شیلان محەممەدی
شیلان محەممەدی
باڵادەست بوونی هەستە نەرێنیەکانی مرۆڤ، تا دێ بنەماکانی پێوەندی کۆمەڵایەتی بەرەو هەڵدێر ئەبا و مخابن ئەمرۆکە نەزمی نوێی جیهانی بەرەو ڕەهەندێکی ناشارستانی ودوور لەبنەما بەرزە ئەخلاقیەکانی مرۆڤایەتی بردووە، و تەوەری بەرژەوەندی تاک لایەنە و لەبەرچاو نەگرتنی بەرژەوەندی گشتی سیاسەتی جیهانی لەسەر دارێژراوە.
خاوەن هێزەکان بێ هێزەکانیان دوور خستۆتەوە و یاسای گشتی کارپێکراوی نێونەتەوەیی، زۆر جار لە یاسای دارستان دەچێ و لەگەڵ پێکهاتنی زۆر قەوارە و ناوەند بۆ بەرگرتن لەو ڕەوتە نەشیاوە، بەداخەوە زۆرجار لایەنی براوە تەنیا بە شوێن بەرژەوەندی تاکلایەنەوەیە.
لە مێژوودا، بە سەدان و هەزاران دەسەڵاتدار و سیستمی دیکتاتۆری و .... حکومەتیان کردووە و لەسایەی ئەو دەسەڵاتانەوە، نەتەوە گەلێکی زۆری سەر گۆی زەوی کراونەتە ژێر چەپۆکە و داپڵۆسێندراون.
یەکێک لەو نەتەوە غەدر لێکراوانەش نەتەوەی کوردە. ئەو نەتەوەیە لەدوای شەڕی چاڵدێرانەوە دابەش کراو و بەردەوام هەوڵی لەناو بردن و ئاسمیلای درا....
ئەو نەتەوە غەدر لێکراوە هەر لەوکاتەوە تا ئێستا لەلایەن دەسەڵات و سیستم و ڕژیمەکانی دەسەڵاتدار، لەگەڵ ستەم و سەرکوت و بێ مافی بەرەوڕوو بونەوە.
لەو سەردەمەوە تا ئێستا، نەتەوەی کورد بۆتە خۆراکی ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆر و دژە کوردانەی کە کوردستانیان بەسەریان دا دابەش کراوە، لەهیچکام لەو پارچەکانی کوردستان، دانیشتوانی چەوساونەتەوەو تەنانەت شێوازی ژیانیشی ئاسایی بەدەست خۆی نەبووە.
هەر ڕاپەڕینێکیش دا لەبەرانبەر ئەو ستەم و زوڵمانەدا کە لێی کراوە، سەرکردە و ڕێبەرانی شۆڕشەکانی ترۆر و لەدار دراون و گەنج و لاوانی قەتڵ و عام کراون، و شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی کپ کراونەوە...
زۆربەی کاتەکان ئەم هۆکارانە کوردی ناچار کردووە کە لەپێناو ئازادی و ڕزگاربوون لەدەست چەوسانەوە، چاوی لە دەستێ بێ بۆ نەجات دانی لەو بارودۆخە دا،کە بە داخەوە ئەوەش دیسان زەربەیەکی گەورەی لەکورد داوە و وای کردووە کە ڕژیمە گەندەڵ و دیکتاتۆرەکان بتوانن بە سود وەرگرتن لە خودی کورد، کورد بەرەو لەناوچوون بەرن.
مێژوو شاهێدی ئەو ڕاستیانەیە کە کورد تا ئێستا هیچ بەرژەوەندیەکی نەبووە لەناو ئەو کایە سیاسیەی کە دەسەڵاتە زلهێزەکانی جیهان تا ئەمڕۆ کردویانە و دەیکەن، کورد لەناو هیچکام لە هەلومەرج و کێشە سیاسیانە شۆێن دانەر نەبۆتەوە و هەوڵی سڕینەوەی دراوە.
کورد کە تا ئەم قۆناغەی ئێستا هاتووە، تەنیا بە تێکۆشان و قوربانی دانی خۆی بووە، و هیچ دەسەڵات و گەورە هێزێکی جیهانی هاوکاری کوردی نەکردوە لەماوەی خەبات و بزوتنەوە پیرۆز و حەقەکەیدا.
بۆیە دیسانەوە هیوا هەڵچنین و پشت بەستن بە دەسەڵاتە زلهێزەکان و چاوەڕێی ڕەحم و بەزەیی ئەوان، جگە لە بێ هیوایی و سەرلێشێواوی، هیچی بۆ کورد تێدا نیە.
لەنێو ئەوکایە سیاسیەی کە دەسەڵاتە زلهێزەکان دەیکەن، پشکی کورد تەنیا ئەوکاتە دەردەکەوێ کە قازانج و مەسڵەحەتیان لە کوردستانە.
ئەوەی ئاشکراو ڕوونە و تا ئێستا بەپێی مێژووش سەلماوە، ئەو ڕاستیە بەکورد دەڵێ کە ئەو ڕەوتەی کورد تا ئێستا گرتویەتیە بەر لەناو دونیای سیاسەت و کایە سیاسیەکاندا، هەڵەیە و پێویستە کە کورد هەموو هەوڵ و تێکۆشانەکانی لەپێناو پاراستن و بەزیندوو هێشتنەوەی سەروەری و دەسکەوتەکانی دا بخاتە گەڕ.
نەتەوەی کورد هۆکار و دەسکەوتی گرنگ و مێژووی زۆری هەیە بۆ ئەوەی بتوانێ خودموختار بێ و بە دەرس وەرگرتن لەهەڵەکانی مێژوو، خەبات و بزوتنەوەکەی بەرەو ئاقاری پێشکەوتن و سەرکەوتنی زیاتر بەرێ.