مامۆستا سەید جەلالدینی حوسەینی، ئەو رێبەرە فیداکار و قارەمان و نەتەوەییە بوو کە زیاتر لە 64 ساڵی ژیانی خۆی تەرخان کردوە بۆ خزمەت بە خەباتی رەوای گەلەکەی. مامۆستا هەر لە هەڕەتی لاوێ تیەوەو بە ئەندامێتی لە کۆمەڵەی ژێکاف دەستی پێ کرد و تا دوا پشوو رێبواری رێبازی کوردایەتی بوو.
لە دوای کۆمار، مامۆستا لە راپەرینی جوتیار و فەلا لە دژی ئاغاکان پشتیوانی لە جوتیاران کردوە و ئەو چینە زەحمەتکێشەی بە چەوساوە و زۆر لێکراو زانیوە. هەروەها لە سەرهەڵدانی خەباتی 46- 47دا پشتیوانی خەباتکارانی کردوەو ئەوندەی لە توانای دا بووە پاراستوونی و لە راپەراندنی کارەکانیاندا هاوکاری کردوون.
مامۆستا لە کاتی شۆرشی ئەیلوڵدا چاوی هۆمێدی لەو شۆرشەی گەلەکەمان لە باشوور بووەو چەندین شیعری لە سەر پێشمەرگەو شۆرشی ئەیلول هۆنیوەتەوەو بە هەرەسی شۆرشیش داخ و حەسرەتی خۆی بە شیعر دەخاتەروو و بەشێوەی جۆراوجۆر هێرش دەکاتە سەر رژێمی شا کە شۆرش و خوێنی کوردانی هەرزان فرۆش کردوە. هەروەها لە کاتی تەعریب و راگواستنی خەڵکی گوندەکانی باشور بۆ کۆمەڵگە زۆرەملیەکان، رێگەی لە خەڵکی ناوچە سنووریەکان گرتووە کە مەڕ و ماڵاتی کوردانی باشوور تاڵان و هەرزان فرۆش نەکەن و هانی داون لەو زروفەدا بەشێوەی جۆراوجۆر یارمەتیان بدرێ.
هەر لە زەمانی دەسەڵاتداری شادا مامۆستا لە کوردستاندا ئەوەی دژی ئەو رژێمە بووبێ پەنای داوەو هاوکاری کردوون و دڵی داونەوەو هانی داون بەردەوام بن لە دژایەتی کردنی رژێم و درێژە بەو خەتەی بدەن، هەر لەو چوارچێوەدا لە بانە پشتیوانی تەبعیدیە نەیارەکانی شای کردووەو هەر بە یەکەم جەرەقەی ناڕەزایەتیەکان مامۆستا لە بانەو ناوچەکانی دیکە کەوتە هاندانی لاوان و جەماوەر بۆ راپەرین.
هەوڵەکانی مامۆستا لە راپەرین و پێشرەویەکانی ئەو رێبەرە شاری بانەی کردە ناوەندێکی گرینگی خەبات دژ بە رژێمی شاو هەر زوو دەسەڵات و هێژموونی رژێم لە بانە زۆر لاواز کراو و دەسەڵاتی سەرەکی کەوتە دەست خەڵک و رێبەران و بەدیاری کراویی مامۆستا سەید جەلالدینی حسینی. مامۆستا لە دوای رێکخستنی راپەرین لە بانە، کەوتە شار و ناوچەکانی دیکە و بۆ شەهیدانی سەردەشت چووە ئەو شارەو هانی جەماوەریدا کە لە راپەرین بەردەوام بن و ئەوان بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی سەردەشت دەکەن. لە سەقزیش، بۆ یەکەمجار کە راستەوخۆ هێرش کرابێتە سەر شا لەلایەن مامۆستا سەید جەلالدینەوە بووە , روو لە شا ووتی " پدەر سوختەی لووت کەڵەشاخ چی لە خەلک دەوێ"، لە دوای ئەو هێرشەی کرایە سەر شا، راپەرینی جەماوەری سەقز رەنگێگی دیکەی بەخۆوە گرت و ئەو ترسەی حکومەتی شا دروستی کردبوو لە دڵی زۆراندا رووخا.
لە بۆکان و چەندین ناوچەی دیکەش بە هەمان شێوە ئامادەی ناشتن و بەخاکسپاردنی شەهیدان بووەو دەوری کاریگەری هەبووە لە نێڵدانی کوڕەی خەباتی جەماوەر و هەتا رووخانی رژێمی شاو سەرکەوتنی خەبات و راپەرینی جەماوەر بەردەوام بوو لە رێبەرایەتی کردنی خەڵکی وەزاڵەهاتووی کوردستان.
لە دوای راپەرین مامۆستا سەید جەلالدین دام و دەزگاکانی ناوچەی بانەی وەرێ خست و رێگەی نەدا کار و باری خەڵک راوەستێ و لەو ماوەدا بەرێوەبەری کار و باری خەڵکی وەئەستۆ گرت و بە جۆرێک کاری ئیداری شاری بانەی دارشت کە کەمترین کەم و کورتی هاتەپێش.
هاوکات لەگەڵ سەروسامان دانی کار و باری خەڵک، مامۆستا لە رێنوێنی و هاندان و دامەزرانی هێزی پێشمەرگە رانەوەستاو لەو ماوەدا لەگەڵ حکومەتی بازرگان کەوتە هەوڵ بۆ وەرگرتنی چەک و چۆڵ و رێکخستنی هێزی بەرگری بۆ پاراستنی ناوچەکە، بەڵام ئەوەی راستی بێ مامۆستا کۆکردنەوەی ئەو چەکانەو دامەزرانی هێزی پێشمەرگە لە ژێر ناوی هێزی بەرگری بۆ ئەو دوور بینیەی دەگەرایەوە کە بەرێزیان هیچ ئومێدێکی بە حکومەتی خومەینی نەبوو وە پێی وابوو ئاخوند جێی باوەر نین و جەماوەر و هێزی پێشمەرگە دەبێ ئامادە و تەیار بن و لە هەر ئەگەرێک دا بەرگری لە خاک و نیشتمان بکەن. جوێ لەوە لە ساڵی 1358 دا کەوتە گەران بە ناوچە جیا جیاکانی کوردستانداو کۆڕ و کۆبوونەوەی و میتینگی جۆراوجۆری بۆ جەماوەری شارەکان سازدەکرد و لە سیاسەتەکانی حکومەتی نوێی ئاگادار دەکردنەوەو هانی دەدان کە ئامادەی هەر جۆرە رووبەرووبوونەوەیەکی هێزەکانی حکومەت بن.
هەر لەو ساڵەدا بوو کە پێشبینیەکانی مامۆستا وە راست گەرا و رژێمی خومەینی کەوتە هەڕەشەو هێرش کردنە سەر کوردستان. ئەوەی جێگەی باسە ئەوەیە کە هێزە داگیرکەرەکانی رژێم لە دوای هێرش بۆ سەر کوردستان گەورەترین کۆسپ و شکستیان لە ناوچەی بانە تووش بوو، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەرایەوە کە مامۆستا سەید جەلالدین بە شێوەی مەیدانی و راستەوخۆ سەرکردایەتی بەرگری کردنی لە خاکی کوردستانی دەکرد.
لە ماوەی شەڕی داسەپاوی سێ مانگەدا هێزی پێشمەرگەی دەفتەری مامۆستا کە لەلایەن مامۆستا سەید جەلالدینەوە سەرکردایەتی دەکران توانیان دەیان قارەمانەتی بنوێنن کە 10ی خەزەلوەر یەکێک لە دیارترینی ئەو حەماسەت و قارەمانیەتەی هێزی پێشمەرگەی دەفتەر بە رێبەری مامۆستا سەید جەلالدین بوو، کە لە دوای ئەو شکستە جەرگبرەی هێزەکانی رژێم خومەینی ناچار بە پاشەکشەو ئاگربر و دەست پێ کردنەوەی وتووێژەکان لەگەڵ کورد بوو.
لە دوای ئەوەی مامۆستا شێخ عزەدین رایگەیاند کە هێزی پێشمەرگەی نیە، مامۆستا سەید جەلالدین لەگەڵ هاورێ و هاوفکرەکانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێرانیان لە 27ی ئاگۆستی 1980 دا دامەزراند. ئەگەر چی مامۆستا هەموو کات تەئکیدی لەسەر یەکریزی ئەحزاب دەکردەوە بەڵام هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە سازمانی خەبات کەوتە بەرهێرش و پەلاماری هێزە کوردستانیەکان و بەداخەوە ئەو مڵملانێ و دژایەتیانە بوونە هۆی زەرەر و زیانێکی بەرچاو هەم لە سازمانی خەبات و بە گشتیش بزوتنەوەی نەتەوەیی گەلەکەمان لە کوردستانی رۆژهەڵات. مامۆستا لەگەڵ ئەو جۆرە هەڵسوکەوتە ناسیاسی و ناشۆرشگێڕیانەدا نەبوو وە هەموو کات بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە بە یەکیەتی و برایەتی نێوان ئەحزاب دەتوانین باشتر لە بەرامبەر رژێمی ئێراندا بوەستین و هانی هێزی پێشمەرگەی دەدا کە لە حاست هەڵسوکەوتە ناشۆرشگێڕی و غەیرە دیموکراتیەکاندا دیان بەخۆدا بگرن و وزەی خۆیان بۆ دژایەتی رژێم و هێزەکانی لە کوردستاندا تەرخان بکەن. مامۆستا هەر لە سەرەتاوە پێی وابوو کە بە دوور لە زەق و جیاکردنەوەی فکر و خەتی تایبەت و حیزبی، هەمووان لە راستای سەرخستنی خەباتی نەتەوەی کوردا تێبکۆشن، بە پێچەوانەوە سەرکەوتنی بزوتنەوەی نەتەوەیی و شکستی هێزەکانی رژێم حەستەم دەبێ.
هەر بۆیە ئەگەر چاوێک لە رابردووی سازمانی خەبات بکەین هیچ کات دەست پێشخەر نەبووە لە هەڵگیرسانی شەر و ململانێی حیزبی، بەڵکوو تەنها هەوڵی داوە دیفاع لە خۆی بکات و بۆ مانەوەی لە مەیدانی خەباتدا تێکۆشاوە.
حاشا هەڵنەگرە کە ئەو رێبەرەی کورد بۆ سەرخستنی سازمانی خەبات و بزوتنەوەی نەتەوایەتی گەلەکەمان لە هیچ شتێک درێغی نەکردوەو لەو راستایەدا بە ماڵ و گیان ئامادەی خزمەت کردنی بزوتنەوەکەی بووەو باج و نرخێکی زۆری داوە.
مامۆستا لە چاونەترسی و پیاوەتیدا گوڵی سەرچڵ و لە عیلم و زانست دا دەریای بێ بن بوو، هەر لە هەڕەتی لاوێنیەوە چاوی بە هیچ داگیرکەرێکی کوردستان هەڵنەهاتووەو بۆ دژایەتی کردنیان لە هیچ هەنگاوێک سڵی نەکردوە، هاوکات لە باری عیلمیەوە شارەزای مێژووی کورد و کوردستان و نەتەوەکانی دەوروبەر، زانستی ئایینی و زمان و ئەدەبیاتی کوردی و فارسی و عەرەبی بووەو بە دەیان قەسیدەو شیعر و پەخشانی بە هەر سێ زمانەکە هەیە، لە باری شیعر و ئەدەبیاتەوە خاوەن هەستێکی ناسک بووەو هەستی شۆرشگی٠رانە بەتایبەت لە شێعرەکانی رەنگدانەوەی زۆری هەبووە.
ئەو رێبەرەی گەلەکەمان باوەڕێکی زۆری بە دیموکراسی و پێکەوە هەڵکردن و فرەیی هەبوو، نمونەی هەرە روون ئەوەیە لە دوای راپەرینی جەماوەری لە ئێران ئەوانەی هاوکاری بوون لە راپەرندنی کار و باری شۆرای شاری بانەدا کەسانێکی لە باری فکریەوە چەپ بوون و دوور بوون لە فکر و هزری مامۆستا، بەڵام ئەوەی بۆ مامۆستا گرینگ بوو خزمەتی شار و خەڵکەکەی بوو نەک مەسەلەی فکری.
لە دوایین پەیامی دا لە دوای تەئکید کردنەوە لە سەر یەکیەتی و یەکبوونی و هاوئاهەنگی نێوان هێزە سیاسیەکان، روو لە هاورێ و هاورێبازەکانی فەرمووی: خەباتی ئێمە خەباتێکی نەتەوەییە و خەباتی تەبەقاتی و چەپیگەری و ئیسلامی پێوەندیان بە خەباتی ئێمەوە نیە.
ئەو وتەیە لە راستیدا دەرخەری ئەو راستیەیە کە مامۆستا ژیان و ماڵ و سامانی هەموو لە پێناو سەرخستنی بزوتنەوەی رەوای گەلەکەی تەرخان کردوەو سەربەستی نەتەوەی کورد ئامانجی سەرەکی ئەو رێبەرەمان بووە. بێ شک رێباز و خەتی نەتەوەیی مامۆستا چۆڵە چرای نەوەی ئێستاو داهاتووی نەتەوەکەمانەو دەبێ بە دوور لە هەر ئایدۆلۆژیەک لە پێناو خزمەت و سەرخستنی بزوتنەوە رەواکەمان یەکگرتوو بین.
لە یادی شەش ساڵەی کۆچیی دوایی رێبەر و خەباتکارو کەم وێنەی گەلەکەمان "مامۆستا سەید جەلالدینی حسینی" هەزاران سڵاو و درود بۆ گیانی پاکی و رێبازی هەردەم پڕرێبوار و ئاوەدان بێ.
ئەوەی ماوە ئەوەیە کە مامۆستا ئەگەر چی شەش ساڵە بە جەستە لە نێوماندا نیە، بەڵام بیر و ئەندێشەکانی وەک چۆڵەچرای رێبازی خەباتی نەتەوەکەمان رۆژ لە دوای رۆژ درەوشاوەتر دەبێ.