هەر گەلێک شەهیدی نەبێ مێژووی نییە و هەر گەلێک مێژووی نەبێ گەل نییە. کاروانی خەباتی دژی زۆرە ملی و ملهۆڕی بێ وچان و ڕاوەستان دێت و دەڕوا و بێ پسانەوە ڕادەبڕێ و شان بە شانی ئەویش کاروانی شەهیدانی سوور خەڵاتی دەڕوا و شەهیدی تازەی پێوە دەلکێن و دەستە دەستە خەباتگێڕان پلە و پایەیان بەرز دەبێتەوە و شانازی چوونە ناو کۆڕی شەهیدان، وەدەستیان دەکەوێ و هێندێکیش لەوان چاوەڕوانی چوونە ناو ئەو کاروانە و وەرگرتنی ئەو شانازییەن و دەیانهەوێ بگەنە ئەو ڕادە کە ئەرکی خۆیان بە جێ هێنابێ. گەلی کوردمان لە کوردستاندا وەک گەلێک خاون بیر و باوەڕ بە ڕێبازی پڕ لە ئازادی خودا کە خەباتی ڕزگاری خوازی دژی زۆرداری و زۆرە ملی یە، وەک هەموو زۆر لێکراوێک کە هەست بە زۆر لێکراوی خۆی کردبێ و لە دژی زۆر ڕاپەڕی بێ، وەک هەموو چەوساوەیەک کە دەبێ تەکان لە خۆی بدات و خۆی لە چاڵاوی کۆیلەیی و چەوسانەوە دەربێنێ وەک هەموو خەباتگێڕێکی ڕاستەقینە و کۆڵنەدەر کە خەبات دەکا، ئاڵای خوێناوی خەباتی ڕزگاریخوازانەی خۆی بەرزکردۆتەوە و لە سەر لوتکەی لە خوێنا شەڵاڵی کوردستان هەڵی داوە و مەردانە لە گۆڕەپانی خەباتی کوردستان ڕاوەستاوە. کە لەو ڕێگا پڕ لە کەند و کۆسپەدا بە هەزاران هەزار شەهیدی پێشکەش بە بارەگای خودا و خەڵک کردووە. بەڵام گەلی قارەمانی کورد هەرگیزاو هەرگیز، دەستی لە خەباتی ڕزگاریخوازانە و ڕەوای خۆی شل نەکردوە و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر تێکۆشاوە. ئەو کاتەی کە لە ئاسمانی خەباتی ڕەوای گەلەکەماندا ئەستێرەیەکی پرڕشنگداری خۆی بە خەباتکارانی ڕاستەقینە نیشان ئەدات، ئەو کاتە کە لە گوڵزاری هەڵاڵە سوورەی شەهیداندا گوڵێکی سوور، بە دیمەنی هەڵکەوتووی قارەمانێکی خەباتگێڕی وەک کاک محەممەد ئەحمەدی پێدەکەنێ، هەر بۆیە شەهید محەممەدیش بۆ تۆڵەی شەهیدانی پێش لە خۆی خوێنی وەجۆش هات و بە سەر خاکی کوردستاندا هەڵچوو. شەهید محەممەد ئەحمەدی کوڕی محەممەد ئەمین خەڵکی گوندی ساوانی خوێناوی کوڕە کوردێک بوو کە بە ئاو هەوای ئەو کوردستانە خوێنیاوییە ژیا بوو پێ گەیشتبوو و بە تەواوی هەست بە ژێر چەپۆکی گەلەکەی و داگیرکراوی نیشتمانەکەی کردبوو، هەر بۆیە لە کاتی هێرش هێنانی ڕژێمی دژی مرۆڤایەتی خومەینی بۆ سەر کوردستان هەستی کورد پەروەری هانیداو چەکی دیفاع لە نیشتمانەکەی لە شان کرد و لە سەنگەری شەرەفدا دژی داگیرکەرانی کوردستان شێرانە ڕاوەستا، بەڵام بە داخێکی زۆر گرانەوە مەرگ مەودای نەداو لە ماوەیەکی کەمی پێشمەرگایەتی دا لە شەڕی 38 ڕۆژەی شاری بانەی خوێناوی لە ڕۆژی 8/2/1359 دا بە گوللەی دوژمنانی خوێن خۆری ئینسانییەت پێکراو چاوی ئەوینداری بە گەل و نیشتمانەکەی لە سەر یەک دانا و بۆ هەمیشە سەنگەری شەرەف و پیاوەتی بۆ هاوسەنگەرانی بە جێهێشت.
هەزاران پیرۆزبایی لەو خاکەی کە ئەو ڕۆڵە قارەمانانەی لە ئامێز گرتووە