کودەتای ئەو ساڵی تورکیە یانی پێنجەم کودەتای سەربازی ئەو وەڵاتەیە بەسەر حکومەتدا کە پێنجەم کودەتا و هەڵگەرانەوەی سوپا جیاوازی زۆری هەیە لەگەڵ ئەوەکانی پێش خۆی. سوپای تورکیە بە پارێزەری دەستوورى ئەو وەڵاتە دەناسرێ و لە رابردووشدا هەر هەنگاوێکی نابێ بە دروشمی پاراستنی دەستوور بووەو پشتیوانیان لێ کراوە و سەرکەوتووش بوون، بەڵام ئەوەی ئەم جار لەگەڵ ئەوەی بەبەرنامەیەکی تۆکمە کرابوو، بەڵام هەر زوو بە پشت٠Šوانی خەڵک ئودوغان توانی شکستی پێ بینێ و بەشێکی زۆریان لێ بگرێ و تا ئەندازەیەکی باش لاوازیان بکات. بەڵام ئەوەی روونە لە دوای کودەتاکە ئەوە ئودوغانە کە دەست کراوەتر دەبێ لە ئاڵوگۆرەکانی ناوسوپا و زیاتر کردنی هێژموونی خۆی تیایدا. دووهەم ئەوەی کە روونە بیانوویەکی باشە بۆ لاواز کردنی سوپا و کەمکردنەوەی ئەو دەورەی هەیەتی و لێسەندنەوەی پێناسەی پاراستنی دەستوور و لە دوای ئەوانەش ئاڵووگۆڕی هەنگاو بەهەنگاو لە دەستوور بەو شێوەی گە خۆی دەیهەوێ. ئوردوغان لەگەڵ ئەوەی توانی شکست بە سوپا بێنێ هاوکات جارێکی دیکە پێگەو توانای جەماوەری خۆی نیشانی نەیارو رەقیبەکانی ناوخۆی له تورکیە دایەوە، کە ئەوەش زیاتر لە رابردوو هانی دەدا بۆ تاکرەوی و بەرەو پێشبردنی بەرنامەکانی کە چەند ساڵێکە کاری بۆ دەکاو بەشێوەی جۆراوجۆر بەربەستی بۆ سازدەکرا. لەلایەکی دیکە ئەو رووداوە سەربازیەی ئەو جار بەشێوەیەکی رەها دەستی حکومەت و ئوردوغان دەکاتەوە بۆ بنبڕکردنی جەماعەتی گولەن لە تورکیە،و کۆبوونەوەی تۆراو دڵشکاوەکانی ناو پارتی دادو گەشەپێدان لە دەوری ئوردوغان،
کە وایە ئەم کودەتایە بەخێر شکایەوە بۆ ئەوردوغان.
هەڵوێستی ه د پ مەنتقی ترین هەڵوێست بوو لەو هەل و مەرجەدا چوونکە سەرکەوتنی کودەتاچیەکانی سوپا بە عەمەلی گەرانەوەبوو بۆ دواوەو کوردیش مێژوویەکی باشی لەگەڵ ئەوانەدا نیە. بەو هیوایەی لە دوای مەحکوم کردنی کودەتاچیەکان لەلایەن پارتی دیموکراتی گەلان (ه د پ) لاپەرەیەکی نوێ بەرووی پرسی کورد لەو وەڵاتەدا بکرێتەوە.
لایەنێکی دیکەی باشی شکستی کودەتا لە تورکیە ئەوەیە کە بە رووخانی حکومەت لەو وەڵاتە تەوازونی هێز لە ناوچەکە گۆرانی بەسەردا دەهات و لە رابردوودا وەک بینیمان تورکیە لە بەرەی دژایەتی سیاسەکانی رژێمی ئێران و هاوپەیمانەکانی دا بوو، کە بە رووخانی بۆی هەبوو سیاسەتی تورکیە پێچەوانە بووایەتەوە یان ئەوانەی حکومەتی دوای کودەتا پێکدێنن بکەونە ژێرکاریگەری رژێمی ئێران و باقی هاوپەیمانەکانی و بازنەی دژبەرەکانی سیاسەتی تێکدەرانەو ماڵوێرانکەری رژێمی ئێران لە ناوچەکەدا بەرتەسکتر دەبوویەوە. وە ئەوەش زیانێکی جوبران نەکراوە دەبێ بۆ سەقامگیری ناوچەکە.
لە کۆتایی دا بەو ئاکامە دەگەین کە ئەگەر چیی ئوردوغان و حکومەتی ئاک پارتی هەڵەو کەم و کوڕی زۆری هەبووە بەتایبەت بە نیسبەت کورد لەو وەلاتەدا بەڵام دەبێ ئەو راستیە لە یاد نەکەین دۆزی کورد لە باری سیاسی لە تورکیە پێشکەوتنی بەخۆوە بینیوەو بە لە ناوچوونی حکومەتی ئاک پارتی بە ئەگەری زۆر ئەوەی بەدەستی هێناوە لە دەستی بچوایە.