یادی سەروەران
یادی سەروەران
سەروەری گەل شەهید ئەمیر بەهرامی ناسراو بە ئەمیرمەریوانی
ڕێبوارانی ڕێگای شەهیدە سەربەرزەکانمان بێ پسانەوە بەرەو لوتکەی پیرۆزی شەهادەت وەرێ دەکەون و یەک لە دوای یەک بە خوێنی پاک و گەشیان تۆماری شانازی بۆ گەلەکەیان مۆر دەکەن و بە نرخی گیانیان گیانێکی تازە دەخەنە بەر خەباتگێڕانی دوای خۆیان، و بە مردنی بە ڕواڵەتیان گەلەکەیان بە زیندوویی دەهێڵنەوە. گەلی چەوساوەی کوردستان وەک گەلێکی خاوەن باوەڕ بە سەربەستی وەک ژێر چەپۆکەیەک کە دەبێ بۆ ڕزگاری لە ستەم تێ بکۆشێ، بە ئەرکی نەتەوایەتی خۆی دەزانێ کە لە پێناو وەدەست هێنانی مافە ڕەواکانی خۆیدا بێ وچان و شێلگیرانە خەبات بکاو چالاکانە تێبکۆشێ، هەر بۆیە لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانی خەباتی خوێناویدا بە دەستی دلێر و بە هێزی ڕۆڵە بەشەرەف و فیداکارەکانی ئاڵای بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی هەڵگرتووەو لەسەر لوتکە خوێناویەکانی کوردستان بە تینی شۆڕشیان هەڵکردووە و هەر وەک گەلێکی شۆڕشگێرو زیندوو لە بەرانبەر زۆرداران و ملهۆڕان و خوێن مژانی مێژوودا ڕاوەستاوە و لەم ڕێگا حەستەم و پڕ لە کەندو کۆسپەدا هەزاران هەزار شەهید و بریندار و نقوستانی کردۆتە قوربانی و زۆر شار وگوندی کوردستان بەم هۆیەوە بەدەست دوژمنان کلیس و کاوول کراون و دارایی و سامانی زەحمەتکێشانی کوردستان بوونە دەستە چیلەی شەڕی داسەپاو بە سەر کوردستاندا، بەڵام تا مێژووی خەبات درێژتر بۆتەوە و زەبر و زەنگی دوژمنانی نەگریسی کورد وکوردستان بەرین ترو بەتین تر بووە، خۆڕاگری و ورەی ڕۆڵەکانی کوردستان بە هێزتر و بەرزتر بۆتەوە و پلەی تێ گەیشتن و شۆڕشگێڕیان زۆرتر چۆتە سەرو لە مەودایەکی بەرینتردا ئاگریان بەرداوەتە تەمەنی پڕ لە شوورەیی دوژمن و ئۆقرەیان لێ بڕیوە. دووبارە گەردوونی ئاکار بەلاوە چوو و چەرخی چەپگەڕ لەگەڵ دایکی دێوەزمەی زەمانەو شەوی کۆرپە دزی دایک تۆقێن خۆیان بە کەلێنی خانووی ژیانی هەڵوەشاوەدا هێڵایەوە ناو باغی غەملاوی پیر نەمامی سەربەستی و ئازادی نەتەوەکەمان و شۆڕە نەمامی پڕ هیوا و هومێدی گەلە چەوساوەکەمانی لە باوەشی قەهریی یەکجاری خۆی گرت، وەک شەهید ئەمیر بەهرامی ناسراو بە (ئەمیر مەریوانی) بێ. دووبارە لاپەڕەی مێژووی شۆڕشی نەتەوەکەمان بە خوێنی پاکی باشترین و بە هەستترین ڕۆڵەی خۆی، خۆی ڕەنگاند کەژانی خوێنی ورەی زیاتر دەدا بە دڵان، هەروەک دیمەن و وێنەی ڕەغبەت دەدا بە گوڵان. شەهید ئەمیر کوڕی ئەحمەد خەڵکی مەریوان کوڕە کوردێکی ژیر و نەدار و خاوێن بوو و ئەویندارێکی بەڕاستی کوردایەتی بوو. هەر لە سەرەتای ژیانیەوە لەگەڵ دێوەزمەی نەداری و ژێرچەپۆکی دەستە و یەخە بوو، لە تەمەنی 8 ساڵیدا باوکی شەهید ئەمیر بەرەو زانستی علومی دینی لە یەکێک لە مزگەوتەکانی گوندەکانی دەوور و بەری شاری مەریوان ڕەوانەی کرد و ماوەی 2 ساڵ لە لای مەلا ئایینیەکان دەرسی دینی خوێند، پاشان بۆ بەرز کردنەوەی پلەی زانیاری خۆی تا ساڵی ئەوەڵی ڕاهنمایی خوێند. شەهید ئەمیر لە ساڵەکانی ئەوەڵی شۆڕشی گەلانی ئێران دژی دام و دەستگای چەپەڵی شایەتی وەک هەموو لاوەکانی دیکەی کوردستان، چالاکی و ئازایەتی نواند. لە ساڵی 1359 دا بوو بە پێشمەرگەی لایەنێکی موخالیفی ڕژێم و دوای هەڵسەنگاندن و تاقی کردنەوەی سازمانی خەبات لە هاوینی ساڵی 1360 دا هاتە ناو ڕیزی پڕ لە شانازی پێشمەرگەکانی سازمانی خەباتەوە و زۆر ئازایانە و لێ هاتوویانە شان بە شانی هاوسەنگەرەکانی لە زۆربەی شەڕەکانی بانە و سەردەشت و شوێنەکانی دیکەی کوردستان بەشداری کرد. لە مانگی 12ی ساڵی 1363 دا لە لایەن کومیتەی شارستانی بانەوە بە ئەندامی کومیتەی ناوچەی (حەوتەوانان) لە بەشی ماڵی دامەزراو بۆ ئەنجامدانی کارو باری شۆڕش و سازمانەکەی لەگەڵ هاوبیر و باوەڕەکانی ڕەوانەی ناوچەی دەشتە تاڵی بانەوە بوو. شەهید ئەمیر زۆر دڵسۆزانە و ئازایانە کاروباری پێ سپێردراوی خۆی ڕادەپەڕاند کە بەم هۆیەوە بوو بە خۆشەویستی هەموو هاوسەنگەرەکانی و خەڵکی ناوچە. بەڵام بە داخێکی گرانەوە لە ڕۆژی 16/1/1364 کە بۆ مەئموورییەتی سازمانی چوو بوونە گوندی (شەیدیلە) لە لایەن دوژمنانەوە گەمارۆدران و دوای شەڕێکی سەخت بە گولەی ناپیاوانی مێژوو پێکرا و چاوی پڕ لە ئەندێشەی ئەوینداری بە گەل و سازمانەکەی لە سەر یەک دانا و دڵی پڕ لە ئاوات و ئارەزووی لە کار کەوت.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی هەموو ئازیزانی شەهیدی کوردستان