٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ی کۆچی خۆری ،قۆناغێکی تاڵ و کارەساتبارە لە دیرۆکی خەباتی خەڵکی کوردستان. ٢٨ی گەلاوێژ ئەو رۆژە یە کە فەرمانی جیهاد دژی گەلی کوردی تێدا دەرکرا و خومەینی جینایەتکار فەرمانی بە هێزە دڕندەکانیدا هێرش بەرنە سەر کوردستان و لە ماڵ و ناموس و گیانی هاوەلاتیانی کورد دەست نەپارێزن. <br>لەکاتێکدا کورد دەیهەویست لە رێگەی ئاشتیەوە چارەسەری کێشەکانی خۆی لەگەڵ رژیم بکات روی راستەقینەی دەسەڵات بە دەرکردنی ئەو فەرمانە دڕندانەیە بۆ گەلی کورد ئاشکرا بوو. هەروەها بە لەبەرچاو گرتنی بنەما ئیدئۆلۆژییە دواکەوتوەکانی ئەو دەسەلاتە دژی مرۆڤە هەر جۆرە هەولێک بۆ چارەسەری ئاشتیانە، لەلایەن دەسەڵاتەوە شکستی پێهیندرا و تەنانەت هەوڵی کپ کردنی دەنگی ئازادیخوازانەی ئەو گەلە لە رێگەی ئاسن و ئاور و باروت درایەوە و وەڵامی خومەینی بۆ داوا رەواکانی کورد سڕینەوەی یەکجاری ئەو گەلە بوو. لەدوای ئەو هێرشە، خەڵکی کوردستان خۆراگریێکی کەم وێنەی مێژووییان بەرێوە برد و لە رێگەی جۆراوجۆر بەرپرچی ئەو حوکم وهێرشە درندانەیان دایەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بەداخەوە دەرئەنجامی ئەو شەڕە داسەپاوە کارەساتێکی هەژێنەری مرۆیی بوو کە تێیدا بە سەدان ژن و منداڵ و گەنج و پیری کورد لە زۆربەی شار و دێهاتەکانی کوردستان بوونە قوربانی و شەهیدکران.
لەماوەی هێرشی هێزە بەکرێگیراوەکان بۆکوردستان و لەو قۆناغە سەختە دا پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات لە ژێر رێبەرایەتی مامۆستا سەیید جەلالی حوسەینی خۆڕاگری وقارەمانی کەم وێنەیان ئەنجامدا بەتایبەت لە تێکشاندی هێزی گاردی جاویدان (سپای قودس) وانەیێکی کەم وێنەیان بە دەسەڵاتداراندا و لەدوای ئەو جەنگە کەم وێنەیە خومەینی ناچاربوو لە رادیۆ تاران بڵێ "خەڵکی کوردستان من دەنگی ئێوەم بیست" و سەرلەنوێ بانگەشەی فریوکارانەی دیاڵوگ و چارەسەری ئاشتیانە بەرز بکاتەوە.
بێ گومان بە تێپەرینی ٣6 ساڵ بەسەر ئەو کارەسات و سەردەمەدا، قورسایی ئەو فەتوا دڕندانەی خومەینی لەسەر شان و ژیانی خەڵک ماوە و بە رێگەی جۆراوجۆر لەلایەن کاربەدەستانی رژیمەوە تا ئێستاش کاری پێدەکرێ. هەر لەو چوارچیوەدا ٣6 ساڵە کوردستان لە رێگەی فشارە ئابووری و سیاسی و ئەمنیەتی و پەرەدان بە خەسارە کۆمەڵایەتیەکان لە لایەن دەسەلاتەوە ئەوفەتوایەی لەراست بەرێوە دەچێ. باوەر بەوەی کە دەسەڵات بە گۆڕینی مۆرەکانی لەراست خەڵکی کورد گۆڕانی بەسەر دا بێ خەیالێکی دوور لە راستی و چەواشەکارانەیە. تەنیا رێگەی کۆتایی و هەڵوەشانەوەی ئەو فەتوایە و رزگاری خەڵکی کورد لەدەست مەینەتی و بێ بەشیەکانی دەسەڵات نەمانی ئەو دەسەڵات و سیستەمە و جێگرکردنی دەسەڵاتێکی دیموکراتیک و خەڵکیە.
جێگەی دڵخۆشیە کە خەڵکی کوردستان بە ئیرادەیێکی قایم بۆ گۆڕانی دۆخی هەنووکەیی لەسەرانسەری کوردستان تێ دەکۆشن و سەرەڕای بەرەوسەر بردنی فشارە سیاسی و ئابووری و کۆمەلایەتیەکان خەڵک زیاتر پێ لەسەر مافەکانیان دادەگرنەوە و ووشیارییەکی سیاسی بەربڵاو لە ئاستی کوردستان بەرچاو دەکەوێ.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران لەساڵیادی فەرمانی دزێوی خومەینی بۆ هێرش کردنە سەر کوردستان سڵاو و درود دەنێرێ بۆ روحی پاکی شەهیدان و دووپاتی دەکاتەوە کە باش بوونی دۆخی گەلی کورد بە مانەوەی ئەو دەسەڵاتە هەرگیز وەدی نایە و تەنیا چارەسەر هەوڵ و خەباتی هەمەلایەنە و هاوخەباتی لەگەڵ باقی نەتەوەکانی ئێران بۆ نەهێشتنی ئەو دەسەڵاتە نارەوایە لە وەلاتی ئێرانە.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
کومیتەی ناوەندی
٢٨ی گەلاوێژی ١٣٩4