سەد و شەش ساڵ لەوە پێش و لە کۆتاییەکانی دەسەلاتی عوسمانیەکان، جینایەتێکی هەژێنەر دژ بە مرۆڤایەتی لە تورکیە روی دا کە لە دوای سەد و شەش ساڵ ئێش و ئازاری
عەلی بەهرامی
سەد و شەش ساڵ لەوە پێش و لە کۆتاییەکانی دەسەلاتی عوسمانیەکان، جینایەتێکی هەژێنەر دژ بە مرۆڤایەتی لە تورکیە روی دا کە لە دوای سەد و شەش ساڵ ئێش و ئازاری ئەو تاوانە هەر ماوەو لە زۆربەی وەلاتان ئەو کارەو ئەنجامدەرانی پرۆتستۆ دەکەن و لە هەندێ وەڵاتیش بە جینۆسایدیان ناساندووە. ئەوەی سەرنجە ئەوەیە دوای زیاتر لە سەد سال بەسەر ئەو تاوانە گەورە، حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی تورکیە بە یادکردنەوەی کوشتاری ئەرمەنیەکان نارەحەتن و تا ئێستا رێگە بە هیچ جۆرە لێکۆلینەوەیەک لەو کارەساتە مرۆییە لەو وەڵاتە نادەن. بۆ ئەوەی هەڵوێستی حکومەتەکانی تورکیەمان بۆ روون بێتەوە، هەروەها هۆ و بکەرانی ئەو کردەوەمان بۆ روون بێتەوە پێویستە پشت بە بەلگەنامەکان ببەستین. یەکێک لەو کتێبانەی زۆرترین بەڵگەی لەسەر لەناوبردنی ئەرمەنیەکان لە خۆ گرتووە ناوی (جینایاتی بێدەنگە)ە کە ٣٠ ساڵ لەوە پێش و لەلایەن ژمارەیەک نووسەر و لێکۆڵەر و براوەی جاییزەی نۆبێلەوە نوسراوە. یەکێک لەو بەڵگانەی لەم کتێبەدا باسی لێوە کراوە بەرێوەچونی دادگایەکی عوسمانیەکانە لە سالی ١٩١٩ کە تیایدا دان دەنرێ بە رووداوەکەدا و رێبەرانی (بزوتنەوەی تورکە لاوەکان) بە ئەنجامدەر و پەرەپێدەری فکری تورکیزم تاوانبار دەکا، کە ویستویانە ئەرمەنیەکان لە ناوبەرن.
ئەیو ترنون لەو بارەوە لە کێبی بیرەوەری کۆمەلکوژی ئەرمەنیەکان، ئیشارە بەوە دەکا کە ئەو بزوتنەوە لە سالی ١٩٠ ٨ تا ١٩١٣ وردە وردە دەسەلاتیان فراوان دەبێ و کار بۆ جێگرەوەی عوسمانیەکان دەکەن. لەو پێناوەدا بەڵێن بە ئوروپاییەکان دەدەن دیموکراسی رۆژئاوایی بێننە ئاراوە و مافی کەمینەکان بپارێزن.
بەڵام ئیدلۆژی راستەقینەیان ناسیونالیستی تورکی بووە. بە کورتی پیان وابوو تورکیە تەنیا هی تورکەو بۆ تورکە. ناوبراو سەبارەت بەدەور و نەقشی دین لەو جینایەتەدا دەڵێ بێگومان تورکەکان مسولمان و ئەرمەنیەکان مەسیحی بوون، بەڵام تورکه لاوەکان لائیک و بێ خودا بوون و هەوڵی لە ناوبردنی کەمینەکان و یەکدەست کردنی تورکەکانیان دەدا، بەلام بۆ بردنەپێشی بەرنامەکانیان لە هەستی دینیش بو هاندانی خەڵک کەڵکیان وەردەگرت. لەدوای ئەو تاوانە لەلایەن تورکەکانەوە، ساڵانە لە زۆربەی وەڵاتانی جیهان بەتایبەت لەلایەن وەڵاتانی ئوروپاییەوە یادی کوشتاری ئەرمەنیەکان دەکرێتەوە و بۆ بە جینۆساید ناساندنی ئەو کردەوە دژە ئینشانیە ئەرمەنیەکان لە زۆربەی وەڵاتانی زلهێز لۆبیگەری دەکەن و توانیویانە سەرکەوتنێکی باش لە پشتیوانی و سۆزی جیهانی بۆ قەزیەکەیان پەیدا بکەن، لە ئاخرین هەنگاویشداو لە یادی سەد و شەش ساڵەی تاوانی کوشتاری ئەرمەنیەکان دەوڵەتی ئەمریکا دیانی بەو تاوانەدا ناو جینۆسایدی ئەرمەنیەکانی لە تورکیە بە فەرمی ناسی.
ئەوەی جێی لۆمەیە ئەوەیە لە دوای ئەرمەنیەکان گەورەترین نەتەوە کە لە تورکیەدا کۆمەلکوژ کرابێ نەتەوەی کوردە، بە جینۆساید ناساندنی کۆمەلکوژی ئەرمەنیەکان جێی دەست خۆشیە بەلام پێویستە کوردیش هاوشێوەی ئەرمەنیەکان کاری جیددی بۆ بە بەڵگەکردنی تاوانەکانی دەسەڵاتدارانی تورکیە لە حاست نەتەوەکەی بکات و هەوڵ بۆ وەدەستهێنانی سۆز و پشتیوانی جیهانی بدات، پشتگوێ خستن و فەرامۆش کردنی ئەو تاوانانەی دژ بە نەتەوەی کورد کراوە بەشێکی تاوانی ناوەندە نێونەتەوەییەکان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤە، بەشێکی دیکەی خەتای بزوتنەوەی کوردستان و روناکبیر و توێژەرانی خودی کوردە. پێویستە کورد بۆ خۆی بە دامەزراندنی ناوەند و دەستەی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکان و بە بەڵگەکردنیان، کار بۆ جوڵاندنی ئەو کەیسانە لە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و ناوەندە بریار بەدەستەکانی وەڵاتان بکات.
بێ گومان رۆژێک ئەنجامی ئەو هەنگاوانە دێتە بەر و دەتوانێ ببێتە فشارێک بۆ دەسەڵات و قازانجی بۆ پرسی نەتەوەیی کورد لە تورکیە هەبێ.