چوارشه‌مه‌ 

21 سه‌رماوه‌ز2724
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

ترسی ئابووریناسانی رژێم لەو قەیرانانەی بۆتە مەترسی بۆ تێکڕای نیزام!

ترسی ئابووریناسانی رژێم لەو قەیرانانەی بۆتە مەترسی بۆ تێکڕای نیزام!
خەباتمێدیا:

ژمارەی ئەو مۆرانەی رژێم لە هەر دوو تاقمی دەسەڵاتدار کە ناچار بوون دیان بە کێشە و قەیرانەکانی کۆمەڵگەدا بنێن رۆژانە زیاد دەکا.

لەم دوایانەدا ئابووریناسانی رژێمیش ئەو راستیەیان سەلماندووە و وریاییان داوە کە هێزی تێکدەری 10 ملوێن بێکار و 11 ملوێن کەس کە لە پەراوێز و شوێنی هەژار نشینەکاندا دەژین لە هەر ئەگەرێکدا دەتوانێ‌ بێتە هۆی سەرهەڵدانی کۆمەڵایەتی و سیاسی. ئەگەر هێزی ئەو گروپە زەرەر دیتوانە بکەوێتە جوڵە و تێکەڵ بە ناڕەزایەتیەکان بێ کونترۆڵ و مەهار کردنی کارێکی ئاسان نابێ. (موحسینی رەنانی ئابووریناسی حکومەتی لە زانستگای ئیسفەهان 29ی پووشپەڕی 1395)

ئابووری ئێران بەرەو داخران!

موحسینی رەنانی نووسەری کتێبی "رووی نادیاری ئەخلاق و ئابووری" ئابووریناسێکی حکومەتە کە ماوەیەکە وریایی بە دەسەڵاتدارانی رژێم دەدا کە واز لە کێشە و لێدانی یەکتر بێنن و بیر لەو ئاکامی ئەو شەر و کێشانە بکەنەوە. ناوبراو لەم دواییانەدا کورتەی وتارێکی خۆی لە ماڵپەڕی حکومەتی ئیلنا دا بڵاوکردۆتەوە و دەڵێ: بەداخەوە کێشەی سەرەکی قەیرانی ئابووری ئێران لەمرۆدا لەلای دەسەڵاتداران گرینگی پێنادرێ. کە ئەگەر ئەوە بەلایانەوە گرینگ بوو قسە و رەفتاری بەرپرسانی سیاسی وەڵات بە جۆرێکی دیکە دەبوو.

ناوبراو کە لە زانستگای ناسراو بە "بەهەشتی" قسەی دەکرد، لەو باوەڕەدایە کە ئابووری ئێران بەهۆی ئاڵۆز بوونی ئەو قەیرانەی تووشی هاتووە بەرەو راوەستان و لەناوچوون دەچێ. لەبەر ئەوەی حکومەت بەرنامەی پێویست بۆ دەرچوون لەو کێشانەی بەدەستەوە نیە. لە ئێستادا تاکە کەرەستەی حکومەت بۆ وەگەر خستنی ئابووری وەڵات پووڵ و سەرمایەی گەورەیە، بەلام ئەگەر حکومەت ئەو کەرەستانە بەکار بێنێ دەبێتە هۆی بشێوی نوێ لە مەسەلەی ئابووریدا و لە ئاکامدا بەرەورووی هەڵاوسانی زیاتر دەبێتەوە. کەوایە حکومەت لە ئێستا ناتوانێ‌ بۆ دەربازیوون لەو قەیرانانە لەو کەرەستەیەش کەڵک وەرگرێ.

ناوبراو قەیرانەکان یەک بە یەک حیساب دەکاو دیسان مەترسیەکان وەبیر دێنێتەوە و سەبارەت بە وزی کۆمەڵگا وریایی دەدات: لەورۆدا سێ مەسەلە کێشەساز و قەیران خولقێن و مەترسیدارە، راوەستانی ئابووری، قەیرانی ئاو و گەندەڵی ئیداری کە ئەگەر پەلە لە چارەسەریاندا نەکەین تێکڕای دامەزراوەی سیاسی دادەرووخێنێ. ئەوانە دژمنانی سەرەکی کۆمەڵگەی ئێمەن، کە بە بروای من قەیرانی راوەستانی ئابووری لەو دوو قەیرانەی دیکە مەترسیدارترە. کە وایە دەبێ بڵەین لە ئێستادا قەیرانی راوەستانی ئابووری گرینگترین مەسەلەی سیستەمی سیاسی وەلاتە و ئەگەر لەو هەلە کەمەی لەبەردەستدا ماوە چارەسەر نەکرێ، زۆر زوو شەپۆلی داروخان و وەرشکستە بوونی کارخانەکان، بێکاری کرێکارەکان، هەژاری ناوچە هەژارنشینەکان و مەسەلەکانی دیکەی کۆمەڵگە قەیرانگەلێک دەخولقێنن کە تێکڕای وەڵات دەخەنە مەترسیەوە.

بۆمبی بێکارانی پێنج ملوێنی!

ناوبراو ئیشارەی بە جیددی بوونی نیگەرانیەکانی سەبارەت بە بێکارانی خوێندەوار کرد و گووتی: من بەشێوەیەکی جیددی نیگەرانی پێنج ملوێن خوێندەوارم کە لە دەرەوەی بازاری کار دان. ئەو پێنج ملوێن خوێندەوارە کە هیچ پیشەیەکیان نیە دەبێ بە ئاماری پێنج ملوێن بێکاری فەرمی زیاد بکرێن. چاوەروانی و نائومێدی ئەو بێکارانە لە ئێستادا بۆتە بۆمبێکی گەورەی کۆمەڵایەتی کە ئەگەر بتەقێتەوە زیان بە تێکڕای بەشەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی دەگەیێنێ.

ئاوێکی پاک بە دەستی دەسەڵاتدارانی ناپاک!

رەنانی، هەروەها ئیشارەی بە دەرچوون لەو قەیرانە کرد و گوتی: بە سەرنجدان لەو ناهەماهەنگی و کێشانەی لە مەسەلە سیاسیەکانی وەڵاتدا هەیە وە بەو ناهەماهەنگیەی لە نێوان دەسەڵاتەکانی وەڵاتدا دەبینرێ، باس لە سەرمایەی خاریجی و پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری وەک هۆکانی پەرەپێدانی ئابووری، لە ئابووری ئێراندا پراکتیک ناکرێن.

هەروەها سیستەمی بانکی بەهۆی گەندەڵی و هەروەها کێشە لە پێکهاتەی بانکەکان و تەرخان کردنی داراییەکان لە بەشی بیناسازی و موڵک، بەکردەوە توانای پشتیوانی لە بەشی بەرهەمهێنانیان نیە.

خانەوادەکانیش بەهۆی دانەنانی پووڵ لە بانکەکان و بوونی رێژەیەکی زۆری بێکار، کەم بوونی هەقدەستەکان، توانای هاندانی بەرهەمهێنانیان نیە.

دەوڵەتیش بەهۆی ئەوەی هەڵاوسان زیاتر نەبێ، نابێ بۆ جوڵەی ئابووری  سیاسەتی پووڵی کردەیی بکات.

دابەزینی داهاتی نەوتی دەوڵەتیش رێگە نادا کە بە سیاسەتی دارایی داواکاریەکان زیاتر بکات. بۆیە ئابووری وەلات راوەستاوەو دەرچوون لەو حاڵەش بە رێکار و سیاسەتی ئێستای ئابووری حکومەت ناکرێ.

ناوبراو کێشەکان و داخران و راوەستانی ئابووری کە رژێم تیایدا گیری کردوە دیاری دەکاو ئیشارە بە ئەساسی ئەو قەیرانانە دەکاو دەڵێ کێشەی بنەڕەتی سیاسیە: بەو پێیە کێشەی سەرەکی ئابووری ئێمە نەبوونی سیقەو باوەر و نائارامی سیاسی و کێشە لە سیاسەتی دەرەوە دایە کە بۆتە هۆی ئەوەی ئاسۆی ئابووری ئێمە هەڵنەیەت. بۆ چارەسەری ئەو مەسەلەی دەبێ سیستەمی سیاسی هیمەتێک بکات بەتەنیا حکومەت هیچی پێ ناکرێ.

لەو بارەدا هەروەها درێژەی پێ دەدا و دەڵێ: ئابووری وەلات کێشە بێ سیقەیی و باوەری هەیە بۆ نمونە سەرمایەداری ئێمە رۆژێک هەڵدەستێ دەبینێ، دیمانەیەک یان وتارێکی رۆژی هەینی تێکڕای هیواکانی ئابووری کردۆتە بڵقی سەر ئاو.

ئەو ئابووری ناسەی رژێم بەبێ ئیشارە بەهۆی پەرەسەندنی شەری دەسەڵاتداران، باس لە زیانەکانی ئەو کێشانە لەسەر ئابووری رژێم دەکاو رێکاری دەرچوون لەو قەیرانە ئابووریانە بە چارەسەری کێشە سیاسیەکان دەبینێ و دەڵێ: بەداخەوە لە ئێستادا دەسەڵاتدارانی ئێمە خوێندنەوەیەکی هاوبەشیان بۆ کێشەکانی وەڵات نیە. ئەوان بەجێی ووتووێژی جیددی لەگەڵ یەکتر، رەخنە و جوابی رەخنەکانی یەکتر لە پشتی تریبون و وتار و دیمانە چاپەمەنیەکاندا دەدەنەوەو ئەو کارەشیان ئاسوی سیاسی و ئابووری تاریکتر دەکا. ئەوان بەجێی ئەوەی دانیشن بە تەنیا و لەگەڵ یەکتر ووتووێژ و باس و شەڕ بکەن و بە خاڵێکی هاوبەش بگەن و هەموویان پی پابەند بن، بەردەوام بۆچوونی دژ بە یەک دەدەن و ژەهری گومان و سەمی نائارمی دەرژێننە گیانی ئابووری وەڵاتەوە.


8 ساڵ و 4 مانگ و 13 ڕۆژ و 11 کاتژمێر و 56 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

ترسی ئابووریناسانی رژێم لەو قەیرانانەی بۆتە مەترسی بۆ تێکڕای نیزام!

ترسی ئابووریناسانی رژێم لەو قەیرانانەی بۆتە مەترسی بۆ تێکڕای نیزام!

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا       : 040331264   (0047)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران