بە پێی هەواڵ و ڕاپۆرتە میدیاییەکان، ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی 26ی ڕەزبەر، میلیشیا بەکرێگیراوە عێراقیەکانی سەر بە ڕژیمی ئاخوندی ئێران، هێرشیان کردۆتە سەر بارەگای پارت
بە پێی هەواڵ و ڕاپۆرتە میدیاییەکان، ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی 26ی ڕەزبەر، میلیشیا بەکرێگیراوە عێراقیەکانی سەر بە ڕژیمی ئاخوندی ئێران، هێرشیان کردۆتە سەر بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغداد،کە بە داخەوە ئاڵای کوردستان و بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستانیان سووتاندووە. سووتاندنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان کە هێماو درووشمی نەتەوایەتی گەلی کوردە و نەتەوەکەمان بە درێژایی مێژووی خەباتی ئازادیخوازی و گەیشتن بە پلەی ڕزگاری و داماڵینی زنجیری ژێردەستی لە گەردنی خۆی، تا گەیشتۆتە ئەمڕۆ، دەریایەک خوێنی باشترین ڕۆڵەکانی لە پێناودا ڕشتووە و زۆر کارەساتی دڵتەزێنی بینیوە و ڕەنج و ماڵوێرانی بێ ئەژماری تێچووە. سوتاندنی ئاڵای پیرۆزمان، بەتەنها بێ ڕێزی و سووکایەتی کردن بە لایەنێکی دیاریکراوی کوردیەوە نیە، بەڵکو بێڕێزی و سووکایەتیە بە پیرۆزی هێمای نەوەێک کە لە هیچ قۆناغ و سەردەمێک دا هەوڵی داگیرکردنی وڵاتی هیچ نەتەوەێکی نەداوە و بگرە لەپێناو ئاشتی و ئاوەدانی و هێمنایەتی ناوخۆیی و ناوچەیی دا بەردەوام لە خەبات و تێکۆشان دا بووە.
ئاشکرایە سووتاندنی ئاڵای نەتەوەێک کە بە پێی قانون لە چوارچێوەی حکومەتی فیدڕاڵی عێراق دا کە مافەکانی و ئاڵاکەی پەسندکراوەو بە ڕەسمی ناسراون، کردەوەێکی قێزەونی شۆڤێنیستیانەیە کە تەواو ناقانوونی و لە پێناو ئاڵۆزکردنی زیاتری بارودۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و ناوچەکەدایە و لە سەر حکومەتی عێراق پێویستە بە کردەوە ڕێگە لە بەکرێگیراوانی ڕژیمی ئاحوندی بگرێ و ئەنجام دەرانی ئەم جۆرە کردەوانە ئاشکراو دادگایی بکاو بە سزای تاوانەکانیان بگەێنێ. لە هەمان کاتیش دا بە ئەرکی نەتەوایەتی و نیشتمانی و شۆڕشگێڕی هەموو لایەکی دەزانین کە بۆ بەرپەرچ دانەوە و ڕیسواکردنی ئەم جۆرە کردەوە نەشیاو و ترۆریستیانە، یەک دەنگ و یەکگرتوو هەڵوێست بگرین و نەهێڵین نەویستانی گەل و داگیرکەرانی نیشتمانمان لە رێگەی بەکرێگیراوانیانەوە، هەروا بە سووک و ئاسان بە ئامانجە نگریسەکانیان بگەن.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران، کردەوەی نامرۆڤانەی بەکرێگیراوانی ڕژیمی ئێران و داگیرکەرانی کوردستان و دژایەتی بەردەوامیان لەگەڵ گەلی کورد مەحکوم دەکات و داوا لە تێکڕای چین و توێژەکانی کوردەواری دەکا کە یەکگرتوانە بەدژی ئەم جۆرە کردەوانەدا بچینەوە ولە هەمان کاتیش دا داوا لە ناوەندە جیهانیەکان و ووڵاتانی خاوەن هێزی جیهان و هێزی هاوپەیمانان دەکەین، ڕێگە بگرن لە هێرشە بەردەوامەکانی ڕژیمی ئێران بۆ سەر هێزەکانی کوردستانی ئێران و هەروەها خەڵکی عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
26ی ڕەزبەری 1399