ئامادەبوانی بەڕێز
خوشک و برایانی دڵسۆز
لێرە کۆبووینەوە تا یادی مامۆستا سەید جەلال حوسەینی دامەزرێنەری سازمانی خەبات ویەکێک لە رێبەرانی جولانەوەی ئازادیخوازی کوردستان بکەینەوە.
بێگومان مامۆستا لەگەڵ هەموومان تێکەڵ بوو، هەر لە منداڵیەوە سنوورە دەسکردەکان بە لایەوە بی واتا بوون. ئەم دیی واژە، نەک تەنیا لەدەورانی شۆڕش بەڵکو لە تەمەنی منداڵیەوە بینیوە، ئاشنا بوو بە دەرد و مەینەتی کوردی دەردەدار بە دەست ستەم و بیدادیەوە، لە سەراومیراوایە بنکە و بارەگای سازمانی لی دانابوو ، نەک تەنیا بۆ ئەوەی دیفاع بکات لە کورد لە کوردستانی ئێران،بەڵکو بۆ ئەوەی ژێرباری ستەمی هیچ ستەمگەرێک نەچێ. هەمووتان لە بیرتانە کە چەندە تامەزرۆی ئازادی کورد بوو لە کوردستانی باشوور. بە چاوی کەسی دانادەینەوە کە مامۆستا چەندی خزمەتی هەمووان کرد بەڵام تەنیا بیری دێنینەوە تەنیا بۆ ئەوەی کە ئێوەش و ئێمەش یادیک بکەین لە دڵسۆزییەکانی و دڵخۆش بین پێ یان.
بەرێزان!
هاتووین لە کۆری کەسایەتیەک دا بەشداربین ،کە بنکە و بارەگاکانی جێگەی حەسانەوەی کەسانی تێکۆشەرو ئازادیخواز بوو، لەماوەت، خەڵک کە لەدەست رژیمی بەعس وەزاڵەهاتبوون، لە ژێر سیبەری مامۆستا و سازمانی خەبات دا پەنا دەدران. لە سلێمانی ، کێلە و زور شوینی دیکەی کوردستان یارمەتیدەری خەڵق بوو. بۆ ئێمە ، جێگەی دڵخۆشیە کە خاوەن کەسایەتیەکی بەم رابردووە پاکەین و هاوکات جێگەی نارحەتیشە بۆ لەدەست دانی رێبەرێکی بەمجۆرە نیشتمانپەروەر و سادقە. بێگومان بیرەوەری زور چاکی دیکە هەیە سەبارەت بەو مرۆڤە مەزن و شۆڕشگێرە .
مامۆستا، مامۆستاێکی ئایینی بوو ، مامۆستایێک بوو کە دەیان مامۆستا لە خزمەتیدا ئیجازەی مەلایەتیان وەرگرتووە کە ئەو مامۆستا بە توانایانە لە ئیستادا دەوریان هەیە هەم لە خەباتی نەتەوایەتی و هەم لە پەیرەو کردن و بەدواداچوونی کوردایەتی لە کوردستانی ئێران و لە کوردستانی باشوور.
بەڵێ،مامۆستا سەید جەلال مامۆستایێکی ئایینی بوو، بەڵام بۆ هەمووان بوو، بۆ جولەکە، بۆ مەسیحی، بۆ هەمووکەس بۆ هاوبیر و هاوباوەرانی خوی و هەموو ئەو بیرانەی کە لە کوردستانی بوونیان هەیە. بە لایەوە گرینگ نەبوو کە کی چۆن بیر دەکاتەوە، بەڵکو بە لایەوە موهیم بوو کە کی بۆ نیشتمان تێدەکۆشێ. ئەو کەسەی رەق لێبوو، کە دژمن بە نیشتمان و دانیشتووانی بوو. ئەو کەسەی خۆشدەویست کە خزمەتکار و دڵسۆزی میللەت و نیشتمان بوو. مامۆستا رەقی لە شیعە نەبوو وەکوو شیعە، مامۆستا رەقی لەستەم بوو کە بە ناوی شیعەوە دەکرا. مامۆستا رەقی لە کومۆنیست نەبوو لەبەر ئەوەی کە بیری کومۆنیستی هەیە، بەڵکو رەقی لە کۆمۆنیستی ملهور و دیکتاتۆر بوو. مامۆستا کەسێکی ئارام و کەسێکی بە تەواوی دیموکرات بوو. لە حیزب و تەشکیلاتێکی بەناوی دیموکرات دا نەبوو، بەڵام بە روانینێکی تەواو دیموکرات و عادیلانە تێدەکۆشا. روانگەیێکی تەواو یەکسانی لەسەر هەموو بۆچوونەکان هەبوو. پێی وانەبوو ئەو کەسەی کە لە مزگەوتدا قسە دەکا هەر ئەوە دروستە ، پێی وابوو کردەوەی چاک گرینگەو ئەوەی لە دەرەوەی مزگەوت دەکرێ چییە و چەندە گرینگە. پێی وانەبوو ئەو کەسەی کە دایم سەری لەسەر بەرماڵە ئەوە کەسێکی دروستە، ئەو باوەری وابوو ئینسانەکان دەبێ سادق بن. کوردستان دەبێ پاک بێ ، مامۆستای ئایینی و دانیشتووی کوردستان دەبێ خزمەتکاری خەلقی کورد بن.
مامۆستا پێی خوش بوو بچێتەوە بۆ کوردستانی ئێران و دوامەنزلگەی کوردستانی ئێران بێ،چەندین ساڵ لەوە پێش کە هات بۆ ئێرە جێگە گۆری خۆی دیاری کرد،چونکە پێی خوش بوو گۆڕی لە شوێنێک بێ کە هەم لە نیشتمانی نزیک بێ و هەم دەرخەری ئەوە بێ کە مامۆستا کەسێکی چەندە موتەوازع و خەڵکیە.
بەرێزان !
ئێمە رێبوارانی رێگەی پێرۆزی سازمانی خەبات ، دڵخۆشین کە لەناو ئێوە داین، بە داخەوە کە ئەمجارە بۆ ئەو بۆنە لەگەڵ ئێوە کۆبووینەوە ، بیرەوەری تاڵ و پڕ زەحمەتمان هەبووە لەم مەڵبەند و ناوچەیە. هەم لە شارباژێر و هەم لە سیوەیل، زۆر لە ئێوەی بەرێز بە سازمانی خەبات و کردەوەکانی ئاشنان. دەزانن کە تەشکیلاتی ئێمە چەندە تەشکیلاتێکی شۆڕشگێر و رەسەن بووە و ملی بۆ هیچ داگیرکەرێک دانەنەواندووە. حکوومەتی عێراق زۆر جار ویستی سازمانی خەبات پێملی ویستەکانی خوی بکات، توانی سەرکردەکانی بخاتە زیندان، بەڵام نەیتوانی ئیرادەی شۆڕشگێریان خەوشدار بکات. رژیمی ئاخوندی زۆری هەوڵ دا بە کوشتن و لە بەین بردن ، سازمانی خەبات لاواز بکات. تەنانەت خاڵخالی کە جەلادی خەڵکی کوردستانە، نامەی بۆ مامۆستا نووسی کە کوردستان دەخەینە بەردەستت کە نامەکەی ئێستاش ماوە بە ناوی "ئایتوڵلا سید جەلال"،ناوی مامۆستای هێناوە، بەلام مامۆستا وەلامی سەختی خەڵخالی دایەوە، مامۆستا لە پێناو مەسلەحەتی خوی شۆرشی نەکرد بەڵکو لە پێناو مەسلحەت و ئازادی کورد دا لەسەر شۆڕش بەردەام بوو. مامۆستا کە سازمانی خەبات ی دامەزراند بۆ ئەوە نەبوو کە وەک سەرکردەیێک درکەوێ بەڵکو پێی وابوو بۆشایێکی سیاسی لە کوردستان بوونی هەیە و پێویستە پڕ وەکرێ. کە رۆژێکیش دەستی لە سەرکردایەتی هەڵگرت، زۆر سادقانە نزیکەی 5 ساڵ پێش کۆچی دواییەکەی وتی: وەک دڵسۆزێکی گەل بەردەوام دەبم لە تێکۆشاندا. ئەو کردەوەیەی مامۆستا دەرخەری ئەوەیە کە سازمانی خەبات چەندە باوەری بە دیموکراسی هەیە و چەندە راست و دروستە لە کارکردی خوشیدا.ئیمە لەو شێوە فەرهەنگ و قوتابخانەیە بارهاتووین. ئێمە تەشکیلاتێکین شانازی بە مێژوومان دەکەین و بە کردەوەکانی رێبەرەکەمان شانازی دەکەین. بەو بیروباوەرە و بەو ریبازەی بۆمان دارێژراوە درێژە بە خەبات دەدەین.
ئێمە وەک هێزێکی سیاسی لە کوردستانی ئێران یارمەتیدەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بووین، هاوکات یاریدەدەری هەموو هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی عێراق بووین. مێژووەکەمان پڕ لە دەسکەوتی گەورە. هەموو ئەوانەی کە مێژووێکیان هەیە لە جولانەوەی کوردستانی عێراقدا بە باشی ئاگایان لەو راستیە هەیە. سازمانی خەبات نانی خوی دوو لەت کردووە لەگەڵ ئەو هێزانەی کە شۆڕشیان کردووە لە کوردستانی عێراق. کاتێک ئەوە بە نمونە دێنمەوە بە مانای ئەوە نییە کە بمهەوێ بە چاویان دا بدەمەوە، نەخێر. سازمانی خەبات ئەو سیاسەتی نەگۆری بووە و هەمیشە داهاتوی خۆی خستۆتە مەترسیەوە تا خزمەت بە کوردو کوردستان بکات.
بەلێ ئێمە دەستمان لە سیاسەتی حیزبی و قازانجی خۆمان هەڵگرت بۆ شۆڕشی کورد، نەک تەنیا بۆ کوردستانی ئێران بەڵکو بۆ گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان. ئێستا لە شەڕداین لەگەڵ رژیمی ملهوری ئاخوندی ئێران، ئەو رژیمەی کە مافی هیچ ئینسانێک لەبەرچاو ناگرێ و تەنانەت ریزی ئەو ئاخوندانەی کە لە ناو دەسەڵاتی خۆشیدان لەبەرچاو ناگرێ. زۆر لێبڕاوانە خزمەتمان کرد، رەنگە ئێستا مەیدانی خەبات و چالاکیمان ئەوەندە لە بەر هەلومەرجی تایبەت وەک رابردوو نەبێ دەنا زۆر چالاکتر لە جارانی پێشوو خەباتمان دەکرد. ئیمە سیاسەت و باوەرمانە کە ناتوانین لەگەڵ ئەو رژیمە رێکەوین و پێمان وایە تەنیا رێگە چارەی هەموو خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەراست و خەڵکی ئێران رووخان و نەمانی ئەو رژیمەیە، چونکە ماکەی ترۆر و رەشەکوژی لە جیهان و ناوچەکەدایە.
سازمانی خەبات لەشەردایە لەبەرانبەر رژیمی جینایەتکاری ئێران و لە بەرەیێکی تریش لە شەردایە لە بەرانبەر داعشدا. ئێمە هەمیشە سیاسەتێکی دروست و نەتەوەییانەمان هەبووە بۆ خزمەتی هەموو کوردێکی کوردستان . بێ بێز و بۆ وە بە بێ ئەوەی کە چاومان بە داهاتووی تەشکیلاتەکەمانەوە بێ و زۆرجاریش ئەو نەوعە سیاسەتانە زەربەی کاریگەری داوە لە داهاتووی سازمانی خەبات بەڵام هەرگیز سڵمان لەوە نەکردۆتەوە کە خزمەتی گەل و نیشتمان بکەین و هەر مەترسیەک قەبوول بکەین. چوونکە پێمانوابووە کە سازمانی خەبات بۆ هاتنە دی ئاوات و ئامانجی گەل خەبات بکات. ئێمە وەک حیزبێکی سیاسی شۆڕشگێر هەمیشە داوای یەکێتی و تەبایی و برایەتیمان لە ناو ریزی کورد دا کردووە. هەمیشەش داوا دەکەین لەم هەریمی کوردستانە کە جێگەی حەوانەوەی هەموومانە وروناکی کوردە، برایەتی و تەبایی جێگیر بێ.
من لەخوای گەورە داواکارم کە ئاوێک برژێنی بەسەر ئاگری ئەم ناکۆکی و ئافاتە کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیەو ئەو شەری راگەیاندنە کوتایی پێ بێ و هەمووان بتوانن خزمەتی ئەو نیشتمانە بکەین. چونکە ئەوە سەرچاوەێکە بۆ ئازادی هەموو کورد وبێگومان هەرێمی کوردستان، چەقلی چاوی رژیمی ئێرانە و بەرنامەی تیداچوون و شێواندنی ئەو دەسکەوت و دەسەڵاتە کوردییەی هەیە.
من سپاستان دەکەم کە عەزیەتتان کێشاوە و تەشریفتان هاتۆتە ئێرە. خوشحالم کە بە خزمەتتان گەیشتووم .
هیوادارم رێگەی شەهیدان و رێگەی ئازادی بەردەوام بێ و گەلی کورد بە مافەکانی بگا و ئامانج و رێبازی مامۆستا و هەموو تێکۆشەرانی کورد بە دی بێ.