هاو نیشتمانیانی خۆشەویست!
دڵسۆزان و تێکوشەرانی خەباتی رەوای گەلی کورد!
ئەندام و لایەنگرانی بەوەفای رێبازی مامۆستای نەمرو رێبازی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران!
٣٠ پوشپەڕ لە مێژووی خەباتی ئەم سەدەی نەتەوەکەمان دا، بیرەوەری رۆژێکی لە بیر نەچوەوەیە، بیرەوەری له دهستدانى کەسایەتێکی نیشتمان پەروەر، مامۆستایکی ئایینی و نەتەوایەتی، رێبەرێکی کاریزما و خۆش ناو و جێگای متمانەی کۆمەلانی خەلکی کوردستان، دۆستی هەموو ئازادیخوازان و دادپەروەرانی راستەقینە و دژمنی هەموو دژمنانی مرۆڤایەتی و مافەکانی مرۆڤ، بەتایبەتی رژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی،واته مامۆستا سەید جەلالەدینی حوسەینى یە. مامۆستای رێبەر و خەمخۆری نەتەوە و نیشتمان، خاوەنی بیرو باوەڕی قەت نەگۆڕی نەتەوایەتی بوو، بیرو باوەڕێک کە هەڵقولاوی خواست و ئاوات و ئامانجی کۆمەڵانی مافخوراوی کوردستان و تێکڕای ئازادیخوازانی بە دوور لەبیرو باوەڕی بێگانە بوو. هەر بۆیە دەبێ بڵێین کە هەوڵ و تێکۆشان و فیداکاری و دڵسۆزی مامۆستاى نهمر،تا دواکاتەکانی ژیانی سەربەرزانەی پڕ لە رەنج و ماندووبوون و کوێرەوەری، بەڵام لێواولێو لە شەرەف و شانازی، لە پێناو دەربڕینی راستی و سەقامگیرکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و رزگاری و ئازادی مرۆڤ و ئاوەدانی و پێشکەوتنی نەتەوە و نیشتمان بەبێ دوودڵی وساردبوونەوە و ناهومیدی،لە تەواوی دەورانی ژیانی خەباتگێری ومافخوازیدا بهردهوام بووه.
بژاردەن ئەو مرۆڤ و کەسایهتیه هەڵکەوتووانەی گەلەکەمان کە هەم زانا و بەتوانا و هەم خەباتگێڕو ڕێبەر، هەم مامۆستا و مودەڕریس وسیاسی و خاوەن تەگبیر و رێنوێن و مودەبیر و لەگەڵ دۆست نەرم و نیان و لەبەرانبەر دژمن و نەیارانی گەل و نیشتمان دا سەر سەخت و خۆراگرو بە بڕیاربن. سەرکردەی بەتوانا و مامۆستای رێبەر و مودەڕریسی زان و ئەدیب وشارەزامان، لەو مرۆڤە دەگمەن و هەڵکەوتووانە بوو، کە تا دوا ساتەکانی ژیانی لەپێناو رزگاری و سەرفرازی گەل و نیشتمانەکەی دا خەباتی کرد . بەو پەڕی متمانە بە خۆ بوون چ لە بواری سیاسی و چ لە بواری رێبەریکردنی جەماوەر و چ بواری هاودەنگی و یەکریزی و هاوکاری خەباتکاراندا، لەبەرانبەر نا عەدالەتی ودواکەوتوویی و دیکتاتۆری دا سەرسەختانە و خۆراگر ڕاوەستا. مامۆستا ،دۆستی مرۆڤە چاک و پاکەکان بوو، هاودەم وهاوڕێی شۆڕشگێران و داڵدەدەر وپشت و پەنای لێقەوماوان و ئازادیخوازان بوو. لای مامۆستا گەل و نیشتمان یەک بوو. دانیشتووانی نیشتمان وەک یەک، خاوەن مافی ژیان و ئازادی بوون، هەر بۆیە خۆماڵیانە و کوردانە لە پێناو ئاوەدانی نیشتمان و رزگاری گەلدا، رێبازێکی پڕا و پڕ کوردانە و خۆماڵیانە و بەدوور لە رەنگ و بۆی دەرەکی و بیگانە بە کوردایەتی گەڵاڵە کرد ولە چوار چێوەی تەشکیڵاتێکی سیاسی کوردی دا بەناوی "سازمانی خەبات،ی کوردستانی ئێران"ی دامەزراند، کە ئەم سازمانە هەر لەسەرەتای دروست بوونیەوە تا ئیستا ، جێگای باوەر و خۆشەویستی کۆمەلانی کوردەواری بوە و هەیە. ئەوەی کە بۆ ئێمە قوتابی و رێبوارانی رێگای ئەو سەرکردە هەمیشە زیندوو و ئەو رێبەرە رێباز روون و دیارە، جێگای شانازی پێوە کردنە، بیر و ئەندێشەو تێرامان و رەفتار و گوفتارە راست و بێ پەڵە و تێروانینەکانیەتی بۆ هەموو مرۆڤەکان بە بێ جیاوازی: چینایەتی، رەگەزی ،نەتەوەیی ، ئایینی و رەنگ و رواڵەتەوە و ..هتد. ئەوەی کە زیاتر بۆ ئێمەی خەباتی و پەیڕەوانی رێبازی مامۆستا زیاترجێگای کەسەر و داخە و وەک کەلێنێکی دیار وپڕ نەبوەوە دێتەبەرچاو، نەبوونی مامۆستایە لە هەڵ و مەرجی سیاسی وپڕ مەترسی ئەمرۆی کوردستان و بزاڤە رەواکەیدا. بێگومان بوونی وەها کەسایەتی و سەردەرچووێکی بواری خەبات و تێکۆشان بۆ یەکرێزی و هاوکاری لە پێناو قۆستنەوەی هەلە هەڵکەوتوەکان دا پێویستێکی حاشاهەڵنەگرە.
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، لە شەشەمین ساڵیادی کۆچى دوایى مامۆستا دا،داوا لە کۆمەلانی خەڵکی کوردستان دەکەین، یەکیەتی و هاوکاری خۆیان بپارێزن و لە هەر هەلێکی هەڵکەوتوو بۆ دژایەتی دژمنانی کورد و کوردستان، بەتایبەت رژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی،کۆتایی نەکەن. هەر بەم بۆنە داوا لە تێکرای ئەندام و لایەنگران و دۆستانی سازمانەکەمان دەکەین،لە پێناو گەشەو پێشخستنی سازمان و رێبازی رێبەری نەمرماندا لە هیچ جۆرە فیداکاری و ئەرکێکی سازمانی خۆ نەبوێرن، تا بە هەموومان بتوانی ئەرکی سەرشانمان بە باشی بەرێوەبەرین.
نەمری بۆ مامۆستا، پیرۆزی بۆ رێبازی سازمانی خەبات، شەکاوەبێ ئالای یەک ریزی کورد.
مهرگ و نهمان بۆ رژیمى دیکتاتۆرى ئاخوندى و تی٠Žکراى ستهمگهران
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران،٣٠ ی پووشپەڕی ١٣٩٥ کۆچی خۆری