یه‌ک شه‌مه‌ 

18 خه‌رمانان2724
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

کۆت و بەندەکانی سەر رژیمی ئێران درێژەیان دەبێ؟!

کۆت و بەندەکانی سەر رژیمی ئێران درێژەیان دەبێ؟!

عەلی بەهرامی

عەلی بەهرامی
لە دوای 18 ساڵ نهێنی کاریی، بەرنامەی ناوکەیی رژیمی ئاخوندی لە ساڵی 2002دا لەلایەن شۆرای ملی مقاومەتی ئێرانەوە ئاشکرا کرا، ئەوەش بووە سەرەتایەکی نوێ بۆ گەمارۆ و ئابڵوقە و فشاری نوێی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بۆ سەر ئەو دەسەڵاتە. گەمارۆ و فشارەکان درێژەی کێشا هەتا سەرکەوتنی باراک ئوباما بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی 2008دا، ناوبراو بە سیاسەتی (چۆماغ و هەویج) فشارەکانی سەر رژیمی ئێرانی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانانی ئەمریکا و بەتایبەت ئوروپا بەرێژەیەک پەرەپێدا کە دەسەڵاتی ئاخوندان بەتەواوی پەراوێز و گۆشەگیر کرابوو، کاریگەری فشارە ئابووری و سیاسیەکانی سەر رژیم زیاتر لە ناوخۆی ئێران و لەلایەن خەڵکەوە هەستی پێ دەکرا و ئەوەش وای کردبوو ناڕەزایەتیەکان کڵپەیان دەساند و ببوونە مەترسیەک بۆ سەر کۆی پێکهاتەی دەسەڵاتی ئاخوندان. کۆی ئەو فشارانە وای لە رژیم کرد مل بدات بە رێکەوتن لەگەڵ ئەمریکا و زڵهێزەکانی دیکە بە راگرتنی بەرنامە ئەتۆمیەکەی لە بەرامبەر کۆمەڵێک ئیمتیازدا.
بە رۆیشتنی ئوباما و چوونی دۆناڵد ترامپ بۆ کۆشکی سپی (کە یەکێک لە نەیارەکانی رێکەوتنی ئوباما لەگەڵ رژیمی ئێران و دانی ئەو هەموو ئیمتیازە مادیە بە دەسەڵاتی ئێران بوو) لە دوای چەند جار ئاگادارکردنەوەی رژیم بۆ پێداچوونەوە بە بەرجام بە مەبەستی رێکەوتنێکی بەرفراوانتر کە بەرنامەی مووشەکی رژیم و دەستێوەردانەکانی لە وەڵاتانی ناوچەکەش بگرێتەوە، لە رێکەوتنی بەرجام کشایەوە. بە کشانەوەی ئەمریکا لە رێکەوتنی ناکەیی لەگەڵ رژیم گەمارۆ و فشارەکانی ئەو وەڵاتە بە تەوژمێکی زیاتر بە سەر دەسەڵاتی ئاخونداندا سەپێندرایەوە. ئەو فشارانەی ئەمریکا توانی کاریگەری زۆر لەسەر ئابووری رژیم بەتایبەت کەرتی وزە، هەناردە و هاوردە، بورس، گواستنەوە دانێ بەشێوەیەک دراوی رژیم دارمانێکی کەم وێنەی بەخۆیەوە بینی و هەناردەکردنی نەوت و گازی ئەو رژیمەی بۆ ئاستێکی زۆر کەم دابەزاند و پێشی بە گەراندنەوەی قەرزەکانی بۆ ئێران گرت و رژیم بەتەواوی پشتی لەژێر باری ئەو فشارانەدا چەمابوو.
بە دۆڕانی دۆناڵد ترامپ و سەرکەوتنی جارێکی دیکەی دیموکراتەکان و بەتایبەت جۆ بایدن رژیم دڵخۆشە بەوەی بتوانێ لەگەڵ ناوبراو بە رێکەوتنێکی نوێ بگات و فشارەکانی لەسەر نەمێنێ یان کەم بێتەوە.
رژیمی ئاخوندی وێڕای ئەو خەونەی، بەڵام لەم چەند رۆژەی دواییدا بەمەبەستی ئەوەی لە وتووێژەکانی داهاتوودا ئیمتیازاتی زیاتر وەدەست بێنێ، دەستی داوەتە کۆمەڵێک کاری شەروورانەی وەک تاقی کردنەوەی فرۆکەی بێ فرۆکەوان، مووشەکی جۆراوجۆر، بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی ئورانیۆم بۆ سەرووی 20 لەسەد، ئامادەکاری بۆ سازکردنی کانزای ئورانیۆم و پشتیوانی زیاتر لە حوسیەکانی یەمەن. ئەوەی روونە ئەوەیە جۆ بایدن پێی خۆش دەبێ بە رێکەوتنێکی نوێ لەگەڵ رژیمی ئاخوندی بگات و چارەسەری کێشە و سەرئێشەکانی ئەو رژیمە بەناوی خۆیەوە تۆمار بکات بەڵام هەلومەرجەکە بەو ساناییەی 2015 نیە چوونکە لەناوخۆی ئەمریکا دەنگە نەیارەکانی رێکەوتن لەگەڵ رژیم زۆر بەهێزن، هاوکات حکومەتی ترامپ کۆمەڵێک ئابڵوقەی ئابووری پێوەندیدار بە تیرۆریزمی بەسەر رژیمدا سەپاندووە کە لابردنیان بۆ بایدن حەستەم و قورس دەبێ. لەو لایشەوە رژیمی ئێرانیش هەنگاوی زۆری لە راستای پێشێلکاری بەرجام هەڵگرتووەو بەپێچەوانەی رابردوو کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بەتایبەت سێ هێزە ئوروپاییەکە (فەرانسە، بریتانیا و ئاڵمان) کە راگری بەرجام بوون لەوە دڵنیا بوونەتەوە کە رژیمی ئاخوندی بە پێچەوانەی ئیدیعاکانی پێشووی بەدوای چەکی ئەتۆمیەوەیە، هەر بۆیە نە بایدن دەتوانێ هەموو کۆت و بەندەکان لەسەر رژیم لابدات و نە رژیمیش لە ترسی کاردانەوەی لایەنگرە توندەرەو توندئاژۆکانی پاشەکشەی زۆر بکات یان پێملی هەموو ویستەکانی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بێ. 
ئەوەی لە چوار ساڵی داهاتوودا رژیمی ئێران بەرەورووی دەبێتەوە، کەم بونەوەی کۆمەڵێکی کەم فشاری ئابووریە لەسەری و هەندێ ئاسانکاریە بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەکانی، بەڵام وەکوو وترا حکومەتی بایدن ئەوندەی بەربەست بۆ سازبوون کە لەبەر رای گشتی ئەمریکا ناتوانێ هەموو گەمارۆکان لابەرێ، مەگەر رژیمی ئێران بە تەواوی بچێتە ژێر باری ویستەکانی ئەمریکا بۆ واز هێنان لە پشتیوانی لە تاقم و گروپە تیرۆریستیەکان، کۆتایی هێنان بە دەستێوەردان و خراپەکاری لە وەڵاتانی ناوچەکە، کشانەوە لە عێراق و سوریە، کۆتایی هێنان بە دژایەتی کردنی ئیسراییل و هاوپەیمانە نوێکانی لە ناوچەکە، وازهێنان لە بەرنامە مووشەکی و ئەتۆمیەکانی یان لانیکەم بەو شێوەبێ کە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بۆی دیاری دەکەن، کە ئەمە بۆ رژیمی ئێرانیش حەستەم و قورس دەبێ چوونکە رژیمی ئێران چ بە ئیمتیاز و چ لەباری فکریەوە کۆمەڵێک شوێنکەوتەی بارهێناون کە رازی نابن بەو هەموو پاشەکشە.
کۆتایی قسە ئەوەیە کە رژیمی ئێران جارێ بەو جۆرەی ئاواتی دەخواست بۆی ناچێتە پێش چوونکە بەپێچەوانەی ترامپ، بایدن هاوڕایی و پشتیوانی ئوروپاییەکانی لەگەڵ دەبێ و ئێستا ئەوانیش خوازیاری رێکەوتنی نوێ لەسەر بەرنامەی ناوکەیی، مووشەکی و چالاکیە ناوچەییەکانی رژیمن. بەو پێیە هەتا کۆمەلگەی نێونەتەوەیی ئەو بەدەمەوە چوونە لە دەسەڵاتدارانی ئێران نەبینن و رێکەوتن نەیەتە ئاراوە، فشارە کەمەرشکێنەکان لەسەر ئەو دەسەڵاتە درێژەی دەبێ، لەوەها کاتێکدا هێرشی سەربازی و سایبری بۆ سەر بنکە ئەتۆمی و مووشەکیەکانی رژیمیش ئەگەرێکی چاوەروان کراو دەبێ.


3 ساڵ و 7 مانگ و 20 ڕۆژ و 17 کاتژمێر و 46 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

کۆت و بەندەکانی سەر رژیمی ئێران درێژەیان دەبێ؟!

کۆت و بەندەکانی سەر رژیمی ئێران درێژەیان دەبێ؟!

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا       : 040331264   (0047)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران