لەم رۆژانە دا و رێکەوتی 30 پووشپەر یادی شەشەمین ساڵەوەگەڕی کۆچی دڵتەزێنی مامۆستای گەورەمان مامۆستا سەیید جەلال حسێنی دەکەینەوە و رێز لە یاد و بیروباوەر و تێکۆشان و خەباتی ئەو سەرکردە بیرمەند و فیداکارەی گەلەکەمان دەگرین.
مامۆستای نەمر قوتابخانە و رێبازێکی دامەزراند کە بە سەدان وانەی پڕ بایەخی خەبات و کوردایەتی تیدا بەرهەم هێندرا و لەسەر بناغەیێکی ئەوەندە پتەوی فکریی و ئەندێشەی راستی شۆڕشگێرانە دامەزرا کە ویرای دەیان سەختی و دژواری رێگەی خەبات بەو حاڵەش مێژووێکی بێ پەڵە و بێ خەوشی تێدا تۆمار کراوە. قوتابخانە و رێبازێک کە بۆ هەر چەمک و ئیدەیێکی شۆڕشگێرانە جەوهەری سداقەت و فیداکاریی تا بێ نیهایەتی تێکەڵ کراوە و بەرگی پراکتیکی بە بەرداکرا. بێ گومان هەر ئەو جەوهەرە دەگمەنەش بوو بەستێنەکانی سەرکەوتن و وەرگرتنەوەی وەڵامی ئەرینی لە ئەنجامی کار و خەبات و تێکۆشانی جەنابی مامۆستا و سازمانی خهبات ی لێکەوتەوە و ئەو مێژووە پاکەی پێ تۆمار کرا.
مامۆستا زەریای زانست و مەعریفە و وانەبێژی کوردایەتی و ژیانی راستەقینە بوو و بیروبۆچوونەکانی کامەرانی و ژیانی سەربەرزانەی تاکی کوردی تیدا وەدی دەهات.
بێگومان بۆچوونەکانی مامۆستای هەمیشە زیندوو هەرکامەیان لەسەر پرسە جۆراوجۆرەکان پێویستیان بەدەیان وتار و لێکۆڵینەوەی جۆراوجۆر هەیە و ئەوەی من مەبەستمە لەو یادە دا باسی لێوە بکەم ، بۆچوون و روانگەی بەرێزیان لە سەر چەمکی پێکەوەژیان و تەبایی ناوخۆیی وەک بە رۆژەڤترین و گرینترین پرسی هەنووکەیە کە لە دواهەمین وتارە پڕ نێوەرۆکەکەی دا لە کۆنگرەی چوارەمی سازمانی خەبات دووپاتی کردەوە و وەک وەسیەت و دوائاموژگاری بۆ قوتابیانی رێبازەکەی دووبارە کردەوە و وەک بزانێ ئەوە دواهەمین ئاموژگاری دەبێ وەک وەسیەتێک بۆ گەلەکەی بە جێ هێشت.
ئەوەی جێگەی بایەخە نەک تەنیا خاوەن بوونی ئەو تێز و بیرکردنەوە ئەمرۆییانەیە بەڵکو گرینگی ئەو بابەتە لەوەدایە کە لە ماوەی مێژووی کار و خەبات و هەڵسوورانی بە عەمەلی باوەر و بۆچوونەکانی کار پێکرد و پەیرەوی لێکردن و روحی بە بەر ئەندیشەکانی دا دەکرد و سەلماندی کە لەسەر عەرزی واقعیش روانگە و بۆچوون و باوەرەکانی دەتوانێ جێبەجێ بکات و کاریان پێبکات.
پرسی یەکبوون و یەکگووتاری ساڵیانی ساڵە لە ریزی شۆڕشگێرانی بزووتنەوەکەمان باسی لێوە دەکرێ و رۆژانە باوەرمەند بوون بەو چەمکانە دووپات دەبنەوە ، بەڵام بەداخەوە لەسەر عەرزی واقع ئەو جۆرەی چاوەروانی دەکرێ کردەوەیان پێناکرێت و هەمدیسان لەمپەرە لاوەکی و گرفتە ناسیاسی و نافکرییەکان زاڵتر خو دەنوێن لەو پرسە گرینگە دا.
روانگهو بیرویۆچونی مامۆستای نەمر بۆ کوردستان و پرسی فرەیی و پلورالیسمی سیاسی بەمجۆرە بوو کە ماموستا کوردستانی بە ئی هەموو تاکێکی کورد دەزانێ و لەدوا وتەی دا دەفەرمووێ: (ئەم کوردستانە ئی هەموومانە و بەشی هەموومانی پێوەیە و پێویستەکارێک بکەین کەس خوی بێ بەش نەزانێ و هیچ رەوت و کەمینەیێک دووری نەکات لە جوڵانەوەی رزگاریخوازانەمان).
کێشەی دواکەوتنی پرسی یەکگرتووی و تەبایی لە نێو ریزەکانی جولانەوەی رزگاریخوازانەی گەلەکەمان بە دیاریکراوی دەگەرێتەوە بۆ ئەو بینییە سەقەتەی لایەنە سیاسیەکان لەسەر کوردستان و جوڵانەوەکەی هەمانە، واتە کێشەکە لە خودی دژواری بابەتی یەکگرتن دا نییە، بەلکو کیشە خویندنەوەی لایەنەکان بۆ کوردستان و خەبات و تێکۆشان لە پێناویەتی. کاتێک لایەنی سیاسی پێی وابێ ئەو رێبەر و خاوەن بەشی زیاترە لە کوردستان بێگومان دانیشتن و لە یەک ریز و لەسەر یەک مێز کۆبوونەوە و هاوتەراز لەگەڵ لایەنەکانی تر بە حوکمی زاڵ بوونی ئەو خوێندنەوە هەلەیە دژوار دەبێ و بە رێگەی جۆراوجۆر کوسپ و رێگری دەخرێتە بەردەم بە ساکاری چوونە پێشەوەی پرسەکە.
مامۆستای هەمیشە زیندوومان نەک تەنیا خوێندنەوەێکی نەتەوەییانەی هەبوو لەسەر کوردستان بەڵکو لە لایەنە نیشتمانیەکەشی غافڵ نەبوو و کوردستانی بە ئی هەموو دانیشتووانی دەزانی و لە ووتەکانی دا بە دیاری کراوی ناوی کەمینە نەتەوەیی و مەزەهەبیەکان دێنێ و دەفەرمووی هەرکەسێک کە دانیشتووی قەلمرەوی کوردستان بێ ئەوە بەشی لە کوردستان پێوەیە و پێویستە کار بۆ بەشداری پێکردنی بکرێ. بە عەمەلیش لە ناو سازمانی خەبات هەرگیز رێگری لە بەشداری کەسانی سەر بە نەتەوەی جیاوزای دانیشتووی کوردستان نەکراوە و تەنانەت شەهیدی غەیرە کوردیش لە ناو ریزەکانی سازمانی خەبات دەبیندرێ و لە ئێستاش دا چەندها تێکۆشەری دڵسوز سەر بە نەتەوە و ئایینی جۆراوجۆر لە ریزەکانی سازمانی خەبات دەبیندرێ.
ئەو خوێندنەوە دروستەی کە مامۆستای ئازیزمان هەیبوو بۆ خەباتی خەڵکی کوردستان و بە پێوەر کردنی لایەنی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ سەرخستن و بەرەوپێش بردنی جولانەوەی رزگاریخوازانە و لە جەریانی تێکۆشانی بەرێزاندا بە عەمەلی کردنی ، نیشانەی ئاستی وشیاری و ژیری و لێهاتووی و نیشتمانپەروەری ئەو زاتە بەرز و پیرۆزەیە و بە حەقیقەت لە ئێستا دا باوەرمەند بوون بەو خۆگەورەبینین و به کهمزانینی بهرانبهر، دەکرێ بڵیین گەورەترین کۆسپی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلەکەمانە.
لە بەشیکی تری وەسیەتەکەی مامۆستا هاتووە کە پێویستە سەرەتا کورد بە یەکگرتوویی بە مافەکانی بگات و ئینجا رکابەری سیاسی لە ناو پەرلەمان و بە پێوەری رێژەی دەنگەکانی کۆمەڵگا دابەشکارییە سیاسیەکان دیاری بکرێت. واتە ئاماژە بەو راستیە دەکات کە پێوەرمان پێویستە دەنگی خەڵک بێ و خەڵک دیاری دەکەن کە هەر حیزب و رێکخراوێک خاوەنی چ قورسایی و رێژەیێک لە دەنگی جەماوەرە و ئاماژە بە پەرلەمانیش هێنانەوە بیری چەمکی دیموکراسی و قبووڵ کردنی پلورالیسم و پێکەوەحەوانەوەیێکی سیاسیانە و بە ئاشتیانەیە.
مامۆستا ئەو کەسایەتیە شۆڕشگیرە بیرمەندە بوو کە نەک تەنیا خاوەنی ئەو بۆچوونە ئەمرۆییانە بوو بەڵکو بە کردەوەش سەلماندی کە دەکرێ و دەتواندرێ باوەرەکان بخرێنە خانەی عەمەلەوە و کردەوەیان پێبکرێ. خالێکی تری یەکجار گرینگی باوەر و کردەوەی جەنابی مامۆستا سەیید جەلال روانینی بەرێزیان بۆ بەرژوەندیی نەتەوەیی و بەرژوەندیی حیزبی بوو. مامۆستا لەودەگمەن سەرکردانە بوو کە وەک چۆن لە ژیانی تایبەتی خۆیدا هیچ بەرژەوەندییەکی تایبەتی نەپاراستبوو بەوجۆرەش بە دامەزراندنی سازمانی خەبات و درێژە بە ئەرکی خەبات بەرژەوەندیی سازمانی لە خوارووی بەرژوەندییە باڵاکانی نەتەوەکەی بوو. مامۆستا ئەو تایبەتمەندییەی لە ژیانی تایبەتی خوی بە وەلانانی هەموو سەرمایە و پێگە و پۆست و خانەوادە و پێش کەش کردنی رۆڵەکانی بە بارەگای شەهیدانی سوورخەلات دەستپێکردبوو و بە هەمان شێوەش لەرێگەی بەهاناهاتنی برایان و خوشکانی هەرێمی کوردستان لە هەستیارترین ساتەکانی وەک راپەرینی 91 و رەشبەگیرییەکانی حکوومەتی سەدام حوسێن بە داڵدەدانی پێشمەرگە و کەسایەتیە سیاسیەکان و یارمەتی چەک وتەقەمەنی بۆ حیزب و رێکخراوە سیاسیەکان وەلا نابوو و نەتەوەکەی لە ئاستێکی باڵاتر پێ گرینگتر بوو لەو مەسلحەتەی کە پێویست بوو وەک سەرکردەی رێکخراوێک بیپارێزێ. بە دەیان نمونەی لەم چەشنە لە مێژووی کارو چالاکی شەخسی جەنابی مامۆستا و بە گشتی سازمانی خەبات تۆمار کراون کە هەمووشی نرخ و قوربانی گەورەی بەدواوە بووە.
بێگومان لە دونیای پڕ لە ئالۆزی سیاسەت دا پێویستیمان بە کەسانی راستگۆ لەگەڵ ویژدان و خەڵک و یەکبوونی بۆچوون و کردەوەیان لە چەشنی جەنابی ماموستا سەیید جەلالی حسێنی هەیە. کەسێک کە بتوانێ لەراست خەڵک راستگۆ نەبێ و کردەوە و قسەکانی جیاوازیی زۆریان هەبێ لەگەڵ یەکدی بێگومان ئەگەر هەڵگری باشترین پەیام و بەرنامەش بێ ئەوە هەمدیسان ناتوانێ ببێتە مایەی خوشحاڵی و بروا پێکردن، چوونکە هەمیشە زەرفیەتی لادان لەو بەرنامە جوانە و رێک و پێکەی هەیە. بە پێچەوانەوە مرۆڤە راستگۆکان ئەگەر بەرنامەشیان بێ کەم و کووری نەبێ ئەوە دەکرێ هیوایێک هەبێ بەوەی هەڵەی سیستەم و بەرنامەکان چاک بکرێن.
مامۆستا سەیید جەلاڵ بەو پەڕی بەرپرسیارەتی لەراست کۆمەڵگا و گەلەکەی دەجوڵایەوە و زۆرترین قوربانی و نرخی بۆ بزاڤی رەوای گەلەکەی بە بێ هیچ چاوەروانیەک پێش کەش کرد و رێگەی دروستی خەبات و تێکۆشانی بۆ رێبوارانی رێبازەکەی وێنا کرد و لەماوەی ساڵیانی خەبات ی دا بە کار و تێکۆشانی خوی شێوەی دروستی خەبات و مرۆڤی شۆڕشگێری پیشان داین. ئەو تایبەتمەندیی و باوەرانە کۆمەڵیک بەها و نورمن کە لە جەنابی مامۆستاوە بۆ ئێمە بە جێ ماون و لەسەر قوتابیانی مەکتەبی مامۆستا پێویستە بە هەر نرخ و تێچووێک بێ ئەو بەها و نورمانە بپارێزن و کردەوەی پێبکەن. بێگومان کۆمەڵگا بە بوونی زۆرترین تاکی لەم چەشنە کۆمەڵگایێکی بەختەوەر و سەرکەوتوو دەبێ و دەتوانێ پلەکانی پێش کەوتن و گەشەی مێژوویی بە خێرایی ببرێ و بە زاڵبوونی ئەو خوێندنەوە دروستە لە ئاستێکی گشتگیر دا بابەتی یەکبوون و پێکەوەحەوانەوە و هاوکاری یەکدی لە نێو ریزەکانی گەلی کورد بابەتێکی زور سادە و ساکار دەبێ.