خەبات مێدیا: بانگ کردن و دەستبەسەر کردنی لانیکەم 64هاووڵاتی دیکەی کورد لەماوەی دو حەوتودا.
بانگ کردن و دەستبەسەر کردنی لانیکەم 64هاووڵاتی دیکەی کورد لەماوەی دو حەوتودا.
دامەزراوەی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند کە ژمارەیەک لەچالاکانی کورد دەستبەسەر یا بانگهێشت کراون، لەماوەی دو حەوتوی کۆتایی و لە شەپۆلی نوێی فشارەکانی ناوەندە ئەمنیەتی ودادوەریەکانی ڕژیم بۆسەر چالاکانی کورد، زیاترلە 64کەس زیادی کردووە.
هەروەها ئەو کەسانەی لەلایەن هێزە ئەمنی و دادوەریەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کراون، زۆربەیان خەڵکی شارەکانی، بۆکان، مەهاباد، پیرانشار، نەغەدە، سەقز، بانە، مەریوان ڕەبەت، سنە، سەروئاوا وکرماشانن.
ناوەندی مافی مرۆڤی هەنگاویش ڕایگەیاندووە کە لەماوەی دوو حەوتوی ڕابردوو دا هەتا ئێستا لانیکەم 67هاووڵاتی کورد لە شارەکانی، بۆکان، مەهاباد، ڕەبەت، بانە، مەریوان، سنە، کەڵاتەرزان، سەروئاوا وکرماشان لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتیەکانی ڕژیمەوە دەبەسەرکراون، کە 5 کەس لەم گیراوانە ئازادکراون و 26 کەسی دیکەشیان لەزیندانەکانی ڕژیمدا دەستبەسەرن. لەم شەپۆلە نوێیەی گرتن و فشاری ناوەندە ئەمنیەتی و لێکۆڵینەوەکانی ڕژیمی ئێران بۆسەر چالاکانی کورد، گیرانی ژمارەیێک لەم چالاکانە بەبێ پیشاندانی حوکمی دادگاو لەگەڵ گەڕانی ماڵەکانیان، دەستیان گرتووە بەسەر کەل وپەلی شەخسی کەسەکاندا.
بەپێی سەرچاوەیێکی باوەڕپێکراو، هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی ئاخوندی هەڕەشەیان لە بنەماڵەی سەرجەم ئەو چالاکوانە گیراوانە کردووە کە خۆیان بەدوور بگرن لە گفت وگۆ لەگەڵ هەواڵدەریەکان.
جێگەی ئاماژەیە کە 13هاووڵاتی تەنیا لە شارە کوردنشینەکانی، وەکوو، بۆکان، ئازەربایجانی غەربی، بەناوەکانی حسەین مێهرەبان، هێرش ڕەسووڵپوور، فواد محمەد پوور، فەریبا ئەحمەدی، ڕۆژین محمەد پوور، عەلی زوڵفی، قادر ڕەسووڵپوور، محەمەد حاجی ڕەسووڵپوور، ڕەشید ئەحمەدی، محەمەد ئەمین ئەحمەدی، ڕەزا، محەمەد وفەرهاد زەندی لەلایە هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمەوە دەسبەسەر کراون. بەرپرسانی دادوەری و ئەمنیەتی ڕژیمی ئێران تا ئێستا هۆکاری گیران و تۆمەت دژی ئەم هاووڵاتیانەی ڕانەگەیاندووە.
هەر لەو پێوەندەدا،ئەندامانی گروپی مۆسیقای ئافرەتانی گلاریس، کە پێکهاتوون لە نازەنین عەتابەگی، نەستەرەن یەزدانی پوور، مەلیحە مورادی، سەمیرە فەرحناکی و ئیلهام یەزدانی پوور، چەند جار لەلایەن پۆلیسی ئەمنیەتی کرماشانەوە بانهێشت کراون.