه و شرۆڤه کردنی هه‌موو به‌شه‌کانی به کۆی ده‌نگ ڕاپرتهکه په‌سه‌ند کرا.
لە به‌شێکی تری به‌رنامه‌ی کاری پلۆنۆم دا ڕاپۆرتی ئورگانه‌کانی سازمانی خه‌بات له‌لایه‌ن به‌رپرسی ئورگانهکانهوه خوێندرایه‌وه و له‌و باره‌وه بە مەبەستی چاکسازی و باشترکردنی کاری ئۆرگانه‌کان چەند قەرار و بڕیاری گرنگ پەسەندکران و گۆڕانکاری له‌سه‌ر پۆست و به‌شه‌کان به‌شێوه‌ی پێویست و شیاوبوو کرا و به‌رنامه‌ی کاری داهاتووی ئورگانه‌کان دیاری کرا.
پلۆنۆم هەروەها کاتی گرتنی کۆنگرەی حه‌وته‌می سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێرانی دیاریکرد و لیژنه‌ی ئاماده‌کاری کۆنگره‌ی هه‌ڵبژارد. له‌و په‌یوه‌ندیه‌دا بڕیاردرا که ئه‌و لیژنه بڕیاربدا له‌سه‌ر دیاریکردن و به‌ستنی کۆنگره و پێویسته له‌ماوه‌ی کاتێکی دیاریکراودا به له‌به‌رچاوگرتنی دۆخی په‌تای کۆڕۆنا و هه‌روه‌ها له‌باری کاتی کۆنگره ڕاپۆرتی کۆتایی خۆی بداته‌وه به کومیته‌ی ناوه‌ندی. له‌ژێر ڕۆشنایی به‌رنامه و دیاریکردی کار و خه‌باتی داهاتوو،پلۆنۆم دوای دوو ڕۆژ کاری بەردەوام به‌شێوه‌یه‌کی سه‌رکه‌وتوو کۆتایی به‌کاره‌کانی خۆی هێنا.
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران کومیته‌ی ناوه‌ندی
٨ی ڕەزبەری ١٣٩٩کۆچی خۆری
٢٩ ی سێپتامبری ٢٠ ٢٠