بە پێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی هەواڵدەری ئێکسیۆس، هێزەکانی ئیسراییل، لە حاڵی ئامادەباشیدان بۆ ئەگەری هێرشی ئامریکا بۆ سەر ڕژیمی ئاخوندی. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەگەری هێرش بۆسەر ڕژیمی ئاخوندی لە ئارادایە پێش کوتایی هاتنی دەورەی سەرۆک کۆماری دۆناڵد ترامپ.
باراک ڕاوید، پەیامنێری ئەم ماڵپەڕە لەزاری بەرپرسانی ئیسراییلی نووسی: ئەم ئامادەباشیەی هێزەکانی ئیسراییل، تەنیا بەپێی هەڵسەنگاندن و زانیاری نیە، بەڵکو بەو پێیەیە کە بەرپرسانی ئیسراییلی ، نیگەرانی قۆناغی پێش دەسپێکی سەرۆک کۆماری جۆبایدنن، کە ڕۆژی ۲۰ی ژانویە کەمتر لە دوومانگی دیکەیە، و پێیان وایە قۆناغێکی هەستیارە. لەو ڕاپۆرتەدا هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە ئامادەباشی هێزەکانی ئیسراییل، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لەوانەیە ڕژیمی ئێران تۆڵە لە ئیسراییل بکاتەوە جا بەشێوەی ڕاستەوخۆ بێت یان لەڕێگەی گروپەکانی سەربەخۆی لەسووریە و غەززە و لوبنان.
حەوتویی ڕابردوو، نیۆیۆرک تایمز، لەڕاپۆرتێکدا نووسی: دۆناڵد ترامپ، ئەگەری هێرش بۆسەر دامەزراوەی پیتاندنی نەتەنز" ی لەگەڵ ڕاوێژکاران و بەرپرسانی پلەبەرزی کابینەکەی باس کردوە، بەڵام چەند کەس و لەوانەش مایک پەمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئامریکا، لەپێوەند بەم هێرشە و لێکەوتەکانی هۆشیاری داوە.