دووشه‌مه‌‌ 

5 سه‌رماوه‌ز2724
سازمانی خه‌بات ی
کوردستانی
ئێران
sazmanixebat

سەرنجێک لەسەر شەری غەزە و ئیسراییل!

سەرنجێک لەسەر شەری غەزە و ئیسراییل!

عەلی بەهرامی

عەلی بەهرامی

دوانیوەڕۆی دووشەممە 20ی بانەمەڕی 1400ی هەتاوی، بۆ جارێکی دیکە پەلاماری مووشەکی حەماس و جیهادی ئیسلامی بۆ سەر خاکی ئیسراییل دەستی پێ کردەوە، لە بەرامبەریشدا ئیسراییل هێرشی کردە سەر نەواری غەزە و بۆردومانی ئەو شوێنانەی کرد کە حەماس و جیهادی ئیسلامی لێی جێگیرن. لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا تا ئێستا 56 کوژراو 350 بریندار لە غەزەییەکان و کوژراوێک و چەند ئیسراییلیش بەهۆی مووشەکەکانەوە بریندار بوون.
پرسی فەلەستین یەکێک لە پرسە جیهانیەکانە و ساڵانێکە بێ چارەسەر ماوەتەوە، سەرنەکەوتنی پرسی فەلەستینیەکان هۆی زۆری هەیە بەڵام ئەوەی لە ئێستادا پێویستە زیاتر پەنجەی لەسەر داندرێ ئەوەیە کە وێڕای ئەوەی فەلەستینیەکان مافی خۆیانە وەڵاتیان هەبێ و ڕازیبوونێکی نێونەتەوەیی بۆ دوو دەوڵەتی ئیسراییل و فەلەستین بوونی هەیە و لە کۆری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا دیانی پێدانراوە. بەڵام لایەنی فەلەستینی لە کۆنەوە بەو قەرارە رازی نەبوون، بەتایبەت حەماس و جیهادی ئیسلامی بە دەسیسەی دەرەکی زیاتر کێشەیان بۆ ئاشتی و سەرخستنی پرسی فەلەستین ساز کردووە و هەتا هاتووە هەل و دەرفەتی زۆریان لە دەست داوەو بەدرێژەدانی کێشەکەش بەشی زۆری زیانەکانیش بەشی خەڵکی سڤیلی غەزە بووە.
یەکێ لەو هۆیانەی بوونە هۆی لەدەست دانی دەرفەتەکان، پشتبەستنی حەماس و جیهادی ئیسلامی بە لایەنی دەرەکی و بەتایبەت رژیمی ئاخوندی ئێران بووە. ئەو رژیمەش تەنیا بۆ قازانجی خۆی بە کاری هێناون و پشتیوانی لە فەلەستین تەنیا ڕووکەشێک بووە بۆ گێرەشێوێنی و ئاژاوەنانەوە، بۆ ئەو مەبەستەش رژیمی ئێران بە دابین کردنی پووڵ و چەکوچۆڵ بۆ حەماس و جیهادی ئیسلامی، هەر کات بە پێویستی زانی بێ بەکاری هێناون و ئاگری شەڕ پێ خۆش کردوون، لە ئاکامدا پاشەکشەی زیاتری پرسی فەلەستینی لێ کەوتووەتەوە.
لە بەرامبەریشدا ئیسراییل وێڕای دیفاع لە خۆی لە بەرامبەر حەماس و جیهادی ئیسلامی، هاوکات ئەوندەی رێ دەستی هەبووە پەلاماری فیتنە گەورەکەی داوەو زیانی جەرگبڕی لێداوە. ئیسراییل لە سوریە تەنگی بە هێزەکانی رژیمی ئاخوندی هەڵچنیوە و زیانێکی زۆری پێگەیاندوون. هاوکات ئیسراییل ڕۆڵی هەبووە لە کوشتنی گەورە تیرۆریست قاسمی سلێمانی، فەخریزادە، زانایانی ئەتۆمی رژیم، لەکار خستنی بنکەی ناوکەیی نەتەنز و هێرشی ئەلکترۆنی بە مەبەستی پەکخستنی بەرنامەی ناوکەیی رژیم، بوونە هۆی ئەوەی کە رژیم هەرەشەی تۆڵەکردنەوە بکات و کاردانەوەی هەبێ، ئەگەرچی رژیمی ئاخوندی توانای رووبەرووبوونەوەی ڕاستەوخۆی ئیسراییلی نیە، بەڵام بەناوی تۆڵەکردنەوە لە ئیسراییل بە رێگەی تاقم و گروپە تیرۆریستەکانەوە، لەدوای جەژنی ئورشەلیم و ڕۆژی قودس!
ئەم ئاگرەشی هەڵگیرساند و خەڵکی سڤیلی غەزەی تووشی نەهامەتی و کارەساتی زیاتر کرد.
ئەوەی لە غەزەی و ئیسراییل روو دەدا جێی داخی هەموو وێژدانێکی زیندووە، بەڵام خاڵی جێی سەرنج هەڵوێستی تاکی کوردە لە سەر رووداوەکانی فەلەستین و ئیسراییل! زۆر کەس تەنیا لە ڕووی تەعەسوبی دین یان هەندێ لە ڕووی نەیاریان بۆ دین، یان کەسانێک بە هۆی هەندێ هەڵوێستی سیاسی لایەنەکانی دەرگیر، بە گەرمی پشتیوانی دەکەن یان ئەوەی بەتوندی دژن. بە ڕای من فەلەستینیەکان مافی خۆیانە بەدوور لە دەستی دەرەکی بەشێوە رێگەپێدراوەکان خەبات بکەن بۆ هاتنەدیی مافەکانیان. بەڵام ئەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی دەیکەن نەک خەبات نیە بۆ چارەسەری پرسی فەلەستینیەکان، بەڵکوو بە کردەوە بوونەتەوە جێبەجێکاری بەرنامە و ئەجیندای رژیمی ئاخوندی، بەو شێوە کارکردنەشیان جوێ لە قوربانی مرۆیی و زیانە مادیەکان لە غەزە، هیچ ئاکام و نەتیجەیەکی سیاسی پۆزەتیڤ و ئەرێنیان بۆ پرسی فەلەستین وەدەست نەهێناوە، بە پێچەوانەوە پشتیوانی نێونەتەوەیی و ناوچەییان زیاتر لەدەست داوە و پشتیوانەکانی دوێنێی پرسی فەلەستین ئەورۆ دۆستی نزیکی ئیسراییلن و بوونەتە خاوەن بەرژەوەندی و قازانجی هاوبەش و فەلەستین ئەو سەنگ و قورساییەی لە ساتو سەودا سیاسیەکاندا نەماوە.
خۆ کردنە تەرەف لە ڕووداوێکی وەک شەڕ و تێکگیرانی ئیسراییل و فەلەستین کە هیچ قازانج و بەرژەوەندیەکی بۆ پرسی نەتەوەیی کورد و بزوتنەوەکەی نیە، لە لایەک فوکوسمان لەسەر پرس و خەباتە نەتەوەییەکەی خۆمان و دژایەتی رژیمی ئێران کەم دەکاتەوە و لەلایەکی دیکە هێزی مرۆییمان ئەوندەی دیکە دابەش دەبێ.
فەلەستینیەکان ئەگەر یەک دژمنیان هەیە ئێمەی کورد چوار حکومەت بە هەموو توانا و بە هەر شێوەیەک بۆیان دەست دەدا دژایەتیمان دەکەن. جا بۆیە کورد پێویستە بەو کەرەستە و توانایەی هەیەتی خۆی بۆ پرسەکەی خۆی تەرخان بکات، هاوکات نەک بەسەر دین و مەزهەب و ئەفکاردا دابەش نەبین، بەڵکوو لەگەڵ رێز بۆ دین و مەزهەب و ئەفکاری خەڵکەکەمان، قازانجە نەتەوەییەکان و بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی کوردستان خاڵی هاوبەش و کۆکەرەوەمان بێ.
کۆتا خاڵ ئەوەیە کە پرسی فەلەستین دەتوانێ دەرسێکی گرینگمان بداتێ ئەویش ئەوەیە کە خەبات و شۆرشی هەر نەتەوەیەک پشتی بە لایەنی دەرەکی بەست، نەک هەر سەرکەوتوو نابێ، بەڵکوو دەبێتە زیان بۆ خاک و خەڵکەکەی.


3 ساڵ و 6 مانگ و 10 ڕۆژ و 23 کاتژمێر و 11 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

سەرنجێک لەسەر شەری غەزە و ئیسراییل!

سەرنجێک لەسەر شەری غەزە و ئیسراییل!

په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

په‌یوه‌ندی گرتن


ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07506206655 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504687209 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن کوردستان : 07504497138 (00964)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا     : 0767676746   (0046)
ژماره‌ی ته‌له‌فۆن ئوروپا       : 040331264   (0047)



په‌یوه‌ندی ئه‌له‌کترۆنی:



[email protected] 
[email protected]
xebatmedia@sazmanixebat.net
[email protected]om

ئۆرگانه‌کانی سازمانی خه‌بات


ڕێکخراوی ئافره‌تانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 

ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران