لە نوێترین هەنگاودا ئامریکا گەمارۆی خستە سەر وەزیری ئیتڵاعاتی ڕژیمی ئێران و دو فەرماندەی هێزی ئینتزامی وچەندین کەس و دامەزراوەی نزیک بە ڕژیمی ئێران
لە نوێترین هەنگاودا ئامریکا گەمارۆی خستە سەر وەزیری ئیتڵاعاتی ڕژیمی ئێران و دو فەرماندەی هێزی ئینتزامی وچەندین کەس و دامەزراوەی نزیک بە ڕژیمی ئێران.
مەحمود عەلەوی لە یەکەم دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانی بە ڕێکەوتنی خامنەیی بۆ وەزارەتی ئیتڵاعات هەڵبژێردرا، و بەهۆی ڕۆڵی لە سەرکوتی خۆپیشاندەرانی خەزەڵوەری ساڵی ،98 لەگەڵ دو فەرماندەی دیکەی هێزی ئینتزامی گەمارۆ خراوەتە سەریان.
وەزارەتی دارایی ئامریکا ناوی مەحمود عەلەوی و کەسانی دیکەی لە لیستی گەمارۆ تۆمار کردووە.
سەروەت وسامان و حیسابی بانکی ئەم کەسانەی لە ئامریکا ڕاگرتووە و حەقی وەرگرتنی ڤیزای ئامریکای لێ ساندونەوە.
جگە لە وەزیری ئیتڵاعاتی ڕژیم ، حەیدەر عەباس زادە، فەرماندەی هێزی ئینتزامی پارێزگای خوزستان، و ڕەزا پاپی فەرماندەی ئینتزامی شاری ماهشەهر، لەم لیستەدان و هەم خۆیان و هەم کەسانی نزیکیان ڕێگەیان پێ نادرێ بچنە نێو خاکی ئامریکاوە.
ئامریکا پێشتر باسی لەوە کردووە کە دەیهەوێ لە ساڵڕۆژی ئەم خۆپیشاندانە، گەمارۆ بخاتە سەر چەندین کەس کە لەم سەرکوتانەدا بەشدار بوون .
مایک پەمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەتویتێکدا پاش گەمارۆکان نوسی، ساڵێک لەمەو پێش ڕژیمی ئێران 148 کەس لەخەڵکی ئێرانی لە شاری ماهشەهر کوشتووە و بە ئاماژە بەناوی دو فەرماندەی ئەم پارێزگایە، وتی: ئێمە قەت ئەم جینایەتانە لەبیر ناکەین.
وەزیری ڕژیمی ئێران پێشتر وتبوی، بەهۆی سەرکوتی خۆپیشاندانی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو 200کەس کوژراون، بەڵام ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی وتویەتی کە ژمارەی کوژراوان لانیکەم 300کەس بوون.
هەواڵدەری ڕۆیتەرز لەڕاپۆرتێکدا نوسی:ژمارەی قوربانیانی ئەم خۆپیشاندانە زیاتر لە 1500کەس بوون.