تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی و مافخوازی!
تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی و مافخوازی!
ئافرەتانی کۆڵنەدەر و بەهەڵوێست!
لە ڕەوتی خەباتی بێ وچانی مرۆڤ لە پێناو بەدەست هێنانی ماف و ئازادیە تاک و جەماوەریەکان و، یەکسانی کۆمەڵایەتی و ڕزگاری و بەرابەری ڕەگەزی دا، هەشتی مارس لە مێژووی ئەو خەباتە دا وەک ڕۆژی نێونەتەوەیی ئافرەتان لە پێناو گەیشتن بە ماف و ئازادیەکانیان دەستنیشان کراوە.
بەم بۆنەوە وەک ڕێکخراوی ئافرەتانی خەبات، پیرۆزبای خۆمان پێشکەش بە هەموو ئازادیخوازان بەگشتی و ئافرەتانی ستەم لێکراوی کوردستان و کەسانی خاوەن هزری یەکسانی خوازی و داکۆکیکاری مافی ڕەوای ئافرەتان بەتایبەتی، پێشکەش دەکەین.
هەر وەک چۆن لە ڕەوتی مێژووی خەبات بۆ نەمانی ناعەداڵەتی و بەدەست هێنانی یەکسانی و گەیشتن بە پلەی بەرزی ڕزگاری و پێشکەوتن، گەلێک ڕۆژ و بۆنەی دیار و پیرۆز هەن، 8ی مارسیش ڕەمزی خۆڕاگری و چاونەترسی و ئازایەتی ئافرەتانی بە هەڵوێست و زیندو و خاوەن بیرو باوەڕی یەکسانی خوازیە لە پێناو گەشە و پێشکەوتنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بە بێ لە بەرچاوگرتنی جیاوازی ڕەگەزی.
بەداخەوە سەرەڕای پێشکەوتنی زانست و تیکنۆلۆژی لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دا ، تا ئێستاشی لەگەڵ دابێ وەک پێویست ئافرەتان بە پلە و مافی ڕەوای خۆیان نەگەیشتون.
لە کۆمەڵگاو نیزامە دواکەوتوو و داخراوەکان دا، ئافرەتان لە هەل و مەرجێکی یەکجار نا دادپەروەرانە و بە دوور لە هەر جۆرە عورف و عادەتێکی مرۆیی هەڵس و کەوتیان لەگەڵ دەکرێ و بە بەردەوامی دەچەوسێندرێنەوە و وەک مرۆڤی دەرەجە خوار و تەنانەت وەک کاڵا و موڵکی تایبەت و شەخسی ڕەگەزی بەرابەریان دەژمێردرێن، و بەر لە هەر جوڵە و کردارێکیان لە پێناو ناسینی خۆیان و مافەڕەواکانیان دەگیرێ.
بەرچاوترینی ئەو کۆمەڵگا و نیزامانە، کۆمەڵگای داخراوی ئێرانی ژێر سیبەر و دەسەڵاتی ڕژیمی دیکتاتۆری ئاخوندیە.
ئەوەی بۆ ئێمەی ئافرەتان لە کوردستانی ئێران دا جێگای شانازی و مایەی دڵخۆشیە، خەبات و هەوڵی ئافرەتانە لە پێناو خاشەبڕ کردنی ئەو نەهامەتی و بێ مافیانە کە بە هەوڵ و ماندوو بوونی ئافرەتان و بە پشتیوانی هێز و لایەنەکانی دژبەری رژیم توانیویانە رێکخراوی سەربەخۆ و داکۆکیکار لە مافەکانی خۆیان دامەزرێنن ، کە رێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران یەکێک لەو ڕێکخراوانەیە کە ماوەی 18 ساڵە لە سەنگەری خەباتی ژنان بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادیەکانیان تێدەکۆشێ.
لە ساڵیادی 8ی مارسدا، ئێمە وەک رێکخراوی ئافرەتانی خەبات، لە پێناو هەرچی زیاتر خۆ ئامادەکردن بۆ بەرەوپێش بردنی چالاکی و هەوڵەکانمان لە پێناو هاندانی هاوڕەگەزەکانمان لە کوردستاندا، داوا لە گشت خاتونانی خەمخۆر لە کۆمەڵگاکەمان دەکەین کە هەرکام لە شوێن و پێگەی خێزانی، ناوەندەکانی خوێندن بە مامۆستا و قوتابی، ناوەندەکانی تەندروستی و تێکڕای چینەکانی کۆمەڵگا، هاو کار و پشتیوانمان بن و هەرکەس بەنۆرەی خۆی لەم خەبات و تێکۆشانەدا دەینی خۆی ئەدا بکا، تا بتوانین لە سۆنگەی ئەم گشتگیری و هاوکاری و خەمخۆریەمانەوە بە ئاوات و ئامانجە بەرزەکانمان بگەین. دڵنیاین کە بە گشتگیرکردنی ئەم بزاڤە ڕەوایەمان دەگەینە لوتکەی بەختەوەری و یەکسانی و پێشکەوتن و دڵنیایی و هێمنایەتی لە ژیان دا.
با بە بەرەنگاربوونەوەی نەریت و یاسا چەوت و ناعەداڵەتیە کۆمەڵایەتیەکان، هەوڵدان بۆ خۆ پێگەیاندن و زانست کۆکردنەوە و خۆ دەرخستن و بەشداری کردن لە کۆڕ و کۆمەڵە پێوەندی دارەکان و پێک هێنانی ئاڵوگۆڕ لە ڕەوت و تێڕامان لە شێوازی ژیانمان دا بە شێوەی سەردەمیانەی وا کە خزمەت بە پلەی بەرزی مرۆڤ بوونمان دەکات، بکەین. چونکە ئەرکی ئێمە سەرەڕای خەبات بۆ ڕزگاری، پەروەردە و بارهێنانی نەوەی نوێی کۆمەڵگاکەمانە وەک دایک و یەکەم مامۆستا لە قوتابخانەی ژیان دا بۆ مرۆڤایەتی .
ڕێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران
7ی مارس 2021