عەلی بەهرامی
عەلی بەهرامی
رۆژی یەکشەممە 5ی بانەمەڕ 1400ی ک خ، تەلەفزیونی ئێران ئینتەرناشیۆناڵ تۆمارێکی دەنگی محەممەد جەوادی زەریف وەزیری دەرەوەی رژیمی ئاخوندی بڵاو کردەوە کە ناوبراو ئەو قسانەی لە وتووێژێکدا لەگەڵ سەعید لیلاز کردووە
ئەوەی کە بۆچی لە ئێستادا تۆمارێکی دەنگی زەریف دزەی پێ دەکرێ و لە تەلەفزیۆنێکی پڕ بینەردا بڵاو دەکرێتەوە بۆخۆی قسە زۆر هەڵدەگرێ. بەڵام بە گوێگرتن لەو تۆمارە دەنگیە چەند راستی روون دەبێتەوە کە پێویستە پەنجەیان لەسەر داندرێ.
لە کاتێکدا رژیم بە تەمایە کەمتر لە دوو مانگی داهاتوودا شانۆگەری هەڵبژاردنی سەرەککۆماری و شۆراکانی شار و دێ بەرێوەبەرێت، هەر لە دەستپێک و لە کاتی تۆمار کردنی پاڵێوراوان بۆ ئەو شانۆگەریە رژیم تووشی کورتهێنان هات و بە رێژەیەکی یەکجار کەم ئامادەبوون خۆ بپاڵێون. رژیم کە بینی خەڵکی ئێران پێشوازیەکی ئەوتۆیان لەو شانۆگەریە نەکرد و ئەوجارە هەڵبژاردنی شۆراکانی شار و دێیش ناتوانێ کورەی هەڵبژاردنی بۆ گەرم بکات چوونکە ئێرانیەکان لەو راستیە حاڵی بوون کە ئاخوندان لە شانۆگەری هەڵبژاردن تەنیا بۆ مەشروعیەتدان بە دەسەڵاتەکەیان و ریسکی سیاسی کەڵک وەردەگرن و بابەتی شۆراکانیش تەنیا بۆ گیرفان پڕکردنی ئەو کەسانەیە کە لە فیلتەری شۆرای نیگابانی وەلی فەقیهەوە دەردەچن و هیچیان بۆ خەڵک پێ نیە و رابردووی چەند دەورەی ئەو بەناو شۆرایانە سەلمێنەری ئەو راستیانەیە. هەر بۆیە رژیم ناچارە بە هەندێ شانۆسازی هەرچەند لەخۆدانیش بێ، بەڵام پێویستی بە دروستکردنی رقابەتی توندە بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵکی پێ راکێشێ، ئەویش کێ لەوە باشتر قاسمی سلێمانی گەورە تیرۆریست کە بە لای توندئاژۆکانی دەسەڵاتەوە لەدوای وەلی فەقیە وەکوو هێڵی سوور دەبیندرێ و لە ئێستادا لە ژیاندا نەماوە تاوانبار بکرێ بەوەی کە داهات و سەرمایەی خەڵکی ئێرانی بۆ سوریە دەگوازتەوەو و خەرجی ئامانجە تیرۆریستیەکانی دەکرد. هەر بۆیە ئەمە رقابەتی باند و باڵەکانی دەسەڵات گەرم دەکا و بەو شێوە کڕیار بۆ شانۆگەری هەڵبژاردنەکانیان پەیدا بکەن.
لەلایەکی دیکە ئەو قسانەی زەریف سەلمێنەری ئەو راستیەیە کە لە دەسەڵاتی ئاخونداندا، حکومەت و دەزگای بەرێوەبەریی تەنیا کارتۆنە و لە راست پاسدار و بەیتی رێبەری هیچ دەسەڵاتێکیان نیە و تەنیا دەبێ ئەو خاڵ و داوایانەی ئەوان هەیانە جێبەجێ بکەن. بۆ وێنە زەریف دەڵێ لە سەفەرەکانیدا سلێمانی پێی وتووە کە چی بکا و چی باس بکات. هەروەها دەڵێ من نەمتوانیوە پێی بڵێم هێڵی فرۆکەوانی ئێران ئایر و ماهان بۆ کاری گواستنەوەی چەک و هێز بۆ سوریە بەکار نەهێنێ.
لە درێژەداو لەو پەیوەندەدا ناوبراو ئیشارە بەوە دەدات کە ئاگای لە سەردانی قاسمی سلێمانی بۆ مسکۆ، هێنانی بەشار ئەسەد بۆ لای خامنەیی نەبووە.
زەریف هەر لەو وتووێژەدا چەند راستی دیکە دەخاتەروو کە پێویستە لێی وردبینەوە ئەویش ئەوەیە دەڵێ: بۆ نیزام مەیدان (چالاکی خراپکارانەی سوپای پاسداران و سوپای قودس لە ناوچەکە) لە پێش بووە. من دیپلۆماسیم زیاتر بۆ مەیدان بەکار هێنا هەتا مەیدان بۆ خزمەتی دیپلۆماسی بەکار بهێندرێ.
ئەو قسە تەنها دەزگای دیپلۆماسی رژیم ناگرێتەوە، بەڵکوو لەو دەسەڵاتەدا هەموو وەزارەتەکان دەبێ لە خزمەت بەشی ئەمنیەتی و سەربازی رژیمدا بن. بۆ وێنە نیزامیەکان بەشی گەورەیان لە کەرتی وزە و نەوتی ئێراندا هەیە، بەشی بیناسازی و ئاوەدان کردنەوە و بەنداوەکان، بانکەکان و بۆرس هەمووی لە ژێر دەسەڵاتی بەشی سەربازی و بەدیاری کراوی سوپای پاسداراندایە.
لەو پێوەندەدا ئەوەی روونە ئەوەیە دەزگای دیپلۆماسی رژیم تەنیا لە ناوچەکەدا لە خزمەت سوپادا نەبووە، بەڵکوو دەزگای دیپلۆماسی رژیم ساڵانێکی زۆرە لە خزمەت دەزگای هەواڵگری و تیمە تیرۆریستیەکانی رژیمی ئاخوندیش دایە.
زەریف بە قسەکانی ئەو راستیەمان پێ دەڵێ کە ناوبراو و قاسم سلێمانی دوو رووی دراوێک بوون لەو خزمەتانەی بە بەرنامە تاوانکاریەکانی دەسەڵاتی ئاخوندی، هەردووکیان وەکوو یەک لەو تاوانانەی لە وەڵاتاندا کراوە تاوانبارن و بگرە زەریف زۆر زیاتر چوونکە ناوبراو چ ئەوکاتەی وەکوو سەفیر بووە و چ ئێستاش وەکوو وەزیری دەرەوە وەکوو دەڵقەک بە پێکەنین و درۆکانی هەوڵی داوە لە کۆر و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکاندا روخساری شەرئەنگێزانە و رووی رەشی رژیمەکەی بە جۆرێکی دیکە نیشان بدا.
کۆتا قسە ئەوەیە کە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی پێویستە باش لەو راستیە تێبگەن کە وەزارەتی دەرەوە و باقی وەزارەت و دەزگا و ناوەندەکانی رژیمی ئاخوندی تەنیا خزمەت بە فکری دواکەوتووانەی وەلی فەقیهی رژیم دەکەن و لەلایەن بەیتی رێبەری و سپای پاسدارانەوە دەجوڵێندرێن. قسەکانی زەریف زیاتر روونکەرەوە و هاندەره بۆ ئەوەی کۆی بەرنامە و پێکهاتەی دەسەڵاتی ئاخوندی تووشی بێ متمانەیی زیاتر بێ و لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە زیاتر بایکوت و تەحریم بکرێ و هەموو هەنگاوەکان لە ڕاستای ڕوخان و لەناوچوونی ئەو دەسەڵاتە چڕ بکرێتەوە.