هێشتا گوڵە گەنمەکانی مەزرای حەوجێی بە تۆ ،هەر بەسەر لاسکی باڵای نیوە لاری هیوای وەرزێرانی نیشتمانەوە بوون کە کۆچت کرد. پاساریەکان بەسەر چڵی دار ئەرخەوانی ژینەوە،پڕ بە دەمیان بژیویان بۆ زەڕنەقوتە بێ باڵ پەرەکانیان دێنا ، کە جێت هێشتین.شەماڵ بەدەم گژەبا و زریانەوە،لە بوولێڵەی بەیانەوە،پشوو سوار و بەلەز داهات تا بگایە کۆگای خەرمانی ئاواتمان، کە تۆ شەنی پێخوێی خەباتت بە دار کەپری حەسانەوەی گەرمای هاوینی تێکۆشانماندا هەڵپەسارد و لەم دەشتی کاکی بە کاکی خەباتی رزگاری نەتەوە و نیشتمان دا چاوەروانی گەڕانەوەی شەنیارەکەی خەرمانانت کردین.داربەروەکانی چیای وەرە و باوەڕ، خۆ راگریان کە تۆ وەرگرت، ئەدی بۆچی وا بێ وادە لە بن دار بەڕوەکەی سەر مەزارت شانت دادا و بۆ هەمیشە مەنزڵت گرت؟. باڵندە کۆچەریەکان،لە گەرمیانەوە بەرەو کوێستانی نیشتمان بە ئاسمانی سافی ئەندێشەتەوە سوار شەپۆلی ئاواتی گەرانەوە بۆ هێلانەی ژیان لە شەقەی باڵیان دا، ئەدی بۆچی بازی بەرزەفڕی ئاوات و هیوای گەرانەوەت بۆ زێد و بەرزی لوتکەی ئاربەبای خۆزگەکانت، لەم گەرمیانە لاباڵی دا و لەنگەری گرت؟ قەڵاکەی قەقۆن لە شێرکوژ، بەردی ئۆغڵوبەگی نژۆ، وەزەنێ و ئاوەسپی ساوان، کەلیخان و دووزینی جوان، بابۆسی ئامێز پڕ لە گوێز،ئاربەبای رەمزی سەربەرزی، بە تۆوە بەرز و دڵگیر بوون، بە کۆچی تۆ،باوکی بەرێز، هەموو پشت کوڕ بوون،پیر بوون. وەک یاقوبی سۆما کزبوو، ئۆقرە نەماو، گشت چاو لەرێن.
گەرچی بە جەستە ناچیەوە،
زیدت بە چاو نابینیەوە،
بەڵام پەپوولەی رۆحی تۆ،
بیر و ئەندێشەی سەر بەخۆ،
بوونە شەم و پەروانەی گەڵ،
بوونە دەستمایەی رۆژی هەل،
هاکا رمی کۆشکی بێداد،
گەل بوو رزگار، وڵات ئازاد.
ئەوجار رێبوارانی رێگات،
دڵسۆزانی گەل و وڵات،
کورو کیژانی رێی خەبات.
دەبنە خزمەت کار بۆ هۆزت،
سەردەخەن رێگای پیرۆزت.
ئەوەی خاوەن مژی و ژیرە،
تا مردن تۆی هەر لەبیرە.
منیش وەک رۆڵە و رێبوارت،
هاتومەتە سەر مەزارت.
سەر بەرزم کە قوتابی تۆم،
بەختەوەرم ،نەک رەنجەرۆم.