خەبات مێدیا: ڕاپۆرتدەرانی بێسنوور RSF، لە نوێترین پلەبەندیدا لەپێوەند بە بارودۆخی ئازادی مێدیاکان لە جیهان دەڵێت: ڕۆژنامەوانی لە ١٣٠ وڵاتی جیهان واتە ٧٣ لەسەدی وڵاتانی جیهان لە ژێر هەڕەشەدایە و لە نێوان ١٨٠ وڵات، ئێران لە پلەی ١٧٤مین دایە. لەو ڕاپۆرتەدا هەروەها باس لە کۆڕۆناو سنووردارکردنی چالاکی ڕۆژنامەوانان کراوا. ڕاپۆرتدەرانی بێسنوور، ڕۆژنامەوانی وەکوو ڤاکسینێک لە دژی هەواڵ و زانیارییە ناڕاستەکان ناوزەد دەکات. لەم ڕاپۆرتەدا، ئێران یەک پلە لە چاو ساڵانی ڕابردوو هاتووەتە خوارەوە و بەرپرسانی دەسەڵات بە سەرکوتکردنی مێدیاکان و گرتنی ڕۆژنامەوانان، هەوڵیان داوە ڕێژەی تووشبووان و گیان بەختکردوانی پەتای کۆڕۆنا کەمتر لەو ڕێژە ڕاستییە نیشان بدەن، دەسەڵات باس لە مردنی ٨٠ هەزار کەس دەکات لە کاتێکدا ژمارەی گیان بەختکردوان ١٨٠ هەزار کەس دەست نیشان کراوە. لەو ڕاپۆرتەدا هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە ڕوحوڵڵا زەم " لەدادگاییەکی نادادپەروەرانە دا لە سێدارە دراوە. لەوڵاتی ئەفغانستان، وێڕای ڤایرۆسی کۆڕۆنا، بیری دەمارگرژانەی تاڵیبان و گروپە ترۆریستییەکانی دیکە، ڕۆژنامەوانان دەکاتە ئامانج و لەساڵی 2020، لانی کەم 6 ڕۆژنامەوان کوژراون و لەسەرەتای ساڵی نوێی زایینییەوە تائێستاش 4 ڕۆژنامەوان کوژراون. هەروەها وڵاتی نۆروێژ لەم پلەبەندییە یەکەم و وڵاتی فنلاند و سوئێد پلەی دووهەم و سێهەمیان بەدەست هێناوە. هەروەها ئامریکا لە پلەی 44مین دایە.