پێنچ شه‌مه‌ 

1 سه‌رماوه‌ز2724
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

کاریگەری خەسارە کۆمەڵایەتیەکان لەسەر توندوتیژی دژ بە ژنان.

کاریگەری خەسارە کۆمەڵایەتیەکان لەسەر توندوتیژی دژ بە ژنان.

شیوا فەرەجی

شیوا فەرەجی
شتێکی روون و ئاشکرایە کە ژنان لە سەرتاسەری دونیا دا بە هۆی جۆراوجۆر رووبەرووی توندوتیژی دەبنەوە کە هۆکاری بنەڕەتی ئەو توندوتیژیانە لە دژی ژنان لە لایەنی جنسی بەرامبەرەوە، بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ زاڵ بوونی پیاو بە سەر چارەنووسی ژن و بە کارهێنانی دەسەڵات و توانایی پیاوان لە سەر بنەمای پێکهاتەکانی نابەرانبەری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی وزاڵبوونی کلتوری پیاوسالاریە لە کۆمەڵگادا.بە هۆی برەو دان و باڵادەست بوونی فەرهەنگ و کلتور و پەرەپێدانی بیرو باوەڕی پیاو سالارانە بە سەر ژنان دا، بە ناوی رەگەزی دووهەم وەک پلەی نزمی ناو کۆمەلگا و بە کەم زانین و ناتونایی ژن لە بەرامبەر پیاو دا، چاو لێبکرێ. ئەم جۆرە تێڕامان و هەڵسەنگاندنانە دەبنە هۆی ئەوەی کە بە شێوەێکی داتاشراو و نا شارستانیانە و دواکەوتوانە دا، توندوتیژی لە دژی ژنان رەوایی پێبدرێ و پاساوی دوور لە مەنتق و زانستی بۆ بهێندرێتەوە. کاتێک لە تێکڕای جیهان دا ، تەنانەت لە وڵاتانی پێشکەوتووی ماف پەروەر و دیموکراتیش دا مافی بەرامبەری ژن و پیاو ، وەک دوو کۆڵکەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە بەر چاو ناگیرێ و ژنان لە زۆر بار و بوار دا بە پلەی بەر چاو لە پیاوان نزمترن، دەبێ لە وڵاتانی دواکەوتوو و خاوەن فەرهەنگ و کلتوری پیاو سالاری دا، ژنان لە چ هەل و مەرج وپلە و پایەێکی کۆمەلایەتی و سیاسی ، فەرهەنگی، ئابوری دا بن و لە ژێر چ وەزن و قورساییکی نابەرامبەری دا بنالینن؟.
لەم بابەتەدا سەرنج و تێڕوانین دەخەمە سەر بە شێک لە خەسارە کۆمەڵایەتیەکان و هەل و مەرجی مافی ئینسانی ژنان لە کۆمەڵگای بندەستی رژیمی ئاخوندی و سیستمی ویلایەتی فەقیە لە ئێران دا!. هەل و مەرج و وەزعی مافی مرۆڤی ژن لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی رژیمی ئاخوندی دا جێگای نیگەرانیە و بە شێوەێکی بەربڵاو مافی ژنان لەم وڵاتەدا لە هەموو باریکەوە ژێر پێ دەدرێ و دەخرێتە بەر تەوژمی توند و تیژی و بە هێندنەگرتنیان . کە ئەم توندو تیژی و ماف ژێر پێخستنانە لەم وڵاتەدا بۆ زۆر هۆی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و تەنانەت یاساییش دەگەڕێتەوە، وەک: پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای پیاوانە،بەها و هژمونی فەرهەنگ و کلتوری پیاو سالاریانە،عورف و عادەتە عەشیەری و مەزهەبیەکان، دواکەوتوویی کۆمەڵگا بە تیکڕایی، نەخواێندەواری چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بەتایبەت رەگەرز و چینی ژنان، نە گەیشتینی کۆمەڵگا بە پلەی شیاو و پێویستی پێشکەوتن و پێگەیشتنی گشتی، تێڕامانی پیاوان بەگشتی کە پێیان وایە ژن رەگەزیکی بێ توانا و کورت بین و دەستەوستان و باوەڕ بە خۆ نەبوە و زۆر تێڕامانی تری دوور لە زانست و مەنتق کە سەبارەت بە ژنان هەیانە و زۆر بەهانە و هۆکاری داتاشراوی دەستی کۆمەڵگای پیاو سالاری کە بوونە کۆسپ لە بەردەم پێشکەوتن و گەیشتنی ژنان بە ماف و ئازادیەکانیان. لە کۆمەڵگای دژە ژنی و پیاو سالاری دا کە کۆمەڵگا و نیزامی ژێر دەسەڵاتی ئاخوندی لە ئێران دا ، نموونەی هەرە باڵا و بەرچاویەتی، سەرەڕای هەژاری و گیرۆدە بوون بە مادەی هۆشبەر و بێکاری و نەبوونی متمانە و ئەمنییەت و، باوەر نەبوون بەدەسەڵات بۆ پارێزگاری لە مافیان و ، ترس و دڵەڕاوکێ لە ژیان و لە داهاتوو و چارەنووسی منداڵ و ماڵ و خێزان و سەرکوت و زیندان و ئەشکەنجە و ئیعدام، دەبی پابەند بە یاسا و رێساکانی بنەماڵە و کلتوری کۆمەڵایەتی دواکەوتوانە و داب و نەریتە مەزهەبی و عەشایەریەکان بێ و ، لە بەرانبەر ناعەداڵتیە کۆمەڵایەتیە باوەکانی وەک : بەزۆر بە میڕد دان، ژن بەژنە پێکردن، هاوسەرگیری لە تەمنی نەکامڵی و نەباڵغی،و زۆر بابەت و داب و نەریت و بی مافی تردا بێ. لە نیزام و دەسەڵاتێکی وەک دەسەڵاتی ئاخوندی دا ژنان لە باری حقوقی و دادیشەو بەو پەڕی ناعەداڵەتیەوە مامەلەیان لەگەڵ دەکرێ و لەوپەری بیدەرتانی و بی مافی دا ژیان تێپەردەکەن. دام و دەزگا و ناوەندەکانی داپەروەری و یاسا و دەستورەکانی دادوەریش بە شێوەێکی بەرچاو لە دژی ژنان و بە قازانجی پیاوان داڕێژراون و گەڵالەکراون و بە دوور لە یاسا و رێساکانی مافی مرۆڤ ریکخراون. بە شێوەێکی بەرچاو ژنان لە مافی بەرێوەبەری و بڕیاردان لە چۆنیەتی کارو بارە کۆمەڵایەتیەکان لە پێناو پێشخستن و گەشەسەندنی کۆمەڵگا و ئاوەدانی بەرەو پێش چونی وڵات دا بی بەش کراون و ریدەستیان لێ گیراوە و دەبێ لە هەموو بواراند چاولەدەست وگوێ لە مستی پیاوان بن و مل بۆ ئەو یاسا و دەستورە پیاو سالاریانە ڕاکێشن و مافی رەخنەگرتن و نارەزایەتیشیان نەبێ.
بەسەرنج دان بەو باسانەی سەرەوە سەبارەت خەسارەت بەو بارگرانی و بێ مافیەی ژنان بەو ئاکامە دەگەین کە بۆ رزگاری لەو هەل و مەرجە و بۆ گەیشتن بە ویست و خواستە رەواکانی ژن و گەیشتنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بە بەختەوەری و یەکسانی و بەرامبەری ژن و پیاو و دابین کردنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و یەکسانی ژن و پیاو لە بەڕێوەبەری و پێشخستن و پێگەیاندنی کۆمەڵگادا، خەبات و تیکۆشانێکی هەمەرەنگی فرە ڕەهەند و گشتگیر پێویستە، خەبات و تێکۆشان لە دژی توندوتیژی دژ بە ژنان و بۆ خۆ پێگەیاندن و تێگەیشتن لە مانا و ناوەرۆکی ماف و ئازادی، بەرامبەری و یەکسانی لە هەموو ڕەهەندەکانی ژیان دا لە نێوان هەردوو جنس و ڕەگەزی ژن و پیاو دا، پێویستیمان بە بڕیارو پرۆژە و گەڵاڵە و بەرنامەی تۆکمە وبەربڵاو هەیە تا بتوانین بە هۆی ئەو پڕۆژە و بەرنامەوە لە راستە رێی بەرەو رزگاری و بە ختەوەری و یەکسانی دا ماندوویی نەناسانە هەوڵ بدەین و بەرەو ئامانج و سەرکەوتن بە بێ دوو دڵی ئەو رێگەیە ببرین. لێرەدا رەنگە کەسانێک هەبن کە بڵین لە کوردستان دا و لە ناو لایەنە سیاسیەکان دا ناوەند و رێکخراوی پێوەندی دار بە ژنان لە پێناو پاراستنی مافەکانیان دا بوونیان هەیە و بە پێی توانا خەریکی چالاکی و تێکۆشانن. راستە ئەو ناوەند و رێکخراوانە هەن و بزوتنەوەی ژنان لە ئارادایە، بەڵام بە چەند هۆی بەرچاو ئەو ریکخراو و بزوتنەوانە نەیانتوانیەوە وەک پێویست نەقشی خۆیان بگێرن لە کارا کردنی ژنان لە پێناو دەستەبەرکردنی مافەکانیاندا. هەر بۆیە ئیشارە کردن بە چەند خاڵ لێرەدا بەگرینگ دەزانم. یەکەم: لەبەر ئەوەی کە کۆمەڵگای کوردەواری کۆمەڵگاێکی تا رادەیکی داخراوی پیاو سالاریە و داب و نەریتە کۆنەکان تا ئێستاش ئاڵوگۆڕێکی ئەوتۆیان بەسەردا نەهاتوە و چین و تویژەکانی ناو کۆمەڵگا نە گەیشتونە ئەو دەرەجە پێگەیشتنەی کە تاکەکانی ناو کۆمەڵگا مافەکانی یەکتری وەک پێویست بە ڕەسمی بناسن و بە چاوی ناتەواو بوونی بەشی دووهەمی کۆمەڵگا لە لایەن بەشەکەی تریەوە کە سالار و بریاربەدەستە تەماشا نەکرێ، رەوتی بەرەو پێشچوونی ئەم بزوتەوەیە بە ئێستاشیەوە نەکەوتۆتە سەر دەور و رێگای راستی خۆی. دووهەم: بەداخەوە ژنانی کۆمەڵگای ئێمە نەگەیشتونە ئەو پلە ڕوناکبیریەی کە بتوانن مافە و ئەرکەکانی خۆیان بناسن و ئەرک و جێگە و پێگەی خۆیان وەک پێویست و حەقی خۆیان دەست نیشان بکەن. ژن نابێ پێی وابێ کەدەبێ پیاوان حەق و مافیان بۆدیاری بکەن و خەت و نیشانی ژیان و ئەرک و بەڕیەوەبەری کار و باری بۆ بکێشن. دەبێ بە هۆی بردنەسەری پلەی زانیاری و رادەی هوشیاری و روناکبیری خۆی و هاونەوعەکانی، ماف و ئەرکەکانی خۆی بناسێ ولەم پێناوەدا خۆی بێتە مەیدان و خۆی دەربخا وباوەڕی بە بوونی خۆی هەبێ و رەگەزی بەرامبەری وادار بکا و نیشانی بدات کە لە هەموو بارێکەوە دەتوانێ وەک ئەو لە بەڕێوە بەری و سەرخستنی ژیان و وڵات و دەورو بەری خۆی، دەتوانێ لەسەر پێی خۆی راوەستێ. سێهەم: وڵات و کۆمەڵگای ئێمە داگیر کراوە و دەستبەسەردا گیراوە و ئێستاش کە ئێستایە رێگایکی دوورمان لە بەردەم دایە تا خۆمان و کۆمەڵگا و وڵاتمان سەربەست و رزگار بکەین، ئێمە نە فەرهەنگمان، نە کلتورمان، نە نیشتمانمان ، نە زمانمان، هیچکامیان ئازاد و بێ خەم نین، سەرەڕای کلتوری کۆن و داتاشراوی بێگانە بەسەرمانەوە. ئەو هۆیانەش هۆکارێکی سەرەکین بۆ ئەوەی کە کۆمەڵگا بە تێکڕایی و ژنان بە تایبەتی نەیانتونیوە وەک پێویست پلە بە پلە قۆناغەکانی تێگەیشتن و پێشکەوتن وباوەر بە خۆ بوون ببرن و لە پێناو دەستە بەرکردنی مافەکانیان دا بگەنە لوتکەی ئاوات و ئامانج. تا لەم رێگایەوە هەر دوو رەگەزی ژن و پیاو بەو ئاکامە بگەن کە هیج کامیان بە بێ یەکتری ناتوانن بەختەوەر و سەرکەوتووبن و کۆمەڵگاێکی پێشکەوتووی بەختەوەر و زانست پەروەر و یەکسان بونیات بنێن و لە کۆشکی تەرەقی و ماف پەروەری و یەکسانی دا نەوەی دوارۆژی کامەرانی و خۆشەویستی و دیموکراسی و هیمنایەتی پێبگەێنن. بە هیوای ئەو رۆژە.


3 ساڵ و 11 مانگ و 15 ڕۆژ و 23 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

کاریگەری خەسارە کۆمەڵایەتیەکان لەسەر توندوتیژی دژ بە ژنان.

کاریگەری خەسارە کۆمەڵایەتیەکان لەسەر توندوتیژی دژ بە ژنان.

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا       : 040331264   (0047)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران