لێکدانەوەو خوێندنەوەی کەلاسی سکرتێری گشتی، سەبارەت بە نەتەوەیی و نیشتمانی.
فرمێسک
سازمانی خەبات تەشکیلاتێکی نەتەوەیی و نیشتمانی
فرمێسک
گەشەسەندنی بیرو هزر بە درێژایی مێژوو وایکردووە مرۆڤ بەرەو بیری نوێ و داهێنان و ئافراندنی باشتر لەمێشکیدا گەڵاڵە ببێ. ئەو هەلومەرجەی مرۆڤی پێگەشتوی بەلایەنی زانستی و پێشکەوتوو بەرەو پێشەوە بردووە، کە یەکێک لەو پێشکەوتنانە چەمکی کاری بەکۆمەل و زەرورەتی گرووپ و رێکخراوە و لەسەردەمی ئیستاش گەشەی فکری مرۆڤەکان، بەشێوەێیکی بەرچاو دەبیندرێ و خەڵک هەست بە لاوازیەکان لەکۆمەڵگەو دەسەڵاتدا دەکەن، هەربۆیە پێویستیان بە ڕێکخراوێکە بۆ ئەوەی ئامانجەکانی خۆیانی تێدا بەدیی بهێنن. بەو سەرەتا کورتە مەبەست ئەوەیە دەرمان خستبێ کە دامەزرانی سازمانی خەبات بە بەراوردێکی دروستی گەشەی فکری و ڕوانگەی نەتەوەیی و نیشتمانی بوون، هەروەها هەم وەک زەرورەتێکی مێژوویی بوو بە تایبەت لە هەلومەرجێکدا پێکهات کە دەسەڵاتی خومەینی بەبیانوویی کافربوون، گەلی کوردیان کۆمەڵکوژ دەکرد، کە بەداخەوە کەسانی ساویلکە لە ئێران باوەڕیان بەو قسەیەی خومەینی دەکرد کە کورد کافرە و دەبێ قڕبکرێن. لەوکاتەدا جەنابی مامۆستا شێخ جەلالی حوسەینی و چەندین کەسایەتی نیشتمانپەروەر و خۆشەویستی خەڵکی کورد، کە پێشتر لەژێرناوی دەفتەری مامۆستا شێخ عێزەدین خەباتیان دەکرد، بە بڕیارێکی ژیرانە سازمانی خەباتیان پێک هێنا. لەهەلومەرجێکی ئاڵۆز و پڕ لە کێشەو قەیران سازمانی خەبات پێکهات کە یەکێک لە ئامانجەکانی ڕزگاری و ئازادی بۆ گەلی کوردو نیشتمانی کوردستان بوو، هەروەها یەکێکی تر لەئامانجەکانی یەکگرتویی و تەبایی بوو بۆ هێنانەدیی ئەو یەکگرتوویی، و تەباییە تەنانەت جەنابی مامۆستا شێخ جەلال و وەفدێک لە هاوباوەڕانی داوایان لە لایەنە سیاسیەکانی دیکەی کوردستانی ئێران کرد کە پێکەوە لە چوارچێوەی تەشکیلاتێک کە ڕەوت و ئامانجەکانیان پێکەوە بگونجێ ئامادەن هاوپەیمانیەتی و یەکگرتویی ببەستین ، بەڵام ئەم هەوڵانە بە ئاکام نەگەیشت وبەو حاڵەش سازمانی خەبات بەبەردەوامی داوای یەکڕیزی و هاوکاری هەمەلایەنەی لەگەڵ هێزە سیاسیەکان دەکرد و لەزۆربەی کات و بۆنەدا هاوکاری نیزامی و ئیمکاناتی پێ دەگەیاندن. بێگومان داوای سازمانی خەبات بۆ یەکگرتوویی و یەک بوون دەرخەری خاڵی بەهێزو ڕوانگەی بەهێزو موتمانە بە خۆبوون و باوەڕو ئیمان بە گرینگی یەکگرتوویی بوو. ڕوانگەی پاک و سادقانەی نەتەوەیی بوونی سازمانی خەبات بووە هۆی ئەوەی کە لەماوەێیکی کورت دا دەیان تێکۆشەری کوردایەتی هاتنە ڕیزەکانی سازمانی خەبات،چونکە سازمانی خەبات بە بیرێکی جیاواز و سیاسەتێکی نوێ لە پانتایی جوڵانەوەی رزگاریخوازانە هاتە مەیدان. شایانی ئاماژەیە، ئەو کاتەی کە سازمانی خەبات، سازمانێکی نەتەوەیی و ئیسلامی بوو، لایەنی نەتەوەیی وەک پێناسەو ئامانجێکی سەرەکی خەبات و تێکۆشانی بۆ خزمەتی خەڵک و ڕزگاری نیشتمان بوو. خەتی نیشتمانی و نەتەوەیی لە بەرنامەیەی سازمانی خەبات و کارکردە نەتەوەییەکانی، بوونە هۆی ئەوەی کەسانی خاوەن بیرو باوەڕی جیا جیا لەڕیزەکانی سازمان کاربکەن و بەرپرسایەتی لە ئەستۆ بگرن. بە کورتی سازمانی خەبات لە گەڵ بیری خەڵک و بۆ جەماوەری کوردستان بوو، و دژی هیچ ئایین و باوەڕ و پێکهاتەێیک نەبوو. بەو خاڵانەی لە سەرەوە ئاماژەم پێکرد دەردەکەوێ پێناسەکانی نەتەوەیی و نیشتمانی بوون لە سازمانی خەبات ڕەنگی داوەتەوە. شێوەکارکردن و تێکۆشانی نەتەوەیی بو بەهۆی ئەوەی کەسانێک بە بوونی باوەڕێکی ئایینی، لە ڕێزەکانی سازمانی خەبات چالاک بوون و هەستیان بە بوونی خۆیان و جێگەو پێگەی خۆیان کردوەو،سازمانی خەباتیان بە سەرچاوە و هۆێیک بۆ ڕزگاری نەتەوە و نیشتمان زانیوە، ئەو کەسانە فیداکارییان کرد و گیانیان لە ڕێگەی ئەو ڕێبازە بەخشی و ناویان بۆ هەتاهەتایە زیندو دەمێنێتەوە. بە دڵنیاییەوە سازمانی خەبات لە هەموو هەلومەرجێکدا قازانجی نەتەوەیی لەپێش قازانجی تەشکیلاتی خستوە، خواستی گەل و ئامانجی ڕزگاری گەل، لە سەروو ویست و خواستی سازمانی خەبات بووە، بە داخەوە کاتێک لەلایەن هێزە سیاسیەکانی کوردستان هێرش کراوەتە سەر سازمانی خەبات ، تەنانەت لە دیفاع کردن لە خۆی، کارێکی نەکردوە ڕۆڵەی کورد زیان ببینێ و ڕێگە نەدراوە هێزی پێشمەرگەی سازمانی خەبات تێکەڵ بە شەڕی براکوژی وکورد کوژی بێ. پەیڕەوکردنی سیاسەت و ئامانجی نەتەوەیی و نیشتمانیەکان و خۆ دوورگرتن لەناکۆکی و ناتەبایی، بۆتە هۆی ئەوەی کەسازمانی خەبات لەبەشێک لەناوچەکانی کوردستان نەتوانێ چالاکی بکات، سەرەڕای ئەو هەلومەرجە نالەبارانە و هەوراز و نشێوانە، سازمانی ئێمە سەقامگیرو بەردەوام بووە و مێژووێکی خوڵقاندووە کە لێوانلێو لەسەروەری و خاڵی بەهێز لە پێناسەی نەتەوەیی و نیشتمانی بوونە. قۆناغێکی دیکە لە نەتەوەیی و نیشتمانی بوونی سازمانی خەبات ئەوکاتە بوو کە کۆنگرەی سێهەم لە ڕێکەوتی 1384ی کۆچی خۆری بەسترا، ئەو کۆنگرەیە بە ڕاوێژ لەگەڵ کەسایەتیە دۆستەکان و ئەندامانی سازمان لەناوخۆیی کوردستان بە پێداچوونەوە بە چالاکی و تێکۆشانی ساڵانی ڕابردوو، گەڵاڵەیەکی داڕشت کە خاڵی بەرچاو و بەرنامەی تۆکمە لەسەر بنەمای سازمانێکی نەتەوەیی ونیشتمانی و لابردنی ئیسلامی لەسەر ناوی سازمانی خەبات بوو. ئەو ئاڵوگۆڕە لە نەوعی خۆیدا ئەگەر نەڵێن لەکاری سیاسی وحزبی دەگمەن بوو، بێگومان کەم وێنە بوو، چونکە سازمانی خەبات بە پێی ویست وهەلومەجی ئەو سەردەمەی کوردەواری ئەو ئاڵوگۆڕە ئەرێنیەی لەبەرنامەی خۆی پێک هێنا. لابردنی ناوی ئیسلام لەسەر سازمانی خەبات بە مانای پشت کردن لە مێژوویی چەند ساڵی ڕابردوو نەبو، وهەروەها بە مانای دژایەتی و ڕوبەروو بونەوە لەگەڵ فکری ئیسلامی نەبو، بەڵکو لەبەرئەوە بو کە هەلومەرجێک هاتبوە ئاراوە کە جەریانی توندڕەوی ئیسلامی بەناوی ئیسلام گەورەترین تاوانیان دژی مرۆڤایەتی ئەنجام ئەدا.
هەروەها هێندێک لایەن دینیان کردبوە چەکێک بۆ بردنە پێشی مەبەستە سیاسیەکانی خۆیان، کە وایە سازمانی خەبات لە سەردەمێکدا کە نەتەوایەتی و ئیسلامی بو، هیچ کات هەوڵی نەدابوو لەئیسلام بۆ فریو و قازانجی سیاسی کەڵک وەرگرێ، لەبەر ئەوە گرنگ بوو پێناسە و ڕیزی خۆی لە لایەنە توندڕەوەکان و ئەو لایەنانەی فکرو باوەڕ بە قازانجی بردنە پێشە ئامانجە سیاسیە غەیرە نەتەوەییەکان بە کار دێنن جودا بکاتەوە. سازمانی خەبات دەریخست کە نەک تەشکیلاتیکی چەقبەستوو نییە، بەڵکو بە پێی سەردەم وپێویستی کۆمەڵگە، ئاڵوگۆر لەبەرنامە وکارکردی پێک دێنێ. نوێگەرێیک کە بەردەوام ئەبێ لە کارکردن لەسەر بنەما ستراتیژیەکانی وەک، خەبات بۆ ڕزگاری گەلی کورد، بەکەڵک وەرگرتن لەهەموو هۆکان و بەتایبەت بە گرینگیدان بە بۆچوون پێشنهادو بەشداری تێکڕای چین و توێژەکان،مامۆستایانی ئایینی، ئافرەتان، لاوان، خوێندکاران. ڕوانگەی سازمانی خەبات وایکردوە کەئەوانەی بە دڵ هاتوونە ڕیزی سازمانەوە ولەناخیاندا بیری مەزنایەتی نەتەوەیی و ڕزگاری نیشتمان بە کردەوەو بەدوور لە دروشم چەکەرەی کردووە. لایەنێکی نەتەوەیی بوونی سازمانی خەبات، ئەوەیە کە دوژمنی سەرسەختی دوژمنانی کوردە، و بەبەردەوامی هەوڵی دۆستایەتی و تەبایی داوە و هەر ئەو ڕوانگەشی وایکردوە کە ئامانج و مەبەستە سەرەکیەکەی بۆ ڕزگاری بێ و هیچ کات دوژمنان نەتوانن کەڵکی خراپ لەسازمانی خەبات وەرگرن، وهیچ کات ڕۆڵەی کورد لەلایەن سازمانی خەبات بە دوژمن نەدراوە، وە یا بەقازانجی دوژمن زیان بە ڕۆڵەی کورد نەگەیشتووە. یەکێک لە دیاردە زیانبارەکان لە کۆمەڵگەی کوردەواری بەگشتی ولەڕیزی ئەحزابی سیاسی بە تایبەت، دیاردەی ناوچەگەرایی و شەڕی ئەم شار لەگەڵ ئەوشارو دەستەبەندیە، ئەم دیاردەیە لەماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا زیاتر بەربڵاوبوە، سازمانی خەبات بەرپەرچدانەوەی و کارکردن بۆ نەهێشتنی ناوچەگەرایی و دەستە و دەستە بەندی، وەکوو خاڵێکی سەرەکی کارکردن،لەئەساسنامە پەسەندی کردوە. هەربەو پێیە لەسازمانی خەباتدا، بۆ هەر کادر و پێشمەرگەیەک معیار و پێوانەی سەرەکی کارکردن و چالاک بوون لەخەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی لەسەر ڕێباز و بەرنامەی سازمانی خەبات، مەحەکی لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنە . سازمانی خەبات پێی وایە بەڕێوەبردنی وڵات ئەبێ لەسەر بنەما وقانونی نەتەوەیی و نیشتمانی داڕێژێ و ڕێگە بگیرێ لە دیاردەی دزێو و خراپی ناوچەگەرایی و بۆ ئەوکارە پیرۆزەش تێدەکۆشێ، لەپێشدا لە ڕیزەکانی سازمانی خەبات بنەبڕی بکات و بۆ درێژماوەش لە کوردستاندا نەیهێڵێ.