نائارامی و شەڕ لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەراست لە ئێستادا بە ترۆپکی خۆی گەیشتووەو ئەگەر لێکدانەوەیەکی سەرەپێی ی بۆ بکرێ دەبینین رژێمی ئێران دەوری سەرەکی دەبینێ. ئەم ئاگرەی رژێم هەڵایساندوە لە بنەڕەتدا دەگەرێتەوە بۆ مەسەلەی فکری و ئایدۆلۆژی. رژێمی ئێران بە سازکردنی حیزبەوڵای لوبنان و هەروەها شەڕی ئێران و عێراق و زەقکردنەوەی شیعاری رێگەی "قودس لە کەربەلاوەیە"، نیشانی دا کە بە دوای دامەزرانی ئیمپراتویەتی شیعەیە لە ناوچەکەو بۆ هێنانەدیی ئەو ئامانجەی سیاسەتی پشتیوانی لە شیعەی وەڵاتانی گرتەبەر. سیاسەتە فاشیستیەکانی رژێم لە ناوچەکەدا سێ دەیەیە بۆتە فیتنەیەکی گەورە رۆژ لە دوای رۆژ ئاگری ئەو شەڕو فیتنەیە بەربڵاوتر دەبێ. ئەوەی روونە لە دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئەفغانستان و عێراق رژێم توانی لەو دوو وەلاتەدا بە بیانووی پشتیوانی لە شیعەکان دەستێوەردانی جۆراوجۆر بکاو دەوری سەرەکی بگێرێ لە نائەمن کردن و سازکردنی کێشەی نێوخۆیی و تایفەیی و مەزهەبیەکانی ئەو وەلاتانە و لە دوای 15 ساڵ وەک دەبینین لەو دوو وەڵاتەدا رژێم ئەسبی خۆی غاردەداو بە تەواوی سێبەری رەشی کێشاوە بەسەر هەر دوو وەڵاتدا, بە سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی و رووخانی چەندین وەڵاتی دیکەی وەک تونس و میسر و لیبی و یەمەن بەربەستەکانی بەردەم پەلهاویشتنی رژێمی ئێران کەمتر بوونەوە، هاوکات بە شێوەی جۆراوجۆر هەوڵی جوڵاندنی شیعەکانی عەرەبستان و کوەیت و بەحرەین دەداو هانیان دەدا کە دژ بە دەسەڵاتی ئەو وەڵاتانە راوەستن، وە ئەو هەوڵانەی رژێم بە دەیانجار لەلایەن دامودەزگاکانی ئەو وەلاتانەوە لەقاو دراوە.
ئەوەی بۆ رژێمی ئێران لەو ماوەدا قورس و گران کەوت سەرهەڵدانەکانی خەڵکی سوریە دژ بە حکومەتی بەشار ئەسەدی هاوپەیمانی رژێم بوو لە ناوچەکەدا، کە وەک دەبینین بۆ مانەوەی حکومەتی بەشار ئەسەد لە سوریە رژێمی ئێران بە ماڵ و گیان شانی دا بەر ئەو شەرە، هۆی ئەو پێداگریانەی رژێم بۆ پشتیوانی لە حکومەتی سوریە ئەوە بوو کە بەپێچەوانەی باقی وەڵاتانی عەرەبی وەڵاتی سوریەی زۆرینە سونی لەلایەن کەمینەی عەلەوی لایەنگری رژێمی ئێرانەوە ئیدارە دەکرێ و بەکەوتنی ئەو دەسەڵاتە بەربەستێکی گەورە دروست دەبێ لەبەردەم بەرنامە و سیاسەتەکانی رژێمی ئێران، ئەو بەربەستە دەبێتە هۆی ئەوەی رژێم وەک رابردوو دەستی بە شیعەکانی باشووری لوبنان نەگاو پێگەی لەو ناوچەیە لاواز بێ کە بۆ 35 ساڵ دەچێ سەرمایەگوزاری لەسەر دەکا.
لە دوای ئەوەی حەسەنی رۆحانی بووە سەرەککۆمار، یەکێک لە پروپاگەندەکانی سازکردنی پەیوەندیەکی باش بوو لەگەڵ وەڵاتان، بەتایبەت وەڵاتانی ناوچەکە، بەڵام بەکردار راست پێچەوانەکەی هاتەدیی، لەگەڵ بەردەوام بوون لەسەر سیاسەتەکانی پێشوو، چەندین کێشەی نوێی لەگەڵ وەلاتانی دیکەی وەک عەرەبستان و یەمەن و ئێستاش بەحرەین سازکردووە و لە یەمەن لە رێگەی پشتیوانی لە حوسیەکان شەڕی حکومەتی یەمەن و عەرەبستان دەکا و هانی شیعەکانی عەرەبستان دەدا لە دژی دەسەڵاتی ئەو وەڵاتە راپەڕن و لە دوای ئێعدامی شێخ نمر النمر، رژێم پەلاماری سەفارەت و کونسولخانەکانی ئەو وەڵاتەی لە ئێران داو پەیوەندیەکانی هەر دوولا تا دێ خراپتر دەبێ.
هەروەها لە دوای بڕیاری حکومەتی بەحرین بۆ لێسەندنەوەی مافی هاوڵاتی بوون لە ئاخوند "عیسا قاسم" ی لایەنگری رژێم، بە تاوانی هاندانی خەڵک لە دژی حکومەتی ئالی خەلیفەی ئەو وەڵاتە، رژێمی ئێران کەوتە هەڵوێست گرتن و هەڕشە کردن لە دەسەڵاتدارانی بەحرەین.
ئەگەر چی خەڵکی بەحرینی زۆرینە شیعە مافی خۆیانە داوای مافەکانیان لە دەسەڵاتدارانی ئەو وەڵاتە بکەن، بەڵام ئەوەی لۆپی باسەکەیە دەستێوەردانی رژێمە لەو وەڵاتە و هەڵدانی بۆ رووخانی ئالی خەلیفە و دامەزرانی حکومەتێکی شیعەی نزیک لە خۆیەتی.
لەو بارەوە ئەوەی دەنگدانەوەی زۆری هەبوو راگەیەندراوی پاسدار قاسمی سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی رژێم و راگەیەندراوی سوپای پاسداران بوو، کە تیایدا پاسدار سلێمانی هەڕەشە لە دەسەڵاتدارانی بەحرین دەکاو خەڵکی بەحرەین بە موسڵمان و چەوساوە پێناسە دەکا، کە ساڵانێکی زۆرە لە ژێر فشار و زۆری دەسەڵاتدارانی بەحرەین دا دەچەوسێنەوە.
راگەیەندراوەکەی قاسمی سلێمانی و سوپای پاسداران لەسەر مەسەلەی بەحرەین دەکرێ دوو خوێندنەوەی بۆ بکرێ، یەکەم ئەوەی کە لە ناوچەکەدا ئەوە حکومەت نیە کە سیاسەتی دەرەوە دادەرێژێ بەڵکوو سیاسەتی دەرەوە لە ژێر هیژموونی سوپای پاسدارانی رژێم و بە دیاری کراویویش باڵی دەرەوەی ئەو هێزە ترۆریستیە دایە، حکومەت و هەنگاوەکانی لەو چوارچێوەدا بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ سوپای ترۆریستی قودس سەرکەوتوو نابێ و لە راستیشدا حکومەت دەورێکی رووکەش دەبینێ.
دووهەم ئەوەی کە لای دەسەڵاتدارانی رژێم موسڵمان و چەوساوە تەنیا شیعەکانی بەحرینن و رێگەی سەرکەوتنیشیان بە راپەرینێکی شیعەکان و بە پشتیوانی هێزێکی شیعەی لایەنگری رژێم دەکرێ! لە حاڵێکدا ئەگەر پێچەوانەکەی بێ و رازی بە رژێمی ئێران نەبن یان بەجۆرێک نافەرمانی ئەو دەسەڵاتە بکەن بە دەردی "محمود ئەلحەسەنی ئەلسەرخی" مەرجەعی شیعەکانی عێراق لە کەربەلا دەچن. لە ئاکامی ئەم باسانەدا زۆرجار ئەو پرسیارانە دەوروژێن کە رژێمی ئێران بەوشێوە سەرسەختانە خۆی بەداشداری شیعە دانەنێ، چیی بۆ شیعەکانی ئێران کردوە؟ ئایا حاڵ و گوزەرانی شیعەکانی ژێر دەسەڵاتی ئالی خەلیفە و ئالی سەعود باشترە یان ژیان و گوزەران و ئازادی شیعەکانی دیلی رژێم لە ئێران؟ ئایا عێراق نمونەیەک نیە بۆ حکومەتی شیعەی لایەنگری رژێم، خەڵکی باشوور عێراق ژیانیان باشترە یان شیعەکانی کوەیت؟
بە خوێندنەوەیەکی کورتی ئەو باسە بەو راستیە دەگەین کە رژێمی ئێران رژێمێکی مەترسیدارە کە تەنیا و تەیا بیر لە دەسەڵات و مانەوەی خۆی دەکا، لەو پێناوەدا ناچەکەی نوقمی شەڕ و کێشەی تائیفی کردوە بەبێ ئەوەی خزمەتێکی بە خەڵکی شیعەی ناوچەکە کردبێ، بێ گوومان هەتا رژێمی ئێران هەبێ و سنوورێک بۆ زیادەرەوییەکانی دانەنرێ ئەم ئاگرە هەر تەشەنە دەکاو ئەو هەرەشە و گورەشانەی لەلایەن سوپای قودس و سوپای پاسداران و باقی دەسەڵاتدارانەوە لە بەحرەین دەکرێ، ئەوەمان پێ دەڵێ کە ئەگەر رێگری لە دەسەڵاتدارانی ئێران نەکرێ ئەوە کێشەیەکی دیکەی ماڵوێرانکەر بەرێوەیە. ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە کە تا سەر رژێمی ئێران ناتوانێ لە ناوچەیەکی ئاژاوە لێدراودا بە ئارامی بمێنێتەوە بەڵکوو لە داهاتوویەکی نزیکدا خۆیشی لەو باتڵاقەدا رۆدەچێ و ئاگری ئەو شەڕەی سازی کردوە بە ناخیدا دەچێتەخوار.