عەلی ئەکبەری ناتقی نووری رۆژی 6ی پووشپەڕی 1395، کە لەسەر گۆری خومەینی قسەی دەکرد، ئیشارەی بەو راپۆرتانە کرد کە لەلایەن خودی دەسەڵاتدارانەوە سەبارەت بە قەیران و دیاردە کۆمەڵایەتیەکان بڵاودەکرێتەوە و گووتی: بەداخەوە خۆمان ئامار گەلێک سەبارەت بە وەزعی موعتادان، کارتۆن خەوەکان و بەرتیل و ... بڵاو دەکەینەوە و دژمن هەر ئەو ئامارانەی خۆمان دژ بە خۆمان بە کاردێنێ. ئایا بەو وەزعە دەتوانین لە مەسەلەکانی دیکەدا بینە نمونە و ئولگوو؟ <br>سەیرە کە ئەو دەسەڵاتدارەی رژێم نیگەرانی 11 ملوێن هەژار، ملوێن و نیوێک موعتاد و گرتنی 600 هەزار کەس لە ساڵدا نیە کە رەحمانی فەزڵی وەزیری ناوخۆی رژێم دیانی پێداناوە، هەروەها نیگەرانی 10 ملوێن لاوی دەرچووی زانکۆی بێکار نیە کە موحسینی رەنانی ئیعترافی پێ کردوە بەڵکوو گلە و شکایەتی ئەو ئاخوندە لە بڵاو کردنەوەی ئەو ئامارانەیە. لەوە دەرچین کە ئەو ئامارانە مشتێکە لە خەرمان کە بەهۆی کێشە و شەڕی نێوان تاقمە دەسەڵاتدارەکاندا ئیشارەی پێ دەکرێ. لە هەموی سەیرتر ئەوەیە ئاخوند ناتقی نووری خەیاڵی ئولگو بونی رژێمی لە سەردایە!
ئەو ئاخوندە جینایەتکارە بەردەوام دەبێ و لە بەشێک لە قسەکانی دا، ئیعتراف بە زوڵم و زۆر لە دادگاکان دەکاو دەڵێ: رۆژێک کەسێک لە دەفتەری پێداچوونەوە هاتە لام و وتی من هیچ چاوەروانیەکم لێت نیە تەنیا دەمەوێ داوا لە دادگا بکەن کە بەشێوەی دادپەروەرانە پەروەندەکەم لێک بداتەوە. بۆدەبێ خەڵک گیانیان بلەرزێ و بەو باوەڕە بگەن کە هەموو ئەو شتانە خراپن؟ خەڵک وادەلێن، دەڵێن ئەوانە بەو شێوەن.
بەڵێ لە مێژە خەڵک بە چەوتی و گەندەڵی رژێمی ویلایەتی فەقیەیان زانیوە کێردیان بە ئێسک گەیشتووە. گەندەڵیەکی قوڵ و سیستەماتیک. بەڵام بە رای ئێوە ئاکامی ئەو گەندەڵیە چ بووە؟ ناتقی نووری بەو جۆرە وەڵام دەداتەوە: هەموومان ئەو پرسیارەمان لێ دەکرێ و دەبێ خەسار ناسی بکەین کە بۆچی دوای 37 ساڵ لە زۆربەی مەسەلەکاندا بۆ دواوە چووینەتەوە؟
ئەو قسەی ناتقی نووری بێ وەڵام نەمایەوە، دوو رۆژی پێنەچوو ئاخوند لاریجانی هاتە پێش و ووتی: هەندێ جار چاوەروانیەکان لە جێی خۆیدا نیە. بۆچوونێکی لاوازە. ئاقایەکی پلەبەرز دەڵێ کە هاتوونەتە دەفتەرەکەم و پێ یان ووتووم کە هیچ چاوەروانیەکم نیە تەنیا ئەوەی کە بە دادگوستەری بڵەی کە لە پەروەندەکەم دا دادپەروەر بن. هەروەها ئەو ئاقایە کە قسەکە دەگێرێتەوە دەڵێ بۆ دەبێ خەڵک لەشی بکەوێتە لەرزە. سەیر، بۆچوونی چۆنە. بەداخەوە بۆ ئەو لێکدانەوە بێ حسێب و کتێبە. ئێمە هەندێ جار هەڵە دەکەین لە کارەکانمادا. کەسانێک کە لە نیعمەتی ئینقلاب دەستکەوتی زۆریان بووە ئێستا دەوری ئۆپزسیۆن دەگێڕن. هەموو خاڵە باشەکان دەخەنە ژێرپرسیارەوە. ئومێدەکانی خەڵک نا ئومێد دەکەن ئاخر بۆچی؟
راستی مەسەلەکە ئەوەیە کە لەلایەک ئاخوند ناتقی نووری ئیعتراف بەوە دەکا کە رژێمی ویلایەتی فەقیە توانای چارەسەری دیاردە کۆمەڵایەتیەکانی نیە و لەو بارەوە دۆشداماوە و لەلایەکی دیکەوە ئاخوند لاریجانی دەڵێ تۆ کە لەو هەموو نیعمەتەی نیزام خاوەن بەش بووی قسە مەکە با خەڵک نا ئومید نەبن. نا ئومێدی خەڵک لە نیزام ووشەیەکە کە لەم دوایانەدا دەسەڵاتداران زۆری بە کار دەبەن، کە بە مانای پێ گرتنی نارەزایەتی و راپەرینە. هەرچەند خەڵک و لاوانی ئێران هیچ کات ئومێدیان بەو سیستەمە نەبەستووە. ئەوان لە دەست رژێم دواکەوتوو و جینایەتکار هەڵدێن و هەوڵ بۆ رووخانی دەدەن. خاڵی هاوبەشی نیگەرانیەکانی ئەو دوو ئاخوندەش هەر لەو بارەوەیە.