دەفتەری سەروەران پەڕتوکێکی زێڕینە کە هەزاران داستانی شیرین وتاڵ و کارەساتی ڕۆژانی هەور و ساماڵی لە ناو ماڵی لاپەڕە پڕ لە کارەساتە سەر سووڕهەێنەرەکانی خۆی تۆمار کردووە کە هەر وشەیەکی یادی شۆڕە سوارێکە و هەر پێستێکی دیمەنی دەردی هەژارێکە. دێرەکانی پێنووسیان لێنەدراوە و بە پەنجەی هیچ نووسەرێک نە نەخشاوە. بەڵکو لە ناخی دەریای تاریکی شەوی رەشی بێ بەشدا بە دەستی بەهێز و پیرۆزی خەبات. لە بەر شەبەقی ئاگری ڕوناکی شۆڕشدا پیت بە پیت دێڕبە دێڕ بە نوکی فیشەک گەرمی خەباتگێڕان نووسراوە و لە سەر رووپەڕی دڵی خاوێنی خاوە هەستان چاپ کراوە. گەرماو سەرماو با و باران و دەستی نەگبەتی زۆرداران ناتوانێ پیتێک کاڵ وەکا. وشەکانی بڵێسەی ئاگری فیداکارین، فیداکاری بۆ ڕزگارین پیتەکانی سکاڵای دیلی و هەژارین. ڕستەکانی بە گڕی شۆڕش داڕژاون، بە خوێنی شەهید سوور کراون، نوختەکانی ئەسرینی گەشی خوێنن. پەڕەکانی گەلێک ڕازاوە و ڕەنگینن، ئەو پەڕتووکە قەت کۆن نابێ، هەر تازەیەو تا دنیا بێ تێ گەیشتن و پێگەیشتن و خەبات لە پێناو سەربەستی و نەبەزی و ڕانا ناوەستێ، هەمووی مانای ئەو پەرتوکەن، پەرتووکی یادی سەروەران، یادی سەربەرزی نەمردوو، یان بڵێن بە مردوو زیندوو... با وەک هەموو جارەکانی پێشوو یادی دوو شەهیدی کوردستان بکەینەوە.یادی کردەوەکانیان، یادی بیروباوەڕ و بڕیاریان، یادی لە خۆبردووییان، یادیان زیندوو بکەینەوە بە درێژایی ڕێگایان، بە دەرس وەرگرتن لە کردەوەیان. با یادیان زیندوو بکەینەوە هەر وەک بۆ خۆیان زیندوون و جێگەیان ناو دڵی نەتەوەکەمانە. چونکە شاعیری کورد دەڵێ:
پێی ناوێ بۆ شەهیدی وەتن شیوەن و گرین، نامرن ئەوانە وا لە دڵی میللەتا دەژین.
دەزانین لە کۆڕی یادی سەروەراندا هەمووتان لە گەڵمانن، هەموو ئەوانەی خاوەن باوەرن، خاوەن هەستی نیشتمان پەروەرین، هەموو ئەوانەی ئەوینداری ئازادی و سەر بە خۆیین. چونکە یادی سەروەران یادی ئەوانەیە کە لە حەستەمترین هەل و مەرجدا شەرەفی نەتەوەکەیان پاراستووە و تاپۆی بوون و مافی نەتەوەکەیان بە خوێن نووسیوە. بە داگیرکەرانی کوردستانیان سەلماندووە کە پارێزەری ئەو ئاو و خاکەن و هەموو ئاکامێکی تاڵ و هەموو چەرمەسەرییەک لە پێناو ویستی گەل و ئامانجەکەیاندا وە خۆدەگرن. هەر سەربەرز دەمێنن و هەر سەربەرز دەمرن. فیداکاری لە پێناو ویستی نەتەوایەتیدا تایبەت نەبووە بۆ چینێکی جیا لە کوردستاندا. بەڵکو هەموو چینەکانی خەڵکی کوردستان بێ بەشی و هەژاری خۆیان لە پێشێل بوونی مافی نەتەوایەتیدا دیوە و دەبینن و هەموو تێکڕا خەباتیان بۆ کردووە. شەهید محەممەد خالیدی و شەهید محەممەد ڕەسوڵی ( شێنانی ) دوو فیداکاری ڕێی ڕزگاری و ئاوەدانی کورد و کوردستان بوون کە وێڕای 5 هاوباوەڕیان لە ڕۆژی 16ی خاکەلێوەدا لە ( یەکشەوە ) مەلی سرکی ڕۆحی پاکیان لە قەفەزەی سینەی ساف و بێ کینەیان هەڵفڕی، لە گوڵزاری باغی بەهەشتی شەهیدان دا لە سەر چڵە پۆپەی شەرەف و شانازی نیشتنەوە.
هەزران سڵاو لە یادو ناوی هەردوو شەهید و سەرجەم شەهیدانی کوردستان