شایستە محەممەدی
شایستە محەممەدی
بۆ لەناو بردنی میللەتێک، تەنیا لە شەڕی فیزیکی کەڵک وەرناگیرێ,بەڵکو لە شەڕی نەرم بۆ لە ناوبردنی میللەتێک و لەناوچوونی فەرهەنگ و پایەکانی کەڵک وەردەگیرێ. مێژووی مرۆڤایەتی و ئەزموونەکان و سەرچاوە زانیاریەکان، ئەو ڕاستیانە نیشان دەدەن کە ژمارەیەک لە میللەتان بە هۆی هێرشی نەرم و هێرش بۆ سەر زمان و فەرهەنگیان لە ناوچوون و ئاسەواریان تەنیا لە کتێب و سەرچاوە مێژووییەکاندا ماوەتەوە, ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە پێویست دەکات هەموو ئەو ئەزمونانەی مێژوو لە بەر چاو بگرین و نەهێڵین لە سەر نەتەوەی کورد جێ بەجێ بکرێ. ئاشکرایە لە ناو چونی دابوونەریت و زمانی میللەتێک واتە لە ناو چونی ئەو میللەتەو هەروەها زمانی دایک یەکێک لە سەرەکیترین شوناسەکان و ناسنامەی نەتەوەیە. پەیوەندی گرتن لە زۆربەی بوارەکانی ژیان لەناو کومەڵگه له ڕێگەی زمانەوە ئەبێت و لەڕێگەی زمانەوە لە تەواوی دونیا پێناسە ئەبیت.
لە ئەمڕۆدا کە لە ئێران زمانی فەرمی فارسیە و هەموو ڕۆژنامەو گۆڤار و کتێبە دەرسیەکان بە زمانی فارسیە, گرنگی نەدان بە زمانی دایکی لەلایەن حکوومەتی داگیرکەری ئێران بۆتە هۆی ئەوەی کە نەتەوەکانی دیکە لە ئێراندا، لە زمانی دایکی دور بکەونەوە و تەنانەت ڕژیم هەوڵی خەڵک بۆ پاراستنی زمانی دایک بە کارێکی نادروست دەزانێ و هەر کەس لەم ڕێگەیە هەوڵ بدا بە بیانوی جۆراوجۆر دەستبەسەر دەکرێ و پاشان چارەنوسی نادیار دەبێ.
لە کوردستانی ئێران، دەیان مامۆستای زمانی دایکی دەستبەسەر کراوون و بە تۆمەتی جۆراوجۆر، دەسەڵاتدارانی ڕژیم هەوڵیان داوە پەیوەندیان بدەن بە چالاکی سیاسی و لایەنە سیاسیەکان و بەو بیانو تاوانبار کردنە بێ بنەمایانە بە چەند ساڵ زیندان سزا دراون.
له گوندەکانی کوردستان کە زۆربەی منداڵان ناتوانن بە زمانی فارسی قسە بکەن درێژە پێدان بە خوێندن بۆیان ئەبێتە کێشە و لە زۆربەی کاتدا هیچ لە دەرس وەرناگرن و ئەمە ئەبێتە هۆی هاتنە خواری باوەڕ بە خۆ بوون و هێندێک جار لەلایەن ماموستایانی نەزانەوە بێڕێزیشیان پێ دەکرێت.
ڕژیمی ئاخوندی ئێران لە هەموو کاتدا لەڕێگەی میدیا و کتێبە دەرسێکان و دەیان شتی دیکە هەوڵی ئاسمیلاسیۆنی زمانی کوردی داوەو ویستویە بەم شێوە هێرش بکاتە سەر شوناسی نەتەوەی کورد و لەناوی بوات, بەڵام بەردەوام کەسانێکی چالاک و تێکۆشەر هەن کە بە فیداکاری خۆیان بەرەنگاری ئەم کردەوە قیزەونە دەبنەوە.
نمونەیەک لەو چالاکانە خاتو "زارا موحەممەدی"کە بە بیانۆی هاوکاری کردن لەگەڵ حیزبەکانی کوردستان دەستبەسەر کراو حوکمی پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاوە, بەڵام تەنیا تاوانی زارا پاراستنی زمانی دایکی بووەو هەوڵی داوە بۆ پاراستن و گەشە کردنی زمانی کوردی، ئایا ئەمە تاوانە؟
حکومەتی دژه کورد و دژە مرۆڤی ئاخوندی بەردەوام لە هەوڵی لە ناوبردنی کوردو زمان و فەرهەنگ و کلتوری کورد بووە، ئەو سیاسەتە دزێ و دژمنانەی دەسەڵاتداران دەبێ ببێتە هۆی هاندانی زیاترمان بۆ پاراستنی زمان و کلتوری نەتەوەییمان و ئەبێ هەوڵ بدەین منداڵەکانمان بە باشی فێری نوسین و قسەکردن بە زمانی دایک بکەین و بە جۆرێک پەروەردە بکرێن کە بە زمان خۆیان شانازی بکەن نەک لە نێو کۆمەڵگا شەرم کەن بەزمانی دایکیان قسە بکەن و بە دەستەواژەی بێکلاس بۆ زمانمان بە کار نەهێنین و هەوڵ بدەین ووشە غێرە کوردیەکان لە قسەکانمان بسڕینەوە و خوێندن و نووسینی کوردی فێر بین و تا ئەو جێگە بتوانین کەسانی دەورو بەریشمان ئاگادار کەینەوە و فێری خوێندن و نوسینی کوردیان بکەین.
بەڵێ تا خۆمان لە خەمی نەتەوەی خۆمان نەبین کەس لە خەمی ئێمە دا نیە ئێمە بە پاراستنی خاکمان، فەرهەنگ و کلتور و زمانی دایکی مان ئەتوانین سەرکەوین.