یادی سەروەران
یادی سەروەران
سەروەری گەل شەهید تاهیر خزری
بەختەوەری و سەربەرزی بۆ هەتا هەتایە بۆ ئەوانەیە کە ساتەکانی نێوان بوون و مردنیان بە سەرەتای ژیانی بێ برانەوە دەبڕێتەوە، شانازی بۆ ئەوانەی کە چۆڕە نەوتی چرای هەناسەی سەر دونیای پڕ لە ستەم و تاوانیان لە شەوەزەنگی خەبات و تێکۆشاندا بە گژە بای گڕی دەسەڵاتی داگیر کەر کڵپە دەکا و پەیکەری گەوهەریان بە نووری ئەوینی خودایی دادەگیرسێ و تەرمی بە خوێنیان کە لە کورەی شۆڕشی بێدادیدا بە ئاگری ستەم و تاوان کڵپە دەکا و فریشتەی گیانی پیرۆزیان بەرەو بەرزی بارەگای ئیلاهی و بۆ لای مەنزڵگای ئەبەدییەت رێ دەگرێ، بەڵێ ئەوانەی گۆی سەرکەوتنی مەیدانی ژیان دەبەنەوە لە دوایان ژیانی سەر زەوییان سەرەتای ژیانێکی بێ بڕاوانەیە، ئەوانە ئەو شەهیدە سەربەرزانەن کە لە پێناو وەدەست هێنانی ویستە رەواکانیان دا لە پانتایی بە گژدا چوونەوەی زاڵم هاوار دەکەن و کوردانە هەڵمەت دەبەنە سەر دامودەزگای ستەم و ستەم پەروەری و لەو رێیەدا دەکەونە داوی داگیرکەرانەوە و بە دەستی دوژمنان دەکوژرێن، شەهید سەید تاهیر خزری، کوڕی سەید ئەحمەد خەڵکی ماوەڵای ناوچەی سەردەشت پێشمەرگەیەکی قارەمان و فیداکار دژی بەکرێگیراوانی رژێمی خومەینی خوێن رێژ بوو، کە بەو پەڕی فیداکارییەوە 5 ساڵ پێشمەرگایەتی بۆ گەلەکەی کرد و بە سەربەرزییەوە لە رێی شۆڕشدا شەهید بوو. رۆژی 19ی خاکەلێوەی 1364 کە پێشمەرگەکانی خەبات لە ناوچەی سەردەشت لە نزیک گۆمەکورتەک لە سەر جادەی مەهابادـ سەردەشت دەیانویست بە ناو مەیدانێکی میندا تێپەڕن لە حاڵێکدا کە سەید تاهیر بریندارێکی بە کۆڵەوە بوو کەوتە سەر مین و بە توندی بریندار بو، قاچێکی لە دەستدا، بەڵام لەو کاتەدا کە ورەی پێشمەرگەکان زۆر لە سەرەوە بوو،هەموو خۆشەویستەکانی کاک سەید تاهیر کەوتنە تەقەڵا بۆ ئەوەی بتوانن گیانی ئەو رۆڵە شۆڕشگێڕەی گەل بپارێزن، خەڵکی ئازا و بە هەستی ناوچە یارمەتی زۆریاندا بۆ گواستنەوەی ئەو برا پێشمەرگەیە بەرەو ناوەندی شۆڕش. لە رێگادا کاک سەید تاهیر گیانی پڕ بایەخی پێشکەش بە باوەر و نیشتمانەکەی کرد و لە سەعاتەکانی ئاخری شەودا شەهید بوو. وە لە گۆڕستانی گوندی بانەزێڕ درایەوە بە نیشتمانی دایک و داوای لێکرا کە وەک ئەمانەتێک بی پارێزی. شەهید سەید تاهیر 25 ساڵ تەمەنی بە هەژاری لەم دیواودیوی کوردستانی گەرمێن و کوێستان بردە سەر. بارودۆخی ژیانی شەهید سەید تاهیری ئازا و نەبەز و خۆڕاگر بارهێنابوو. هەر بۆیە لە ریزی هەرە چۆست و چالاکەکاندا ناو دەبرا. شەهید سەید تاهیر گیانێکی لە دەستدا لە پێناو باوەرەکەیدا، ئێمە پێشمەرگەکانی خەبات خۆشەویستەکانمان لە دەست ئەدەین، ئێمە خەڵکی کوردستان، رۆڵە ئازاکانمان لە دەست ئەدەین بۆ ئەوەی ئەو رێبازە بە خوێن رەنگاوە تا لە گۆڕنانی هەموو ستەمەکان و تا ئاوەدان بوونەوەی کوردستان، هەر پڕ رێبوار بێ.
شەهیدە سەربەرزەکانمان لە دڵی میللەتی شەهید پەروەر هەموو کات دەژین