شنە کوردستانی
شنە کوردستانی
رۆژی شەممە 4ی بەفرانبار، سەربازێکی ڕژیم لە لایەن ئەسغەر عەنابستانی نوێنەری شاری سەبزەوار لە مەجلیسی ڕژیم لە کاتی چاودێری کردنی یەکێک لە خیابانەکانی تاران کەوتە بەر هێرشی ئەو نوێنەرەی مەجلیس. کردەوەی ئەو نوێنەرەی مەجلیس لێدوانی بەرفراوانی لە ناو دەسەڵاتداران و ڕۆژنامەو تلویزیۆنی دەسەڵات لێکەوتەوە، بە جۆرێک کە ئەگەر کەسێک ئاگاداری سیستمی دەسەڵات لە ئێراندا نەبێ بە شێوەێک بیر دەکاتەوە کە حکومەتێکی دیموکرات و ئازاد ووڵات بەڕێوە دەبا. بێگومان ناوەندەکانی دەسەڵات مەبەستیانە کەڵکی تەبلیغی و سیاسی لەو کردەوەیەی نوێنەری مەجلیس وەرگرن.
ستەم پێناسەی دەسەڵاتی ئێرانە!
ئاشکرایە کە لە ماوەی 42 ساڵ دەسەڵاتی ڕژیمی ئاخوندەکان ستەم و بێعەداڵەتی و جینایەت و ئێعدام و زیندانی کردنی لاوان بە تایبەت، و خەڵکی ئێران بە گشتی، و چەوسانەوەی نەتەوەکانی پێکهێنەری ئێران و خاوەن باوەڕانی دین و بیرو باوەڕە جیاوازەکان لە دیاردە ئاسایی و سەرەکیەکانی ئەو دەسەلاتەیە.
هەر لە نوێترین کردەوەی ناوەندە سەرکوتگەرەکانی دەسەڵات و دەیان چالاکی مەدەنی لە شارەکانی کوردستانی ئێران، بە بێ بوونی هیچ تاوانێک گیراون چارەنووسیان نادیارە. لە ناوچەی بلوچستان سەرکوت و چەوسانەوەی خەڵکی بەلوچ و ترۆرو ئیعدامی تێکۆشەرانی بلوچی بەردەوامەو لە شاروناوچەکانی دیکەی ئێران، سەرکوت و ئازاردان و گرتنی خەڵک لە ئارادایە.
ئەو جینایەتانەی دەسەڵات لە بەرانبەر خەڵکی ئێران بۆتە هۆی ناڕەزایەتی ڕێکخراوەکانی پارێزەری مافی مرۆف و هەر لە نوێترین ڕاگەێندراوی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ڕۆژی 10ی ڕێبەندان بڵاوکرایەوە، ئیعدامی 28 کەس لە ئێران کە بەشی زۆریان لە کەمایەتیە نەتەوەییەکانی ئێرانن، بە توندی مەحکوم کرد.
ئامانج لە گەورەکردنی ئەو کردەوەی نوێنەری مەجلیس!
وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێکردووە، پێکهاتەی دەسەڵاتی ئاخوندی واتە ستەم وبێدادی، بەڵام ئەی هۆێ چیە زللە لێدان و بێ ڕێزی کردن بە سەربازێک ئەوەندە گەورە کراوەتەوە، لە کاتێکدا کە پێکهاتەی ئەو دەسەڵاتە 40 ساڵ زیاترە ئەوەی بێ ڕێزی و تاوانە بەرانبەر خەڵکی ئێران ئەنجامی داوەو بە گشتی هەموو خەڵکی ئێران بەر زللەو لێدان و شکەنجەی جەستەیی ودەرونی، داوەو لە هەمانکاتدا گەندەڵی، گرانی و بێکاری، بەربڵاوبونی فەسادی و نابەرابەری کۆمەڵایەتی پەرە پێداوەو خەڵکی ئێرانی تووشی قورسترین کارەساتی قەرەبوو نەکراوە کردووە. بێگومان گەورە کردنەوەی لێدانی سەربازێک لە لایەن بەشێک لە ناوەندەکانی دەسەڵات و بەشێک لە چاپەمەنی و تلوزیۆنی دەسەڵات جێگەی سەرنجەو ژستێکی دیموکراسیانەیە. ڕوونە کە پێکهاتەی دەسەڵات گەرەکیە کەڵک لەو بابەتە وەرگرێ، ئەویش بە ناو زڕاندن و قوربانی کردنی ئەو نوێنەرەی مەجلیسی ڕژیم، تا بە خەیاڵ بە خەڵک نیشان بدەن کە بەرانبەر ئەو کردەوەیە بێدەنگ نابن، بێگومان ئەو هەوڵەی ڕژیم و ڕاگەیاندنەکانی ئامانج ناپێکن.
ووتەی کۆتایی!
شکی تێدا نیە ئەو کردەوە گاڵتە جاریانەی دەسەڵات و خۆ نواندن و ژستی دیموکراسیانە هیچ کات ناتوانن ببنە هۆی لابردنی خاڵە ڕەشەکان لە سەر کارنامەی چل ساڵ جینایەت و مرۆڤ کوژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئاخوندی و هەروەها بەو کردوەو هەڵوێستە درۆزنانە، دیموکراسی و عەداڵەت ناشیرین نابێ.
هومێدوارم لە 22 ی ڕێبەندان، خەڵکی کوردستان بە بەشداری لە ناڕەزایەتی و مانگرتنی بەرین جارێکی دیکە بە دەسەڵاتدارانی ڕابگەێنن کە خۆیان و دەسەڵاتی ستەم و جینایتکاریان کۆتایی پێ دێت و جەماوەری ئێران و خەڵکی کوردستان لە دەست زللەو بێ ڕێزی و چەرمەسەری ڕزگاریان دەبێ.