لە شۆڕشی ووڵاتی کوبا بە ڕێبەرایەتی فیدل کاستڕۆ، وە بە فەرماندەیی چەکوارا،گرینگی زیاتر بە خەباتی چەکد
سیامەند
لە شۆڕشی ووڵاتی کوبا بە ڕێبەرایەتی فیدل کاستڕۆ، وە بە فەرماندەیی چەکوارا،گرینگی زیاتر بە خەباتی چەکداری دراوەو خەباتی چەکداری لە پێش خەباتی سیاسی و جۆرەکانی دیکەی شۆڕشەوە بووە. بە جۆرێک کە فەرماندەی نیزامی بەرپرسایەتی بە سەر کادرو بەشە سیاسیەکانیشدا بووە. لە ڕاستیدا ئەو شێوە دابەشکاریەی شۆڕشی کوبا لە کاری ئورگانی و سازماندەیی شتێکی سەیر بووە، چونکە ئەگەر لە هەر شۆڕشێکدا لایەنی چەکداری و نیزامی بەرپرسایەتی سەرەکی لە ئەستۆ بێ و بەشی سیاسی لە ژێر بەرپرسایەتیدا بێ،تەنانەت ئەگەر شۆڕش بە ئاکام بگات، ئەو کات کادرو فەرماندە نیزامیەکان هەوڵ دەدەن لە بەڕێوەبەریی ووڵات ئەرکی سەرەکیان هەبێ و هەروەها چاوەڕوانی زیاتریان دەبێ، و ڕەنگە ڕێڕەو ئاکامی شۆڕش و فیداکاری خۆیان و ئەوانەی گیانیان لە پێناو سەرکەوتنی شۆڕشدا فیدا کردوە بە هۆی حەزو ویستیان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات بە لاڕێدا بەرن.ئەو تێبینیە سەرەتاییەم بە ئامانجی شیکردنەوەی باسەکەم لە سەر گرینگی خەباتی چەکداری ڕەوا لە بەرانبەر دەسەڵاتە حەق نەبیست و سەرەڕۆکانە، بە تایبەت شۆڕش لە بەرانبەر ڕژیمی ئاخوندی ئێران کە ستەم و جینایەتکاری و سەرکوتی خەڵکی ئێران و کوردستانی کردۆتە بنەمای سەرەکی دەسەڵاتەکەی. لە ماوەی تەمەنی ئەو دەسەڵاتە دواکەوتوەدا، دیاردەی هەڕەشەو سەرکوتی خەڵکی کوردستان و پێشێلکردنی مافەڕەواکانیان، ئازارو هەڕەشەو گرتنی تێکۆشەرانی کورد وچالاکە مەدەنیەکان، بە بەردەوامی درێژەی بووە و هەیە. هەر لە پێوەند بەو جیتایەتانەی ئاخوندە دەسەڵاتدارەکان بەرانبەر بە حەڵکی ئێران، ناوەندە جیهانیەکان و حکومەتەکان و ڕێکخراوە مرۆڤ دۆستەکانی جیهان و کۆمەڵی گشتی مافی مرۆڤ و داکۆکیکاران لە مافی مرۆڤ، دەیان جار رژیمی ئاخوندیان مەحکوم کردوەو داوایان لێ کردوە کۆتایی بە ئیعدام و سەرکوت و چەوسانەوەی خەڵک و تێکۆشەران و چالاکانی مەدەنی بێنێ.بەڵام ئاخوندە دەسەڵاتدارەکان، هیچ بایەخێکیان بە داوای ناوەندە جیهانیەکان نەداوەو بەردەوام بوون لە جینایەت و شکەنجەی خەڵک، کە لە چەند مانگی ڕابردودا، زیاتر لە ١٠ ٠ چالاکی مەدەنیان لە شارە جیاجیاکانی کوردستان گرتوە، کە چارەنووسی ژمارەیهکیان و زیندانەکانیان نادیارەو خانەوادەکانیان لە نیگەرانیدان. ئەو ڕژیمە هەر لە مانگەکانی سەرەتای دەسەڵاتداریەکەیدا، سەرکوت و هەڕەشەو چەوسانەوەی دەست پێکردو لە ئێستادا بە شێوەی بەرین و قورستر درێژە بە جینایەت دەداو لە وەڵامی هەر داواێکی ڕەوای جەماوەر و ڕێکخراوە مەدەنیەکان و چالاکانی مەدەنی هەڕەشەو زیندانی کردن بە کار دێنێ. جەماوەری ئێران و کوردستان و هێزە سیاسیەکان هەر لە سەرەتادا هەوڵیاندا لە ڕێگەی ناڕەزایەتی مەدەنیانەو بە پێشنهادی بەکەڵک و ووت وێژ، ئاخوندانی دەسەڵاتدار لە سیاسەتی سەرکوت و چەوسانەوەی خەڵک بگێڕنەوەو هانیان بدەن بۆ ئەوەی دەسەڵات و بەڕێوەبەریی ووڵات بە شێوەی سەردەمیانەو بە ڕەچاوکردنی بنەماکانی دیموکراسی بەڕێوە بچێ، بەڵام نەک ئەو ویستە ڕەوایەی جەماوەرو هێزەسیاسیەکان نەهاتە دیی، بەڵکوو وەک ئاماژەم پێدا سەرکوت جینایەت و سیستمی دیکتاتۆری و حوکمڕانی دواکەوتوانەی چەوسێنەر لە هەموو ناوچەو شارو مەڵبەندێکی ئێران و لە بەرانبەر هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و سیاسی بەردەوام بوو. ئەو دەسەڵاتە لە ماوەی ئەو ساڵانەدا بۆتە هۆی دەردو مەینەت بۆنەتەوەکانی ئێران،بە جۆرێک سەرکوت و چەوسانەوەی خەڵکی کوردستان و پێشێلکردنی سەرتایی ترین مافەکانی کورد و ئیعدام و شکەنجەو وێران کردنی کوردستان گەلێک بەرچاوترو بەربڵاوتر بووەو دەسەڵاتدارانی ئێران فەرمانیان بە هێزە سەرکوتگەرەکان و ناوەندە ئەمنیەتیەکانیان داوەو دەست ئاوەڵەیان کردوون بۆ چەوساندنەوەی جەماوەری کوردستان. زیاتر لە چوار دەیە حوکمرانی دیکتاتۆر و مەزهەبی و حەق نەبیستی ئاخوندی، بڕیاری سەرکوتی خەڵکی ئێرانەو ئامادە نیە سەرەتایی ترین بنەماکانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا پەیڕەو بکاو تەنیا پشت بە هەڕشەو سەرکوت و بە کارهێنانی هێزی سەرکوت و هێزی سەربازی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی خەڵک دەبەستن بۆ بەردەوام بوونی دەسەلاتەکەیان. ئەو دەسەلاتە دیکتاتۆرو مرۆڤ کوژە تەنیا ئەو کاتانە لە سەرکوت و ئازاری جەماوەردا بەربەستی بۆ دروست بووە کە وەلامی ددان شکێن و زەربەت لە هێزی پاسدارو خۆفرۆشانی دراوەو قارەمانانی گەل و نیشتمان و ڕۆڵە نەبەزو گیان لە سەردەستەکانی ڕێگەی ڕزگاری و ئازادی، بە گیانبازیان لە بەرانبەر هێزی داگیرکەردا، تووشی شکست و داماویان کردوون و کارێکیان پێ کردوون کە با بە دەواری شڕی نەکردبێ.
ئەو کاتانەی پێشمەرگە قارەمانەکان لە بەرانبەر هێزی جینایەتکاری دژمن چالاکیان دەکرد، دەسەڵاتدارە دیکتاتۆرەکان لە تاران دەکەوتنە سەر ئەژنۆ و دەست و دامێنی خەڵک دەبوون تا لە تەوژمی زەربەت پێشمەرگە قارەمانەکان کەم کەنەوە. کاتێک ئەو ڕژیمە درندەیەو هێزە سەرکوتگەرەکانی درێژە بە سەرکوتی خەڵک و تێکۆشەرانی حەق بێژ دەدەن و بەردەوامن لە قێزەونترین جینایەت بەرانبەر بە دانیشتوانی کوردستان، پێویستەو گەلێک ڕەوایە لە وەڵامی ئەو گشتە سەرکوتە بێ بەزییانەدا، خەباتی چەکداری شۆڕشگێڕانە بەرانبەر ئەو ڕژیمە مرۆف کوژە حەق نەبیستە چالاک بکرێتەوەو پێشمەرگە تێکۆشەرانی کوردستان لە ڕیزەکانی سازمانی خەبات بۆ قۆناغێکی نۆی لە خەباتی چەکداری شۆڕشگێڕانە،کە بنەماکانی یاسای تێکۆشان لە پێناو ئازادی و دژایەتی ستەمگەرو دیکتاتۆری تێدا ڕەچاو بکرێ و خەباتی چەکداری شۆڕشگێڕانە کە یەکێک لە هۆکانی شۆڕشی ئازادیخوازیە پەرەی پێ بدرێ. چل و دووساڵە ئەو ڕژیمە لە بەرانبەر جەماوەردا دڕندانەترین جینایەت دەکا،بەڵام کاتێک مقاومەت و بەربەرەکانێ لە بەرانبەردا کراوەو هێزەکانی زەربەتیان لێدراوە، ناچار بە پاشەکشە بووە. هەر بۆیە پێویستە هەوڵبدرێ جارێکی دیکە تێکۆشانی پێشمەرگانە بە لە بەرچاوگرتنی ئەم هەلومەرجەی ئێستا چالاک بکرێتەوەو ڕەوتی روخان و لە ناوچونی دەسەلاتی دیکتاتۆری ئاخوندی بە زیاتر کردنی خەباتی چەکداری خێراتر بکرێ .