عەلی بەهرامی
عەلی بەهرامی
کورد وەکوو نەتەوەیەکی دیار و کاریگەری خۆرهەڵاتی ناوەراست، مێژووی شارستانیەتی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 3000 سێ هەزار ساڵ لەوە پێش، وەکوو مێژوو ناسان ئیشارەی پێ دەکەن مەنزڵگەی نەتەوەی کورد زنجیرە شاخەکانی زاگرۆس بووە و زۆرجار بە زاگرۆس نشینەکان نێوی هاتووە. نەتەوەی کورد خاوەن یەکەم ئەزموونی دەوڵەتدارییە بە ناوی "ماد" و لە دوای مادەکانیش خاوەن خۆبەرێوەبەری بووە لە ناوچەکانی خۆی و هیچ کات ئامادە نەبووە نیشتمانەکەی تەسلیمی هێزی داگیرکەر بکات، بەڵکوو نیشتمان، کەلتوور و شارستانیەتی خۆی پاراستووە
لەگەڵ ئەم نەتەوە دێرینەدا، جۆرە دارێکی جوان و بەسوود لەسەر خاکی پیرۆزی کوردستان بەدرێژایی ئەم مێژووە ماوەتەوە کە لە کاتی هێرشی داگیرکەراندا پشتی کوردی بەرنەداوەو سەرکەش و بەسام و هەیبەت لە لوتکەی شاخ و دۆڵەکانی ئەم نیشتمانەدا ماوەتەوەو سینگی بە دڵی خاکەوە ناوەو نە بە سوتان و نە بە بڕین، نەیانتوانیوە لەناوی ببەن، و لە دوای هەر کارەساتێکی کە بەسەریدا هێنرابێ سەر لە نوێ قورس و قائیمتر لەپێشوو ژیاوەتەوە، باڵای کردووەو هەڵکشاوە.
لەسەر داربەڕوو دەگوترێ لەوەتی شاخ و کێوەکانی کوردستان هەیە داربەڕووی لێ دەڕوێ، هەر بۆیە زۆر جار کورد بە داربەڕوو دەشوبهێندرێ یان دەوترێ کۆچی کورد لەگەڵ کۆچی داربەڕووەکانە! لەگەڵ ئەو ڕستە جوانانەدا گیاناسانیش شاهیدی بۆ دەدەن و دەڵێن تەمەنی ئەم دارە لە 500 بۆ 2000 ساڵە.
داربەڕو و لێڕەوارەکان بوونە جێگەی حەوانەوەی تێکۆشەران و پارتیزانانی کورد لە کۆن تا ئێستاو هاونیشتمانانی کوردستان کەڵکی جیاجیایان لە دار بەڕوو وەرگرتووە، هەم لە دار و گەڵاکەی و هەم لە بەرەکەی، واتە بەڕوەکە.
زانایانی ژینگە لەوە زیاتر دەرۆن و باس لەسەر لایەنە بەسوودە ژینگەییەکانی داربەڕوو دەکەن و دەڵێن:
داربەڕو کاریگەری زۆری لەسەر هەوا و خاک هەیە. ئەویش لە رێگەی هەڵمژینی کانزا و پێکهاتە زیانبارەکانی ناو خاک و کەڵکیان لێوەردەگرێ بۆ پێویستیە ئۆرگانیەکانی خۆی، هەروەها رێگە دەگرێ لە ڕاماڵینی خاک، بەتایبەت لە شاخ و کێوەکان و بە هۆی ریشەی زۆر و بەربڵاو، هاوکات بە گەڵا پان و زۆرەکەی رێگە لە لێزمە باران دەگرێ خاک بشواتەوە و ڕای ماڵێ.
دار بەڕوو بە سەرچاوەی خۆراک بۆ گیانلەبەران و باڵندەکان دادەنرێ، ئەوەش بەو مانایە کە لەو ناوچانەی داربەڕووی لێ بێ کۆمەڵێکی زۆری گیانلەبەر و باڵندە دەحەوێنەوە.
داربەڕوو یەکێکە لەو دارانەی لە دوای بڕینەوەو سوتان زۆر بەخێرایی دەژیێتەوە و هەڵدەداتەوە. هەروەها یەکێکە لەو دارە کەم وێنانەی لەگەڵ گۆڕانی کەش و هەوادا زوو خۆی دەگونجێنێ بەتایبەت لە وشکە ساڵی و گەرمادا.
بە لە بەرچاو گرتنی ئەو تایبەتمەندیانە دەکرێ بوترێ "بەروو " هێما و سەرچاوەی خێر وبێر، پتەوی و قایمی، ئاوەدانی و زیندوویەتی، پارێزگاری و پشتیوانی دێتە ئەژمار و لە شوناسەکانی جوڵانەوەی رزگاریخوازی نەتەوەکەمان نزیکە و ئیلهام بەخشی بەردەوامی لەسەر تێکۆشانێکی بێ وچانی پۆڵایینە لە بیرو هزری هەر تاکێکی کوردستان.
بەم پێیە پێویستە ئێمەی کورد بۆ پاراستنی ژینگەی وەڵاتەکەمان لە هەر کاتێکی دیکە زیاتر خەم لە هاوڕێی دێرینی نەتەوەو نیشتمانەکەمان بخۆین و هەڵمەتەکانی چاندن و پەرەپێدانی داربەڕو لە کوردستاندا زیاتر و بەرفراوانتر بکەین. بەتایبەت لە ئێستادا کە رژیمی ئاخوندان لە هەر سەردەمێکی دیکە زیاتر هەوڵ بۆ فەوتاندنی دارستانەکان و تێکدانی ژینگەی کوردستان دەدا.
با لە ساڵی ١٤٠ ٠ ی هەتاوی، چاندن و پاراستنی داربەڕووەکان بکەینە ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆمان و بە چاندن و پەرەپێدانی ئەم دارە بە پیت و بەرەکەتە، ژینگە و نیشتمان بپارێزین!