ڕۆژی 22ی ڕێبەندان، ڕۆژی سەرکەوتنی ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران بە سەر حکومەتی ستەمگەری شاهەنشاییە، ڕاپەڕینێک کە خەڵکی ئێران و کوردستان هومێدی زۆریان پێ هەبوو، بەڵام ئا
ڕۆژی 22ی ڕێبەندان، ڕۆژی سەرکەوتنی ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران بە سەر حکومەتی ستەمگەری شاهەنشاییە، ڕاپەڕینێک کە خەڵکی ئێران و کوردستان هومێدی زۆریان پێ هەبوو، بەڵام ئاکامی سەرکەوتنی ئینقلاب مەینەتی و چەوسانەوەی چەند قاتی گەلی کورد و تێکڕای خەڵکی ئێرانی بە دواوە بوو .
42 ساڵ لەوە پێش و لە دوای ڕاپەڕینی تێکڕای نەتەوەکانی پێکهێنەری ئێران و ڕەنج و فیداکاری تێکۆشەرانی ئازادیخوازو خەڵک بە تێکڕا، دەسەڵاتی ستەمگەری حەمەڕەزا شا لە ناوچوو و خەڵکی ئێران بە ئامانجی مێژووییان کە ڕزگار بوون لە دەسەڵاتی دیکتاتۆری شاهەنشاییە، گەیشتن.
ڕوخانی دەسەڵاتی پەهلەوی نوقتە گۆڕانێک بوو لە مێژووی ئێرانداو هومێدی خەڵکی ئێرانی بە ئازادی و ژیانی خۆش زیندوو کردەوە، بەڵام بە داخەوە زۆری پێ نەچوو کە خومەینی و ئاخوندە سەرکوتگەرەکانی هاوکاری، دەسەڵاتی ووڵاتیان بە دەستەوە گرت و بەریی خوێن و فیداکاری و ڕەنجی جەماوەریان بە فیڕۆدا.
ئەو دەسەڵاتە نوێیە لە ماوەی چەند مانگدا ستەم و چەوساندنەوەی خەڵکیان بەربڵاوتر کرد و جینایەت و بێدادییان لە وولاتدا کردە کاری سەرەکیان کە تا ئێستا بە توندترین و بێ بەزەییانەترین شێوە درێژەی هەیە.
جینایەت و ستەمگەری ئاخوندەکان لە ماوەی 42 ساڵ دەسەڵاتیان، بە بەراورد لە گەڵ ستەمگەری دەسەڵاتی حەمەڕەزا شا گەلێک مەترسیدارترە، قەتڵوعامی تێکۆشەرانی ئازادیخواز،سەرکوتی نەتەوەو گەڵانی پێکهێنەری ئێران و بە تایبەتی سەرکوتی خەڵکی کورد و فەرمانی جیهادی خومەینی لە دژی کوردو میلیتاریزە کردنی کوردستان، پەیڕەو کردنی سیاسەتی قۆرغ کردن و دەست بەسەردا گرتنی هەموو بەش و ناوەندەکانی حکومەت لە لایەن ژمارەیەک ئاخوند و بە دیاری کراوی لە چوارچێوەی خومەینی و خامنەیی و کەسانی دەوروبەریان، تێ نەپەڕیوە.
دەسەڵاتی ئاخوندەکان بووە هۆی لە ناوبردنی هەموو بنەما ئینسانی و نەتەوەیی و کەلتوورە باش و بەرزەکانی کۆمەڵگە، لە ماوەی ئەو ساڵانەی دەسەڵاتیاندا.حکومەتی ئاخوندە سەرەڕۆکان بوونە هۆی سەرهەڵدانی جەنگ و وێرانی،بێکاری و گرانی، فەسادی کۆمەڵایەتی و دەیان کێشەی دیکە لە ئێراندا.
ڕاستە کە پێویستە جەماوەری ئێران لە یادی سەرکەوتنی ڕاپەرینی خەڵکی ئێران لە بەرانبەر دەسەڵاتی شادا، شادی بگێڕن، بەڵام لە هەمانکاتیشدا بە هۆی بە تاڵان بردن و دزینی بەرهەمی ڕاپەرینی ڕێبەندانی 1357ی کۆچی خۆری، لە هەست بەشادی دەبێ شین بگێرن و پەژارە دایان گرێ.
لە 42 هەمین ساڵڕۆژی سەرکەوتنی ڕاپەڕینی تێکڕایی خەڵکی ئێران لە بەرانبەر حکومەتی شادا،بەرزترین و بە بایەخترین ئەرک بەردەوام بوون لە تێکۆشانی کۆڵنەدەرانەیە بۆ ڕوخانی ڕژیمی دیکتاتۆری ویلایەتی فقیە و هاتنە دیی دیموکراسی و ئاشتەوایی و پێکەوە ژیانی کۆمەڵایەتی و دابین کردنی مافەکانی گەلی کوردو گەلانی ئێران بە تێکڕاو دامەزرانی حکومەتی دیموکراتیک و پارڵمانی لە ئێراندا.
بڕوخێ دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئاخوندی.
بەڕێز بێ یادی سەرکەوتنی شۆڕشی خەڵکی ئێران بە سەر دەسەڵاتی شاهەنشاییدا.
کومیتەی ناوەندی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
23ی ڕێبەندانی 1399 کۆچی خۆری