هاونیشتمانیانی کوردستان!
_______________________________________________________________
هاونیشتمانیانی کوردستان!
کەس وکاری شەهیدانی ڕێگەی ئازادی!
پێشمەرگە قارەمانەکان و تێکۆشەرانی ڕێگەی ئازادی!
زیندانیانی سیاسی نەبەزو خۆڕاگر!
بە بۆنەی جێژنی نەورۆز، جێژنی نەتەوەیی کورد،جێژنی ژیانەوەی لێڕەوارەکانی سروشتی جوانی نیشتمان و هاتنی ساڵی نۆی ١٤٠ ٠ کۆچی خۆری و ساڵی نوێی کوردی و یەکەم رۆژی سەدەی ١٥ی کۆچی خۆری و کۆتایی هاتنی وەرزی زستان و دەستپێکی وەرزی بەهار،پیرۆزبایی گەرمتان پێشکەش دەکەم و هومێدم گەیشتن بە ئامانج و ئاواتەکانی تێکڕایی و رزگاری یەکجاری و کۆتایی هاتن بە ستەم و بێدادیە .
هاونیشتمانیانی ستەملێکراو!
بە خۆشیەوە ساڵی تازە و وەرزی نوێ هاتەوە و کۆتایی بە زستانی ساردو سڕی بێدادی و بەفری داگیرکەر هات، بەڵام سەرەڕای مژدەی هاتنی نەورۆز و بەهار، بە داخەوە دەسەڵاتی داگیرکەر و دڕندەی ئاخوندی کە سەرچاوەی سەرەکی ئازار و مەینەتیەکانی خەڵکی ئێران و خەڵکی کوردستان و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرچاوەی ترۆر و ئاژاوەیە، بەردەوامە لە دەسەڵاتی ناڕەوای و بەردەوامە لە سەرکوت و چەوسانەوەی گەلانی ئێران. دەسەڵاتدارانی ڕژیمی ئاخوندی، ئەوەی لە بیریاندا نیە چارەنووسی خەڵکی ئێرانە و ئەوەی لە بیریاندایە، دزی کردنە لە سەرمایەی خەڵکی ئێران و هەوڵدانیانە بۆ بەردەوام بوونی حکومەتی ناڕەوایان. بەردەوام بوونێک کە بە ستەم و ئازار و شکەنجەی خەڵک و ئیعدامی لاوان وشکەنجەی هاونیشتمانیان درێژەی کیشاوە. رژیمی ئێران لە ماوەی دەسەڵاتیدا بۆتە هۆی دواکەوتویی ئێران،جەنگ و ماڵوێرانی، پەرەپێدانی ترۆر لە ئێران و وولاتانی ناوچەکەو جیهان، دەستێوەردان لە کاروباری ووڵاتانداو پێکهێنانی دەستە و تاقمە ترۆریستیەکان لە ووڵاتانی دیکەو و دابین کردنی خەرج و داهات بۆیان،هەروەها بۆتە هۆی مەترسی و هەڕەشەو شێواوی و نا سەقامگیری لە جیهاندا. ئامانج و ویستی شەرخوازی ئەو دەسەڵاتە دواکەوتوە،هەوڵدانە بۆ پەرە پێدان بە توانا مووشەکیە هێرشبەرەکان و هەروەها هەوڵدانە، بۆ بە سەربازی کردنی گەڵاڵەی ناوکەیی(ئەتۆمی)و دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم.ئاشکرایە کە ئامانجی دەسەڵاتدارانی ڕژیمی ئاخوندی لە دروست کردنی بۆمبی ئەتۆم، ئەوەیە کە بە خەیاڵ، پاڵپشتیان بێ بۆ بەردەوام بوون لە حوکمی ناڕەوایان.
جینایەتی ئەو ڕژیمە، تەنیا لەشکەنجەو ئیعدامی تێکۆشەرانی ئازادیخواز و جینایەت لە بەرانبەر خەڵکی ئێران و پێشێلکردنی بنەماکانی دیموکراسی و مافی مرۆف دا خۆنابێنێتەوە،بەڵکوو بەسیاسەتی نەزانانەو بە پەرپێدانی فەسادی کۆمەڵایەتی و گرینگی نەدان بە کێشەی ئیعتیاد لە ئێراندا، تاوانی دیکەیان بەرانبەر بە خەڵکی ئێران ئەنجام داوە. هەروەها لە پیوەند بە نەخۆشی کۆڕۆنا (کوڤید١٩)، نەک هەوڵیان نەدا ئەو نەخۆشیە لە ئێراندا تەشەنە نەستێنێ، بەڵکوو بە هاتو چۆی بەردەوامی فڕۆکە نەفەرهەڵگرەکان بۆ ووڵاتی چین و هەروەها بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی بۆنەکانی وەک: ساڵڕۆژی سەرکەوتنی ئینقلاب و هەروەها پڕوپاگەندەکان و ڕێ پێوان بە بۆنەی کوژرانی گەورە ترۆریست قاسم سلێمانی و ...هتد، کەمتەرخەمی یان کرد لە حاست بڵاوبونەوەی ئەو نەخۆشیەو، بوونە هۆی مردنی هەزاران مرۆڤ لە ئێراندا. لە ئێستاشدا کە دەرمان و چارەسەری ئەو نهخۆشیه لەچەند ووڵاتی ڕۆژئاوایی بەرهەم هاتوە، خامنەیی ڕێبەری ڕژیم بە بیانوی ناڕاست ،ڕێگە لە هێنانی واکسینەکانی دروستکراوی ئەمریکاو ئوروپا دەگرێ کە گۆیا ووڵاتانی ئوروپاو ئەمریکا دژمنی خەڵکی ئێرانن و ئەگری هەیە فاکسینی کۆڕۆنای دروستکراوی ئەوان زیان بە خەڵکی ئێران بگەێنێ،ئیدعایەک کە بە تەواوی ناڕاستەو خامنەیی بە دەربڕینی ئەو درۆیەش، جۆرێکی دیکە لە دژمنایەتی خۆی و دەسەلاتەکەی بۆ خەڵکی ئێران دەسەلمێنێ و گیانی ملێۆنها مرۆف دەخاتە مەترسیەوە. هاونیشتمانیانی بەڕێز! لە کاتێکدا کە دەبوو بە هۆی هاتنی نەورۆزو ساڵی نوێ، زیاتر بیر لە خۆشی و شادی بکەینەوە و کەرنەواڵی جۆراوجۆر وەڕێ بخرێ و شادی و هەڵپەڕکێ بگێڕین، بە داخەوە بە هۆی سیاسەتی دژمنانەی دەسەڵاتداران لە ئیرانداو ئەو گشتە ستەم و جینایەتکاریەی دەسەڵاتی دواکەوتوی ئاخوندیی، لە نەورۆز و لە هاتنی وەرزی نوێ و ژیانەوەی سروشت چێژو خۆشی نابینن و تاڵی و سەختی ستەم، ژیانی دانیشتوانی ئێران و کوردستانی تێکداوەو گەلی ستەملێکراوی کورد بە تایبەت ،٤٢ساڵە بە شێوەی دڕندانە دەچەوسێتەوە و کوردستان بۆتە گۆڕەپانی مانۆڕی هێزە سەرکوتگەرەکان و گرتن و ئیعدام و ترۆر و ڕەشە کوژی و جێگەی تاقی کردنەوەی مووشەک و چەک و تەقەمەنی کۆمەڵکوژ. سەرەڕای سەرکوت و چەوسانەوەو ملیتاریزە کردنی کوردستان،گەلی تێکۆشەر و مافخوازی کورد لە بەرانبەر جینایەت و ستەمی ئاخوندەکاندا،بێدەنگ نەبوەوە و بەردەوامە لە بەربەرەکانێی دەسەڵاتی دیکتاتۆرو هێزەجینایەتکارو ناوەندە ئەمنیەتیەکانی.
کچان و کوڕانی کورد وزیندانیانی سیاسی نەبەزو خۆنەویست، چالاکانی ڕێکخراوە مەدەنیەکان، شاعیران و نوسەرانی شۆڕشگێڕ،مامۆستایانی ئایینی نیشتمانپەروەر،وەرزشکارانی نیشتمان خۆشەویست و ئوستادانی دانشگاە،مامۆستایانی قوتابخانە و ناوەندەکانی خۆێندن، هاوتەریبی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان و خەباتکارانی سەنگەری دیفاع لە نیشتمان، دەوری گاریگەریان لە پاراستنی نیشتمان و بەردەوامیی خەباتی نەتەوایەتیماندا گێڕاوە.
بەم بۆنەوە سپاس و پێزانینی خۆم و هاوباوەڕانم لە سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران پێشکەش بەهەموو ئەو تێکۆشەرو دڵسۆزانە دەکەم و دڵنیایان دەکەمەوە کە ڕەوڕەوەی خەباتی ئازادیخوازی گەلانی ئێران کە ئامانجی ڕوخانی ڕژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی و هاتنە سەر کاری حکومەت و دەسەڵاتی دیموکڕاتیک و پارڵمانیە، بەردەوام دەبێ و دەگاتە جێگەو خەڵکی ئێران بە ئازادی دەگەن و گەلی کوردیش بە ماف و ئامانجە ڕەواکانی شاد دەبێ.
بەم بۆنە پیرۆزەوە داوا لە هێزە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران دەکەم بە ڕەچاو کردنی قازانج و بەرژەوەندیە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان و بە مەبەستی زیاتر گەرم داهێنان و گەشە پێدانی جوڵانەوەی مافخوازانەو تێکۆشان بۆ ڕوخانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئاخوندی،با پێکەوە ڕێگە بۆ کاری هاوبەش و چالاکی هاوبەش و یەکگرتوویی خۆش بکەین و هەر بەم بۆنەوە دووپاتی دەکەمەوە کە سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران لە سەر بنەمای:
١.هەوڵ و تێکۆشانی هەمە چەشنە بۆ دابین کردنی مافەڕەواکانی گەلی کورد.
٢.خەبات و تێکۆشان بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی دیموکراتیک و پاڕڵمانی جیاوازی دین لە دەوڵەت.
٣.سوور بوون لە سەر بەربەرەکانی ڕژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی و خەبات بۆ ڕوخانی ئەو ڕژیمەو ڕەد کردنەوەی ووت وێژ لە گەڵ ئەو دەسەڵاتە مەزهەبی و دواکەوتوە.
سازمانی خەبات باوەڕی تەواوی بە کاری هاوبەش و سیاسەتی هاوبەشی نێوان لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران هەیەو پێ وایە کە بە کاری هاوبەش ویەکگرتوویی وبە ستراتیژی هاوبەش، خەباتی مافخوازانە، بە پشتیوانیە بەردەوامەکانی جەماوەری کوردستان، سەردەکەوێ. بێگومان تا ستەم بەردەوام بێ، خەبات و کۆڵنەدان بۆ گەیشتن بە مافی ڕەوا بەردەوام دەبێ و هاونیشتمانیانی کوردستان، نەورۆزو ساڵی نوێ دەکەنە هۆیەک بۆ زیاتر گەرم داهێنانی شۆڕشی ئازادیخوازی،هەروەها دەیکەنە شۆڕشی ژینگە پارێزی و مرۆف دۆستی و زیندەوەر دۆستی. هەر بەم بۆنە پیرۆزەوە، داواکارم بە ناشتنی نەمام و درەخت و جوان کردنی سروشتی نیشتمانمان ،ئەرکەکانی دیکەی نیشتمان پارێزی و نیشتمان خۆشەویستی بە جێ بگەێنن. ئازادو ئاوەدان و سەرسەوزو بێ کوردستانی خۆشەویست. بڕوخێ ڕژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی ،سەرکەوی خەباتی ڕەوای گەلانی ئێران.
لە گەڵ پیرۆزبایی دووبارەم بە بۆنەی نەورۆزی پیرۆز و ساڵی نۆێ ١٤٠ ٠ کۆچی خۆری وبە درووشمی: نەورۆزی داربەڕوەکان، هێمای ژیانەوەی سروشت.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
سکرتێری گشتی بابەشێخ حوسەینی
نەورۆزی ١٤٠ ٠ کۆچی خۆری