لە ناوبردنی پاسدار فەخریزادە کە یەکێک لە بەرپرسانی سەرەکی بەرنامەی نهێنی و چەک سازی و سەربازی ئەتۆمی ڕژیمی ئێران، لە کردەوە دەگمەن و سەر سوڕهێنەرەکانی کوشتنی
سیامەند
لە ناوبردنی پاسدار فەخریزادە کە یەکێک لە بەرپرسانی سەرەکی بەرنامەی نهێنی و چەک سازی و سەربازی ئەتۆمی ڕژیمی ئێران، لە کردەوە دەگمەن و سەر سوڕهێنەرەکانی کوشتنی بەرپرسێکی دیاری ئەو ڕژیمە لە ناو خاکی ئێران و بە دیاری کراوی لە نزیک شاری تاران بوو. راپۆرتی هەواڵدەریەکان، وە ووتەی بەرپرسانی ڕژیم لە سەر کوشتنی فەخریزادە، لە لایەک دەرخەری بێ نەزمی و سەرلێشێواوی کاربەدستانی دەسەڵات دەگەێنێ ، چونکە هەر کاربەدەستێکی دەسەڵات و تەنانەت ئەندامانی بنەماڵەکەی، هەکام بە شێوەێک باس لە کوژرانی دەکەن کە تا ئێستاش بە تەواوی ڕوون نەبۆتەوە داستانی کوژرانەکەی چۆن بووە، یەکێک دەڵێ دەستەیەکی چەند کەسی چەکدار بەشداربوون لە کوشتنیدا، یەکێک دەڵێ لە سەرەتادا ئوتومبیلێکی نیسان لە سەر ڕێگەکەی تەقێندراوەتەوەو، زۆر لێدوانی دیکە لەو پێوەندەدا باس کراوە، کە لە دوایین لێدوانیشدا، جێگری فەرماندەی گشتی سپای پاسداران ڕایگەیاند لە بە چەکی(زیرەک) هۆشمەند، کە لە ڕێگەی ماهوارە کۆنتڕۆڵکراوە تەقەی لێکراوە،هەروەها لە لاێکی دیکە بێ نەزمی و سەرلێشێوایەکی دیکەی کاربەدەستانی ڕژیمە،کە هەر کام بە شێوەیەک لە هەوڵی خۆدەرباز کردندان لە بەرپرسایەتیان لە حاست ئەو هەلومەرجەو کەمتەر خەمیە ئەمنیەتیەکان، نیشان دەدا.
ترۆری فەخریزادە کاری کێ بوو؟
تا ئێستا بەڵگەی تەواو باوەڕپێکراو بڵاونەکراوەتەوە کە هێرشکردنە سەر فەخریزادە کاری چ ووڵات و چ هێزێک بووە، بەڵام کاربەدەستانی ڕژیمی ئێران، بە دیاری کراوی حکومەتەی ئیسرائیل، و بە شێوەی گشتی عەربستانی سعودی و ئەمریکا و ناڕازیانی دژ بە دەسەڵات بە کوشتنی فەخریزاد تاوانبار دەکەن. هەر لەو چوارچێوەدا ئەوە دووپات دەکەنەوە کە لە ناو ناوەندە ئەمنیەتیەکانی ڕژیم کەسانێک هەبوون کە هاوکاری ئەو تیم و ووڵاتەیان کردوە کە لە پشت لەناوبردنی فەخریزادەوە بووە.هەروەها ئەو گومانانەش باس دەکرێ کە وێ دەچێ کوشتنی پاسدار فەخریزاد لە ئاکامی ململانی و ناکۆکی نێوان خودی کاربەدەستانی ڕژیمی ئێران بوبێ. ئاشکرایە کە فەخریزادە لە لایەن هەر ووڵات و هێزێکەوە لە ناوچوبێ بە بێ بوونی پشتیوانی و هاوکاری کەسانێک لە ناو خودی دەسەڵاتدا جێ بە جێ کردنی ئاسان نەدەبوو. هەر بۆیە دەبێ بڵەین کە ئەگەر هێزێکی دەرەکی لە کوشتنی ناوبراودا دەستی بووبێ، بێگومان لە ناوخۆدا و لە ناوەندی دەسەڵاتیشدا کەسانێک دەوریان گێڕاوەو کاریگەریان هەبوە لە ئەنجامدانی ئەو کارە.
هۆی شاردنەوەی ناوی فەرخریزاد و دەوری لە بەرنامەی ئەتۆمی!
دەسەڵاتدارانی ڕژیمی ئێران ئەو ڕاستیە دەسەلمێنن کە نەیان ویستوە فەخریزادە، لە لایەن ناوەندە جیهانیەکان و بە تایبەت لە لایەن ئاژانسی جیهانی وزەی ئەتۆمی بناسرێ، وە چەندین جار داوای بەرپرسانی ئاژانس بە مەبەستی چاوپێکەوتنی ناوبراویان ڕەد کردۆتەوە. هەروەها هەوڵیان داوەو کاریان کردوە بۆ ئەوەی کە فەخریزادە کە دەگوترێ دەوری بەرچاوی لە بەرنامەی ئەتۆمی هەبوە،ناوی بە شاراوەیی بمێنێتەوە. لێرەدا گومانیش دەکرێ،کە شاردنەوەی فەخریزادە بە مەبەستی بەلارێدا بردنی زانیاریەکان و ئەو چاودێریانەی کە ناوەندە زانیاری و ئەمنیەتیەکانی جیهان و ئاژانسی جیهانی وزەی ئەتۆمی لە سەر گەڵاڵە شاراوەکانی ڕژیم هەیانە. وێ دەچێ بەو کارەیان ناوبراویان کردبێتە نێچیر بۆ ڕزگار بوونی گیانی مۆرە ئەسڵی و سەرەکیەکانی گەڵاڵەی چەک سازی ئەتۆمی. هەر کام لەو دوو بەراوردەی لە سەرەوە باسم کرد دروست بێ، ئەو ڕاستیە دەسلمێنێ کە شاردنەوەی ناو، وە دەوری فەخریزادە، چ وەک نێچیرێک بۆ دەرباز بوون و ڕزگار بوونی گیانی مۆرە سەرەکیەکانی بەرنامەی ئەتۆمی، وە یا لە بنەڕەتدا بۆ پارێزگاری لە خودی ناوبراو بوبێ، دەرخەری ئەوەیە کە دەسەڵاتی ئێران لە هەوڵی چروپڕدایە بۆ دروست کردنی بۆمبی ئەتۆم، دەنا ئەگەر مەبەستی ڕژیم دروست کردنی بۆمبی ئەتۆم نیە، شاردنەوەی کەسێک و ئەو گشتە نهێنی کاریە لە پێوەند بە فەخریزادە لە بەر چی بوو، لە کاتێکدا زۆربەی بەرپرسان و ئەو کەسانەی کار لە گەڵاڵەی ناوکەییدا دەکەن ناسراون.
کاریگەری کوشتنی فەخریزادە لە سەر گەڵاڵەی ڕژیم لە دروست کردنی بۆمبی ئەتۆم!
کاربەدەستانی ڕژیم ئەو ڕاستیە ناشارنەوە کە کوژرانی فەخریزادە زیانێکی گەورەی لە گەڵاڵەی سەربازی ئەتۆمیان داوە، بەڵام ئەوە دوو پات دەکەنەوە کە کوژرانی ناوبراو نەک ناتوانێ بەربەستێکی کاریگەر دانێ لە بەردەم گەڵاڵە ئەتۆمیەکانیان و بە دیاری کراویش لایەنی سەربازی ئەتۆمی، بەڵکو دەبێتە هۆی سوور بوون و بەردەوام بونیان لە گەڵالەی شاراوەی ناوکەیی. وەک لە قسەو لێدوانەکانی دەسەڵاتدارانی ڕژیم دەردەکەوێ،گەرەکیانە لەو هەلومەرجەی کە بە دوای کوشتنی فەخریزاد و ئەوپڕۆتستۆکردن ومەحکوم کردنە زاهیریانەی حکومەت و ناوەندە جیهانیەکان بە دوای ترۆری ناوبراو هاتۆتە ئاراوە، بۆ پەرەپێدانی گەڵالە ناوکەییەکان و هەروەها کەم کردنەوەی چالاکی وکاری چاودێرانی ئاژانسی جیهانی وزەی ناوکەیی بەکار بێنن. کە ئەو ڕاستیەش لەو نامەی ڕژیم لە رۆژی چوارشەممە 2ی دسامبر کە بۆ ئاژانسی جیهانی وزەی ئەتۆمی ناردوە کە تیایدا ئاگاداری کردوون سێ زنجیرەی سانتریفوزی (ئای ئار- 2م )لە ناوەندی ناوکەیی نەتەنز بە مەبەستی پاڵاوتە کردنی ئۆرانیوم 20% دابینکردوە. بەو پێ یە کوشتنی فەخریزادە بۆتە بیانوو بۆ پەرەپێدانی بەرنامەی چەک سازی و لایەنی شاراوەی ناوکەیی.
ئایا تۆڵەی فەخریزاد دەکەنەوە؟
بە داوای لە ناوبردنی پاسدار موحسین فەخریزادە،کە دەسەڵاتدارانی ڕژیم بە کەسی کاریگەرو باوکی گەڵاڵەی ئەتۆمی سەربازی دەیناسێنن،زۆربەی کاربەدەستانی دەسەڵات لە قسەکانیاندا بەڵێنی تۆڵە کردنەوەی خۆێنی ناوبراویاندا. ئاخوند خامنەیی لە کۆبونەوە لە گەڵ بەرپرسانی ڕژیم داوای کرد تۆڵەی فەخریزادە بکەنەوە، ئاخوند حەسەن روحانی لە کۆبونەوەی کابینەی حکومەت ڕایگەیاند ئورگانەکانی پێوەندیدار لە کات و هەلی لە باردا تۆڵەی دەکەنەوە. دیارە هەر یەک لە فەرماندەو بەرپرسانی سپای پاسداران بە شێوەی جۆراوجۆر باسیان لە تۆڵە کردنەوە کردوە.
جێگەی ئاماژەیە کە هەڕەشەو باس لە تۆڵە، لەکوژران و بە سزاگەیاندنی قاسم سلیمانیش لە لایان بەرپرسانی ڕژیم پڕوپاگەندەی زۆری بۆ کرا بەڵام نەک نەیان توانی هیچ کردەێکی بەرچاو لە بەرانبەر ئەمریکادا ئەنجام بدەن بەڵکو لە کردەوێکی ئابروبەرانەدا، فڕۆکەێکی نەفەر هەڵگری ئۆکرانیایان بە موشەکی سپای پاسداران لە ئاسمانی ئێران خستە خوارەوەو زیاتر لە 170 مرۆفی بێتاوانیان کوشت.
بێگومان ئەو تۆڵەیەی ئاخوندەکان لە خۆێنی فەخریزادە باسی دەکەن ڕەنگە تەنیا لە سەرکوتی خەڵکی ئێران و ئیعدامی کەسانی تێکۆشەرو ئازادیخوازو بێ تاوان لە ئێراندا جێ بەجێ بکرێ. خۆ ئەگەر مەبەستیان لە تۆڵەکردنەوە، ئەنجامی کردەوەی ترۆریستی و تەقاندنەوەی سەفارەت و پێگە دیپلۆماسی و ئابوری و ئایینە جیاجیاکان لە سەرانسەری جیهاندا بێ، بێگومان هەموو دەزانن کە لە ماوەی تەمەنی ئەو دەسەڵاتەدا کردەوەی ترۆریستی و هەرەشە بۆ سەرهێمنایەتی جیهان و ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە کردەوە لە پێشینەو سەرەکیەکانیەتی و هەر لە سەرتاوە ئەو ڕژیمە دەست پێشخەر بووە لە هێرش بۆ سەر ووڵاتان و ئاژاوەگێڕی.
لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەو ڕاستیە بکەم کە ئەوە ڕژیمی ئاخوندیە بڕیاری شەڕی لە گەڵ کۆمەڵگەی جیهانی و ووڵاتانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کردۆتە بەرنامەی سەرەکی کردەوەکانی لە سیاسەتە زیانبارەکەیدا. بێگومان تا ڕژیم بەردەوام بێ لەهەڕەشەکردن و مەترسی بێ بۆ سەر وولاتانی جیهان و بۆ سەر وولاتانی ناوچەکە، ئاڵۆزی و مەترسی سەرهەڵدانی جەنگ و کوشت وبڕ لە ناوچەکەدا کۆتایی پێ ناێێ.