ئاریا مەحمودی
ئاریا مەحمودی
لەم سەدەی دواییدا، تەکنەلۆجیا بەشێوەیەک بەرەو پێش چووە کە بەتەواوی شێوەی پەیوەندیکردنی لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگە گۆریوە، ئامێری چاپ و تەلەگراف و تەلەفۆن و رۆژنامە و تەلەفزیۆن، ئەو تەکنەلۆجیایانەن کە جیاواز لەوەی هۆیەکی پێوەندی گرتن و زانیارین لە هەمانکاتدا سەرچاوەی شۆرشی کۆمەڵایەتین و ئێمە لە ئێستادا لە شۆرشێکی بەربڵاو و هەمەلایەنداین کە سەرەتای دەستپێکردنی لە ساڵی ۱۹٦۲دا بە شێوەیەکی سادە دەستی پێکرد، ئەویش بەستنەوەی کۆمپیتەرەکان و ئینترنێت بوون بەیەکەوە،کە ئەمرۆش بەهۆی کۆمپیتەرو مۆبایل و تەکنەلۆجیاکان زیاتر لە ۳ مڵیارد کەس لە پەیوەندیدان لەگەڵ یەکتر.
بێگومان کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بە شۆرشێکی خێرای زانیاری گواستنەوەو پێوەندی کردن تێدەپەرێ کە لە چاو ڕابردوو دا زۆر زووتر لەوەی کە چاوەڕوانی دەکرا شتەکان دەزانین بە جۆرێک کە بە پێی ڕاپرسیەکی جیهانی، خەڵک ئینتەرنێت بە گرنگترین پێداویستی رۆژانەیان دادەنێن. لەگەڵ ئەو خاڵە باشانەشدا، مەترسیەکانی هۆکانی پێوەندی گرتن و زانیاری گواستنەوە کەمتر دیارن و زیاتر شاراوەن. بە داخەوە لە ئێستادا خەڵک گرینگیدان و گەڕان لە ئینتەرنێتیان لە کتێب پێ باشترە لە حاڵێکدا بەهۆی ئینتەرنێتەوە ژیانی تایبەتی مرۆڤەکان لە ژێر هەرەشەدایەو هەزاران فایلی کووکی ناو (هارد دیسکەکەت)ئاشکرا دەبن و مۆبایلەکانمان هەموو ٥ چرکە جارێک زانیاری(داتا ) لەبارەی جموجووڵەکانمانەوە ئاشکرا دەکەن تەنانەت ئەوکاتانەشی کە بە رواڵەت کوژاونەتەوە. مەترسییەکی تری ئینتەرنێت ئەوەیە کە بە هۆیەوە تاوانەکان زیاتر بوون و لە کۆنترۆڵ دەرچوون چونکە لەناو ئەوانەی کار بە ئینترنێت دەکەن کەسانێکیان تێدایە کە دەسترێژی و سوکایەتی کردن بە بەرانبەرەکەیان کردۆتە کاری ڕۆژانەیان. ئینتەرنێت کۆمەلێک دیاردە دەخاتە بەردەمت کە توانای ڕوبەروبوونەوەیانت نییە بۆ نموونە بەهۆی ئینتەرنێتەوە تۆ ناتوانیت پەیووەندییەکی قووڵت لەگەڵ دایک و باوکتدا هەبێت، ناتوانیت رەخنەگرانە بیربکەیەوە. ئینتەرنێت دەبێتە هۆی پچراندنی پەیوەندییەکانمان و وات لێدەکات کە بێزار و بێبەرهەم ببیت و نەتوانی هۆشیار ببیتەوە، بۆیە پێویستە بە شێوەیەکی باش منداڵەکانمان پەروەردە بکەین و هەروەها لە مەترسیەکانی ئەم ئامرازە ترسناکە ئاگاداریان بکەینەوە و دووبارە پەیوەندی لەگەڵ دونیای سروشتیدا دروست بکەینەوە.